ڕۆژنامەنووسانی ئازیز
ئەمڕۆ لێرە کۆبوینەتەوە بۆ ڕێزگرتن لە (120) ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردی، بۆ یادکردنەوەی مێژوو، سیمبوڵ و ڕێنسانسێک و شۆڕشێکی ڕاگەیاندن، فکری، نیشتمانی و نەتەوەیی لەسەر دەستی میقداد مەدحەت بەدرخان و بنەماڵەکەی، بە دەرچوونی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردستان لە 22 نیسانی 1898.
ئەم ڕێنسانسە فەرهەنگییە لە هەلوومەرجێکدا خۆی ڕاگەیاند، کە وڵاتانی زلهێز و نەیارانی گەلی کورد لەوپەڕی بەهێزیدا بوون، یان لەلایەن دەوڵەتە زلهێزەکانەوە پشتیوانی سیاسی و سەربازی، تەنانەت فەرهەنگی و ڕۆژنامەوانیش دەکران.
بەڵام لەو هەلوومەرجە دژوارەی سەردەمی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی و سەفەوی، سەردەمی ترس و فۆبیا و خەفەقانی ئەواندا، نەک ڕێگەیان نەدەدا کورد تەعبیر لە خواستەکانی خۆی بکات، تەنانەت بە دەیان نوسەر، ڕۆشنبیر و سیاسی کوردیان تیرۆر کرد و تەنانەت هەوڵی تیرۆرکردنی میقداد بەردخانیان دا بۆیە بە ناچاری پەنای بردە بەر دەرەوە و لە تاراوگە ڕۆژنامەکەی دەرکرد.
ڕۆژنامەنووسانی ئازیز و خۆشەویست
بەڵام ئەم هەوڵانەی وڵاتانی داگیرکار بەرامبەر گەلی کورد، هەرگیزاو هەرگیز بە ئێستاشەوە نەیتوانی و ناتوانێ ئەم خەون، خولیا و مافە سادە بۆ ژیان و تێکۆشان و ڕۆژنامەوانی و ئازادی لێ زەوت بکات و لێ بسێننەوە، باشترین بەڵگە و فاکت، هەر ئەو ئامادەگییەی ئێوەیە لەم مەیدانەدا، ئەو ئەفراندنەیە، کە ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران لە دوای ڕاپەرین بونیادیان ناوە بە دەرکەوتنی، ئەو سەدان کەناڵە، کە لە هەرێمی کوردستان پەخش دەکەن و ئەو هەزاران ڕۆژنامەنووس و میدیاکارانەیە، کە ڕۆڵی گەورەیان هەبوو لە فەراهەمکردنی ئازادیدا.
ڕۆژنامەگەری کوردی ڕۆڵی گەورەی بینیوە و هەنگاوی گەورەی ناوە لە پراکتیزەکردنی دیموکراسی و فەراهەمکردنی ئازادیدا و یەکێک بوە لە پایەکانی دیموکراسی و فەراهەمکردنی خواستەکانی خەڵک.
بەڵام ئەوەش ڕاستە، کە هێشتا یاساکانی کاری ڕۆژنامەنوسی ژمارە (35) ساڵی 2007 و یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری ژمارە (11) ساڵی 2013، یاسای مافی خانەنیشینی ڕۆژنامەنووسان جێبەجێنەکراوە و کاری ڕۆژنامەنووسی وەکو پیشە سەیر ناکرێت و بە حرفیەیی نەکراوە.
هێشتا تیرۆری ڕۆژنامەنووسان بەردەوامە و بکوژەکانیان دیاری نەکراون و بە سزای تاوانەکانیان نەگەیشتوون، خوێنی بە ناحەق ڕژاوی (عەبدولستار تاهیر شەریف، سۆران مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، کاوە گەرمیانی، ویداد حوسێن) ونە و بکەرانیان مەعلوم نین، وەڵامێک بە خانەوادە و کەسووکاری چاوەڕوانی ئەم قەڵەمە ئازاد و ئازادانە نییە.
هێشتا ئاماری پێشێلکارییەکان مایەی نیگەرانییە و ساڵ بە ساڵ ڕێژەکانیان زۆرتر و زیاتر کەڵەکە دەبن و ڕێگری و ئاستەنگ لەم ناوچە یان ئەو ناوچە بۆ ڕۆژنامەنووسان دێتە پێش و ڕێز لە پیشەی ڕۆژنامەنووس ناگیرێت.
ئامارەکان دەڵێن لە #01-01-2008# تا 22/4/2018 (1383) پێشلێلکاری بەرامبەر زیاتر لە (1000) ڕۆژنامەنووس ئەنجامدراون، بەبێ ئەوەی کەمترین کەس و لایەنی پەیوەندیدار سزا درابن، ئەمەش ساڵ بە ساڵ نیگەرانی ئێمە لە وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە ئەمنییەکان زۆرتر دەکات.
ڕۆژنامەنووسانی ئازاد و خاوەن قەڵەم
ئەنجوومەنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان، نیگەرانە لەو پێشێلکاریانە و بەتایبەتی بەمدواییە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی مامۆستایان لە هەرێمی کوردستان ڕوویدا، بەتایبەت لە شاری هەولێر زۆرترین پێشێلکاری ڕوویدا و سوکایەتی بە بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان کرا.
بۆیە بەڵێن دەدەین بەردەوام لە پشت خواست و داواکانتانەوە بین بۆ پاراستنی مافەکانتان و بەدیهێنانی ئازادی و زۆرتر و فەراهەمکردنی خواست و داواکارییەکانتان.
کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و میدیاکارانی بەڕێز
ئەمساڵ لە کاتێکدا یادی (120) ساڵەی ڕۆژنامەگەری دەکەینەوە، کە خەریکی بانگەشەی هەڵبژاردنین بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
بۆیە جیالەوەی پێویستە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و میدیاکاران بەپێی پرەنسیپەکانی کاری ڕۆژنامەوانی مامەڵە بکەن و ڕێز لە فکر و ئایدۆلۆژیای جیاواز یەک بگرن، پێویستە هانی خەڵکی کوردستان بدرێت وەکو پرسێکی نیشتمانی و نەتەوەیی سەیر بکرێت و لە هەمانکاتدا لەسەر حکومەتی عێراق و هەرێم و لایەنەکان پێویستە ڕێز لە میدیاکاران بگرن و هاوکاریان بکەن و پێشێلکاریان دەرهەق ئەنجام نەدەن، بەتایبەت لە ڕۆژی دەنگداندا، کە ئەزمونێکی خراپمان هەیە لە مامەڵەی دەزگا ئەمنییەکانی بەغدا و هەولێر لەگەڵ ڕۆژنامەنووساندا.
ڕۆژنامەنووسانی بەڕێز
بۆ چارەسەری گرفتەکانی بەردەم ڕۆژنامەنووسان لە کوردستان داوا دەکەین، بە پەلە کۆنگرەی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان شەفاف و ڕوون ببەسترێت بۆ چاکسازی لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسان.
هیوادارین یادی (120) ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردی، ببێتە سەرەتایەکی باشتر بۆ کوردستان و بەتایبەتی بۆ ڕۆژنامەنووسان و بۆ چاککردنی بارودۆخی سەندیکاکەتان.
بەرز و بەڕێز بێت یادی (120) ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردی
ئەنجوومەنی #سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان#
#22-04-2018#