مێژووی نزیکەی 40 ساڵەی کۆماری ئیسلامیی ئێران مێژووی کوشتن، ڕاوەدوونان، زیندانیکردن و ترساندنی گەلانی ئێرانە بە تایبەتیی دژ بە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە هەمیشە ناوەندی ئازادیخوازیی بووە. هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی هاتنەسەرکاری دەسەڵاتداران فەتوای بنبڕکردنی کورد دراوە. بە ڕوونیی دەرکەوتووە کە بانگەشەی جیاواز سەبارەت بە گوایا باڵی ڕیفۆرمخواز لە ناو بازنەی دەسەڵاتدا قسەی مفت و ساختەچیەتیی سیاسییە و درێژەی ئەو سیاسەتەیە. دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی هەموو لەو چەوساندنەوەیەدا بەشدارن کە دژ بە گەلانی ئێران ئەنجامیان داوە.
رژێمی داگیرکەری ئێران سەرەڕای ئەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کردووە بە سەربازگەیەکی گەورە و بە بنکەی ئیتلاعات و پاسدار و بەسیج، بنەمای ئابووری کوردستانیشی خاپوور و وێران کردووە. نەک هەر لە هیچ ڕوویەکەوە بایەخ بە بووژاندنەوەی ئابووریی لە کوردستان نا دا، بەڵکو بێکاریی و بە ئەستەم دابینکردنی بژێوی ژیانیشی لە خەڵک قەدەغە کردووە و هەر ڕۆژەی بە بیانوویەک هێرش دەکاتە سەر خەڵکی کوردستان. ئەم سیاسەتی بێکارکردن و برسیکردن و قەرزدارکردنە پایەیەکی ستراتیژیی سیستەمی داگیرکەرییە.
ناچارکردنی کرێکار و زەحمەتکێشانی کورد کە سەدان کیلۆمەتر لە زێدی خۆیان بۆ پەیداکردنی کاری کاتیی و وەرزیی دوور بکەونەوە و بۆ قووڵایی ئێران بڕۆن، بەشێکی ئەو سیاسەتەیە. لەو ڕووانگەیەوە کاری کۆڵبەرایەتیی کاسپیەک نییە کوردستانیان هەڵیان بژاردبێت، بەڵکو زەحمەتکێشیی و ڕەنجدانێکە کە بەسەریاندا سەپێنراوە. لەگەڵ ئەوەشدا تورکیا و ئێران مۆری قاچخچیەتیی، بە ئامانجی بەدناوکردن و سووکایەتیی پێکردن و پاشان بەنایاساییکردن، لێ دەدەن. ژمارەی کوشتن و تیربارانکردنی کۆڵبەران ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیاد بووندایە. سەرەرای بانگی ئاشتیانەی کورد، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەر ئەم دەستدرێژیی و پێشێلکاریانەی مافی مرۆڤ بەردەوامە. ئێستا کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەندێک شوێنی دیکەی ئێران نارەزاییەکی تا ڕادەیەک جەماوەریی بە نیشاندانی ″سفرەی خاڵیی‟ بە خۆوە دەبینێت، وەڵامدانەوەیە بە سیاسەتی بێکارکردن و برسیکردنی کۆماری ئیسلامیی.
#کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان# بە توندیی دڕندەکاریی کۆماری ئیسلامیی دژ بە کۆڵبەران شەرمەزار دەکات و پشتگیریی لەو ناڕەزاییە بەریینە دەکات کە بە نیشاندانی ″سفرەی خاڵیی‟ پێ دەنێتە یازدەهەمین ڕۆژی خۆی و خەڵکان داوای خۆیان بۆ ئاشتیی و نان و ئازادیی دەردەبڕن. ئەو جۆرە لە نیشاندانی ناڕەزاییەتیی ساکارترین شێوەی دەربڕینی مرۆڤی سەربەرزە بۆ ژیانێکی ئاسوودە کە مافی ڕەوای خۆیەتی.
دژایەتیکردن و بەگژداچوونەوەی ئیرادەی ئازاد و شانازیی خەڵکی کوردستان و خەڵکانی دیکەی ئێران ماهیەتی بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی نیشان دەدات.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان/ ک.ن.ک داوا لە کوردستانیان لە هەر شوێنێک هەن دەکات کە خاوەنداریەتی لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن و برەو بە یەکیەتیەکی نەتەوەیی پتەو بدەن. یەکیەتیی نەتەوەیی کاریگەرترین چەکی دەستمانە بۆ وەڵامدانەوە بە داگیرکەریی و بۆ بونیادنانی کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک و پلورالیست کە ئەویش زامنی ئابووریەکی شەفاف و ڕێکخستنی کۆمەڵگایەکی هۆشیارە کە دەتوانێت بەرابەریی و دادوەریی کۆمەڵایەتیی تیادا بەرکەماڵ بێت.
کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان
#25-04-2018#