پاش ئەوەی سێ (3) تێکۆشەر لە مانگی 6/2017 دا بە ناوی سەباح حوسەین پەناهی، حامید سەیف پەناهی و بەهزاد نوری لە هێرشێکی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گیانیان بەخت کرد، هەروەها ڕامین حوسەین پەناهی ش بە برینداریی دەست کۆماری ئیسلامیی کەوت و ماوەیەک چارەنووسی نادیار بوو کە دیارە لە ژێر فشاری شکەنجە و تیرۆردا بوو.
لە نزیکەی چل (40) ساڵی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامیی ئێران وەکوو حکومەتێکی دیکتاتۆری کۆنەپەرست خەڵکانی ئێرانی دووچاری چەوساندنەوەی جیاوازی نەتەوەیی و چینایەتیی و هاووڵاتیی کردووە، و بەتایبەتیی لە سەر کوردستان وەکوو داگیرکەرێک هەموو جۆرێک لە توندوتیژیی بەکار دەهێنێت لەوانە شکەنجە و سزای لە سێدارەدان و تەنانەت نەدانەوەی تەرمی ئەو گیانبەختکردووانە.
لە ئێستادا ژمارەی زۆرینەی زیندانیانی سیاسیی لە ئێران خەڵکی کوردن. ڕای گشتیی ئێرانیی و جیهانییش دەزانن کە هەرە زۆرینەی ئەو کەسانە چالاکوانانی بواری دیموکراسیی و ئازادیی کۆمەڵگان و هیچ تاوانێکیان نەکردووە.
لە 25/2/2018 دا فەرمانی لە سێدارەدانی ڕامین حوسەین پەناهی دەرکرا و بەو بۆنەوە خانەوادەکەی و خەڵکی کوردستان و هەروەها ئازادیخوازانی ئێران تەواو نیگەرانن چونکە ئەو حوکمە ناڕەوایە، نایاساییە و دڵنیایی لە سەر بێدادیی و زوڵم و زۆری کۆماری ئیسلامیی دەکاتەوە.
سەرەڕای هاواری مرۆڤیانەی خانەوادەکەی و خەڵکانی دڵسۆزی دیکە لە کوردستان و لە ئێران، ڕژیمی ئێران بێخەم و بێدەربەست هیچ جۆرە وەڵامێک بەم بانگی ئازادیخوازیی و مرۆڤپەروەریی و ئاشتیخوازییە ناداتەوە.
#کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان#/ ک ن ک بە هەموو شێوەیەک پشتگیریی لە زیندانیانی سیاسیی کورد و نەتەوەکانی دیکە لە ئیران دەکات و داوا دەکات کە کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆتایی بەو سیاسەتە دژ بە مرۆڤایەتیە بهێنێت. مێژووی تێکۆشانی ئازادیخوازیی نیشانی داوە کە سەرکوت و وەحشیگەریی ناتوانێت بەر بە بانگ و تێکۆشان بۆ ئازادیی و بۆ نان و بۆ سەروەریی یاسا و بۆ ژیانێکی ئازاد بگرێت.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان/ ک ن ک داوا لە کوردستانیان و ئێرانیەکان دەکات کە لە سەر ناڕەزایی و خۆپیشاندان و چالاکیی سیاسیی بەردەوام بن و ڕووی ڕاستەقینەی کۆنەپەرستیی و زەبرخوازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە قاو بدەن. هەروەها داوا لە حیزبەکانی کوردستان، بەتایبەتیی ڕۆژهەڵات لەم بارەوە، دەکات کە لانی کەم پلاتفۆرمێکی هاوبەش بۆ پشتگیریی لە زیندانیانی و بۆ پەیداکردنی هاوپشتیی و هاوسەنگەریی لەگەڵ خۆیان و خانەوادەکانیان ساز بکەن.
ئێمە دڵنیاین ڕێگای ئەوان پڕ ڕێبوار دەبێت و دەزانین کە کۆتایی داگیرکەریی بە شکستی گەورەوگران تەواو دەکەین. کوردستانیان دەزانن کە یەکیەتیی نەتەوەیی، بەهێزکردن و توندکردنی شیرازەی خەباتی ئازادیخوازانە و پێشکەوتووخوازیمان تاکە زامنی سەرخستنی ئامانجمانە، لەبەرئەوە دەبێت یەکیەتیی نەتەوەییمان بەهێز بکەین و کۆتایی بە سیاسەتی ناوچەگەریی و حیزبایەتیی بەرتەسک و بەرژەوەندیی کەسیی بهێنین.
کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ک ن ک
#20-04-2018#