دواڕۆژ، #ڕێژنە عەلی#
رێکخراوێکی تایبەت بە هەڵبژاردن ئاشکرای دەکات، لە هەفتەی یەکەمی بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی 124 پێشێلکاری تۆمارکراون.
ئارام جەمال، بەڕێوەبەری پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، لەماوەی هەفتەی یەکەمی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق، لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی 124 پێشێلکاری لەلایەن تیمەکانیان تۆمارکراون کە بەشی زۆری سەرپێچییەکان بریتی بوون لە هەڵواسینی فلێکس بەماددەی لکێنەر و لە شوێنی ڕێگەپێنەدراو وەکو پرد و دەزگا حکومی و ڕەسمییەکان، لەگەڵ هەندێک سەرپێچی کە ترساندن و ڕێگەگرتن بوون.
ناوبراو ئاماژەی به و لایەنانەش کرد کە له و ماوەیەدا سەرپێچییەکانیان لە هەولێر و سلێمانی ئەنجامداوە، ئەوانیش (یەکێتی 52، هاوپەیمانی 21، پارتی 15، شیوعی 14، گۆڕان 12، نەوەی نوێ 5، ڕەوتی حیکمە 3، سۆسیالیست 1 و تحالف القرار العراقی 1).
رۆژی 14ی نیسان بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق لە پارێزگاکانی عێراق و 15ی نیسانیش لە کوردستانی دەستیپێکردووە و ڕۆژی 10ی ئایار کۆتایی دێت، ڕۆژی 12ی ئایاریش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە.[1]
#25-04-2018#