رۆژی 12ی ئایار خەڵکی عێراق بۆ چوارەم جار لە 15 ساڵی ڕابردوودا دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و چارەنووسی 329 کورسی پەرلەمان و کابینەی داهاتووی حکومەتی عێراق دیاری دەکەن. ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی (CSIS) لە لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانیدا پێشبینییەکانی خۆی بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و بەشداریی خەڵک و لێکەوتەکانی دەخاتەڕوو.
$رێژەی بەشداری نزم دەبێ$
لە بەشێکی ڕاپۆرتەکەدا باس لە ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکەدا دەکرێ و دەڵێت 60%ی کورد ئامادەن بەشداریی دەنگدان بکەن. ڕێژەی بەشداری عەرەبە سوننەکانیش دەگاتە 60%. بەڵام تەنیا 51%ی شیعەکان ئامادەییان دەربڕیوە لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەدا دەنگ بدەن. بەو جۆرەش پێشبینی دەکات ڕێژەی گشتیی دەنگدان تەنیا 55% بێت.
$بۆچی دەنگ نادەیت؟$
بەشێکی ڕاپۆرتەکەی (CSIS) تەرخانە بۆ پرسیاری بۆچی بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەی؟. لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا 56%ی کورد گوتوویانە: هەڵبژاردنەکان هیچ ئامانجێک ناپێکن، 21%ی بەشداربووان دەڵێن: بەربژێرەکان چاویان لە بەرژەوەندییەکانی خۆیانە. لە کاتێکدا 6.3%ی بەشداربووان ڕایان وایە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە پێشوەخت دیارە. هەر لەو ڕووەوە 66٪ی عەرەبی سوننە و 58٪ی عەرەبی شیعە وەهای دەبینن کە هەڵبژاردنەکان هیچ ئامانجێک ناپێکن، هەروەها 28٪ی عەرەبە سوننەکان و 30٪ی عەرەبە شیعەکان وای بۆ دەچن کە بەربژێرەکان چاویان لە بەرژەوەندییەکانی خۆیانە، لە کاتێکدا 4.4٪ی عەرەبە سوننەکان و 6.1٪ی عەرەبە شیعەکان پێیانوایە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە بەشێوەیەکی پێشوەخت دیارە.
$دەنگ بە کێ دەدەیت؟$
ئەم بەشەی ڕاپۆرتەکە بەسەر دوو دەستەدا دابەشکراوە، دەستەی یەکەم بەپێی ژمارەی هەموو ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە، دەستەی دووەم بەپێی ژمارەی ئەوانەی بە دڵنیاییەوە دەنگ دەدەن. بەو پێیەش دوو پێشبینی هەتا ڕادەیەک جیاواز بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و ژمارەی دەنگی هەرکام لە لایەنەکان خراوەتە ڕوو. لەو بەشەدا لەسەر بنەمای 211 کورسی، پێشبینی ژمارەی کورسی لایەنەکان کراوە کە بەو جۆرەیە:
پارتی و یەکێتی پێکەوە 18 کورسی، گۆڕان، هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری و کۆمەڵی ئیسلامی (لیستی نیشتیمان) هەشت کورسی، نەوەی نوێ 4 کورسی و یەکگرتوو دوو کورسی.
$پێشبینییەکان بۆ لیستە عەرەبییەکانیش بەو جۆرەیە:$
نەسری حەیدەر عەبادی 72 کورسی، دەوڵەتی یاسای نووری مالیکی 19 کورسی، فەتحی هادی عامری 37 کورسی، سائیرونی ڕەوتی سەدر 27 کورسی و وەتەنییەی ئەیاد عەلاوی 15 کورسی و حیکمەی عەممار حەکیم 5 کورسی.
لەو بەشەی کە فۆکەس لەسەر ئەو دەنگدەرانەیە کە یەکلابوونەتەوە، ژمارەکان هەندێک گۆڕانکارییان بەسەردا دێ و پێشبینییەکان لەسەر بنەمای 220 کورسی بەو شێوەیەیە:
پارتی و یەکێتی پێکەوە 21 کورسی. گۆڕان، هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، کۆمەڵی ئیسلامی و نەوەی نوێ هیچ گۆڕانێکیان بەسەردا نایەت. لە لیستە عەرەبییەکانیش نەسر دەبێتە 78 کورسی، وەتەنییە 14 کورسی و سائیرون 29 کورسی.
پارتە ئیسلامییەکان لە ناوچە شیعەکان لە شکاندان
لە هەڵبژاردنەکانی 2014 دا پارتە ئیسلامییەکان 89٪ ی دەنگەکانیان لە ناوچە شیعەکان بەدەستهێنابوو. پێشبینی دەکرێ لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەدا پارتە ئیسلامییەکان تەنیا 65٪ی دەنگی خەڵکی ئەو ناوچانە ببەن، 35٪ی دەنگەکانیش بۆ پارتە نائیسلامییەکان دەچێ.
$پاسەوانانی کۆن و دەموچاوە نوێیەکان$
وەک ڕاپۆرتەکە بەبیری هێناوەتەوە، لە هەڵبژاردنەکانی چوار ساڵ لەمەوبەردا 82٪ی دەنگەکان بۆ پارتە لەمێژینەکانی کوردستان چوون و 18٪ی دەنگەکان بۆ پارتە نوێیەکان چووە. بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی 2018دا چاوەڕێ دەکرێ 26٪ی دەنگەکان بۆ پارت و گرووپە نوێیەکان بێ، 70٪ی دەنگەکانیش بۆ پارتە کۆن و لەمێژینەکان و 4%یشی بۆ پارتە بچووکەکان بێ.
$سیناریۆی هاوپەیمانییەکان$
بەپێی ڕاپۆرتەکەی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی، دوو سیناریۆی پێکهێنانی هاوپەیمانی لە دوای هەڵبژاردنەکان هەن. لە هاوپەیمانێتی یەکەمدا نەسر، وەتەنییە، قەرار، سائیروون، حیکمە، هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، نەوەی نوێ و هاوپەیمانێتی عەرەبی هەن.
لە کۆی ئەو 218 کورسییەی کە ڕاپۆرتەکە وەکو بنەمای لێکدانەوەکانی خۆی وەریگرتووە، 141 کورسی بۆ ئەو هاوپەیمانێتییە دەبێ.
هاوپەیمانیی دووەم لە نێوان فەتح، دەوڵەتی یاسا لەگەڵ پارتی و یەکێتی دەبێ. ناوەندە ئەمریکییەکە پێشبینی دەکات ئەو هاوپەیمانێتییە لە کۆی 218 کورسی 77 کورسی ببات.[1]
#23-04-2018#