برایانی کۆمسیۆن، توشەرەفتان کە هاتم ئاوا بووم!؟
سەروەر عەبدولڕەحمان
دەمێکە وتومانە ئەم کۆمسیۆنی هەڵبژاردنە بێسەروبەرە، هەڵبژاردن و چارەنوسی نەخشەی سیاسی ولاتێکی بەدەستەوەیە، بەلام ئیش و کارەکانی پڕە لە هەڵەو کەموکوڕی، لێرەدا قسە لەسەر ساختەکارییەکان و گەندەڵیەکانی تری و دەسکاری دەنگەکانی کاندیدەکان ناکەم کە بابەتێکی ترە.
ئەوەی مەبەستمە ئەوەیە وەک هەر هاولاتیەکی تر بەدەم بانگەوازی کۆمسیۆنەوە چووم بۆ دەرکردنی کارتی بایۆمەتری، لە ڕۆژی (28/12/2016) چوم پەنجە مۆرم کرد و بەلگە کانم پێدان، لە بری ئەوەی کارتەکەم بێتەوە لە ڕۆژی (14/6/2017) پێیان ڕاگەیاندم سەردانیان بکەمەوەو گوایە ناوەکەم هەڵەیە، دووبارە ڕێکارەکانم ئەنجامدایەوە، دوای ساڵێک چاوەڕوانی و دواکەوتنی کارتەکەم ئەمڕۆ (18/4/2018) بەمەبەستی وەرگرتنەوەی کارتەکەم سەردانی کۆمسیۆنم کردەوە، بەڵام کاتێ کارتەکەیان دۆزیمەوە سەیر بوو، نە ناوەکەم چاک کرابوویەوەو نە تەمەنەکە هی من بوو و نە ژمارەی کۆبۆنەکە و لەوەش سەیرتر لە بری وێنەی خۆم وێنەی ئافرەتێکیان لەسەر کارتەکە دانابوو!
کاتێک پرسیارم لە فەرمانبەری کۆمسیۆن کرد چارەم چیە؟ بەڕێزیان وتیان دەبێ ئەم کارتە سێ بارە بنێرینەوە بەغدا بۆ ئەوەی بیگۆڕن و تازە فریای ئەو هەڵبژاردنە ناکەوێت، وتم ئەی بۆ دەنگدان چی بکەم؟ خۆ من کارتە کۆنەکەشم لەلایەن کۆمسیۆنە، وتی بەداخەوە تۆ لەم هەڵبژاردنەدا مافی دەنگدانت نیە!
من لەو بێسەروبەرەییە تێناگەم، کێ مافی من دەگێڕێتەوە؟ لەکۆتاییدا ئەو نوکتەیەم هاتەوە یاد:
جارێکیان سەربازێک دەچێ بۆ حەمام، خۆی ڕوت دەکاتەوەو جلوبەرگ و کەلوپەلەکانی لە ژوری خۆگۆڕین دادەنێ، دەچێ بۆ ژوری گەرماو خۆی بشوا، دوای خۆشتن دێتە ژووری خۆگۆڕین، ئەڕوانێ جل و بەرگ و کەلوپەلەکانی نەماوە، بەتەنیا نیتاقەکەی پشتی و پۆستاڵەکانی ماون، ئەویش پۆستاڵەکانی لەپێ دەکاو نیتاقەکەشی دەبەستێ و دەچێتە بەردەمی کابرای حەمامچی و بەو جۆرە ڕادەوەستێ و دەڵێ: قوربان من ناڵێم شتەکانیان دزیوم، بەڵام توشەرەفت کە من هاتم ئاوا بووم؟.
منیش بە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەڵێم: سەیری ئەم کارتەم بکەن، من ناڵێم ئێوە هەڵەن، بەڵام تو شەرەفتان کاتێک هاتمە لاتان ئاوا بووم!؟
بۆیە ناچارم لە دادگا سکالاتان لە سەر تۆمار بکەم.
#18-04-2018#