وەک ئەوەی تەواوی ڕای گشتی ئاگاداره، لە کوردستان قۆناغێکی سەختی شەڕ لە ئارادایە. ڕۆژانە لە باکوور، ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان هەواڵ لەبارەی شەڕ دێن. ئامانجی ئه و هێرشانە کە بە سەرکێشی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر ئەنجام دەدرێن، سەرلەنوێ داگیرکردنی کوردستان و جێبەجێکردنی سیاسەتی قڕکردنی گەلەکەمانە. دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر کە لە باکووری کوردستان لە شەڕی دژ بە گەریلادا ناتوانێت ئه و ئەنجامە بەدەستبێنێت کە دەیەوێت، ئێستاش ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان بەئامانج دەگرێت. لە بەرانبەر ئه و هەوڵانەی داگیرکاری، هێزەکانی گەریلای ئێمە و گەلەکەمان بەرخۆدانێکی مێژوویی دەکەن. بێگومان لەم بەرخۆدانەدا شەهیدبوونیش دەبێت.
ئه و بەرخۆدانەی لەنێو ڕیزەکانی گەریلا لە ئارادایە، بەرخۆدانی هاوبەشی هەر چوار پارچەی کوردستانە. هەستی هەموو لاوانی کورد و لاوانی کوردی ئازاد لە هەموو شار و شارۆچکەیەکی کوردستان لەنێو ڕیزەکانی پەکەکەدا کۆبووەتەوە. هەر لاوێکی کورد کە هاتۆتە نێو ڕیزەکانی پەکەکە بۆ پاراستنی گەلی ئێمەی هەر چوار پارچه ڕوویان کردۆتە چیاکانی کوردستان. هەڤاڵێکی ئێمە کە لەم پێناوەدا شەهید دەبێت، دەبێتە بەهای پیرۆزی گەلی ئێمە. لە هەر شوێنێک بێ، هەر مرۆڤێکی ئێمە کە لەپێناو ئازادیی گەلەکەمان تێکۆشان دەکات و شەهید دەبێت، دەبێتە بەهای پیرۆزی ئێمە.
ڕەفتاری هێزەکانی ئاسایشی حکوومەتی باشوور لە بەرانبەر شەهیدان قبووڵ ناکرێت
ڕەفتاری ڕۆژانی ڕابردووی هێزەکانی ئاسایشی سەر بە حکوومەتی باشووری کوردستان لە بەرانبەر شەهیدەکانمان و خانەوادەکانیان، قبووڵ ناکرێت. ڕەفتاری ڕێگەنەدان بە مەڕاسیمی سەرەخۆشیی هەڤاڵمان دەمهات زندان (دەمهات ئەحمەد) کە لە هێرشی 22ی مارسی دژ بە مەیدانی وەرخەلێ-ی شیلادزێ شەهید بوو، قبووڵ ناکرێت.
لە هەر کۆمەڵگەیەکدا ڕێز له و مرۆڤانە دەگیرێت کە ژیانی خۆیان لەدەست دەدەن، جا ئه و مرۆڤە هەر کەسێک بێت. بەڵام هێرش کردنە سەر کەسێک کە لە تەمەنی لاوێتیدا لەپێناو گەلەکەی خۆی فیدا کردووە و دەبێت لە ئاستێکی بەرزتردا ڕێزی لێ بگیرێت، واتای هەیە. هێرشکردنە سەر پرسەی سەرەخۆشیی هاوڕێیەکی ئێمە له و شارانەی لەژێر کۆنتڕۆڵی حکوومەتی باشووری کوردستاندان، گومان لای مرۆڤ دروست دەکات.
هێزەکانی گەریلا باشووری کوردستان دەپارێزن
لە کاتێکی وەهادا کە لە بەرانبەر بەهاکانی گەلی کورد ئه و هەموو هێرشە دەکرێن و پێویستی بە یەکێتیی کوردان هەیە، زەخت لە بەرانبەر شەهیدەکانمان کە لەپێناو گەلەکەیان، خۆیان فیدا کردووە گومان لە لای تەواوی گەلەکەمان دروست دەکات. لە کەسایەتی خانەوادەی شەهیدەکانی ئێمەدا، هێرش کردنە سەر گەلەکەمان و بەهاپیرۆزەکانمان لە لایەن ئەوانەی لە بەرانبەر دەوڵەتی تورکیای فاشیست کە دەیەوێت باشووری کوردستان داگیربکات دەنگ دەرناخەن، گومان دروست دەکات. کاتێک چەتەکانی داعش لە بەرەی کەرکووک-شەنگال-مەخموور هێرشی کردە سەر باشووری کوردستان، ئەوانەی بەبێ دوودڵی دەستێوەردانیان کرد و چەتەدڕندەکانیان وەستاند، گەریلاکانی ئێمە بوون. هەروەها ئەوانەی باشووری کوردستان دەپارێزن لە بەرانبەر دەوڵەتی فاشیستی تورکیا کە لە هەر دەرفەتێکدا لەپێناو داگیرکردنی باشووری کوردستان هێرش و ئۆپەراسیۆن دەکات، هێزەکانی گەریلای ئێمەن. هەر وەک چۆن تا ئێستا کراوە، لەمەودواش لە بەرانبەر ئه و هێرشانەی دەکرێنە سەر باشووری کوردستان، ئێمە لە بەرەکانی پێشەوە شەڕ دەکەین.
خاوەنداریکردن لە گەریلا، ئەرکی سەرەکیی وەڵاتپارێزانی کوردە
لە ڕۆژی ئەمڕۆدا، خاوەنداریکردن لە گەریلا کە بووە بە هێزی سەرەکیی پاراستنی گەلی کورد، ئەرکی سەرەکیی هەر کوردێکە کە بەخۆی دەڵێت وەڵاتپارێز. خاوەنداریکردن لە گەریلا و شەهیدەکانمان، خاوەنداریکردنە لە تێکۆشانی ئازادی. نابێ لەبیری بکەین هەر هەڤاڵێکمان کە لەنێو ڕیزەکانی گەریلا شەهید دەبێت، میراتێکی گەورەی ئازادی بۆ ئێمە بەجێدەهێڵێت. خاوەنداریکردن لەم میراتە و بەدیهێنانی ئازادیی گەلی ئێمە ئەرکی سەرەکیی ئێمەیە.
#23-04-2018#