لە پێناو ئازادیدا:-
کەمپەینی ئازادی بۆ دکتۆر #فەرهاد پیرباڵ#
بۆ/
ڕای گشتیی کوردستان
میدیاکان
رێکخراوه مرۆڤدۆستەکان
رۆژی 11ی ئاداری ڕابردوو، دکتۆر فەرهاد پیرباڵ، نووسەر و مامۆستای زانکۆ، به تۆمەتی ناوزڕاندنی دام و دەزگای حکومی و به مادەی 226ی یاسای سزادانی عێراقی لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوه دەستگیر دەکرێت.
دواتر بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند که دکتۆر فەرهاد له شوێنێکی پارێزراوه و چارەسەری پزیشکی بۆ دەکرێت. بەڵام بەگوێرەی ئه و زانیارییانەی بەدەست ئێمه گەیشتووه سەرلەبەری ئەوراگەیاندنەی بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر نادروستە.
دکتۆر فەرهاد پیرباڵ خراوەته ژوورێکی تاکەکەسی له یەکێک له بەندیخانەکانی هەولێر و ئازاری دەروونی زۆر دراوه.
چەندین جار بنەماڵەکەی، بەتایبەت کچ و کوڕەکەی داوایان کردووه کە لە بەندیخانە سەردانی بکەن، بەڵام داواکانیان لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوه ڕەت کراونەتەوه.
له و کاتەشەوه که دەسگیرکراوه، پۆلیسی هەولێر هیچ زانیارییەکی بەڵگەدار و ڕوونی لەسەر دۆخی تەندروستیی دکتۆر فەرهاد بڵاو نەکردۆتەوه> تا مانگێکیش دوای دەستگیرکردنەکەی نەیدەهێش کەس سەردانی بکات و لە نزیکەوە چاوی پێی بکەوێت. ئەمەش نیگەرانی لای بنەماڵەکەی و منداڵەکانی و هاوڕێکانی زیاتر کرد. لەکاتێکدا هەموو بەندکراوێک مافی ئەوەی هەیه که هەفتانه کەس و کارەکەی له بەندیخانه سەردانی بکەن. بەڵام دوای مانگ لە دەستگیر کردنی دکتۆر فەرهاد ڕێگە بە کچەی درا کە سەردانی بکات.
زانیارییەکان باس له تێکچوونی دۆخی تەندروستی دکتۆر فەرهاد دەکەن، ئەمەش کاریگەریی کردۆته سەر جەستەی و دەروونی.
ئەگەر دکتۆر فەرهاد دۆخی دەروونی تێکچووە(وەک پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاندووە) پێویستە بخرێتە نەخۆشخانەوە و لە ژێر چاودێری پزیشک دابێت، نەک بخرێتە بەندیخانەی تاکەکەسییەوە.
بۆیه ئێمه وەک ڕۆژنامەوانان و نووسەرانی کورد له کوردستان و دیاسپۆرا، جگه لەوەی ڕای گشتیی ناوخۆی کوردستان و دەرەوه و وەزارەتەکانی دەرەوەی ئەمریکا و فەڕەنسا و کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوه یەکگرتووەکان و ڕێکخراوه مرۆڤدۆسته جیهانییەکان له دۆخی دکتۆر فەرهاد پیرباڵ ئاگاد دەکەینەوه، داوا له دەسەڵاتی دادوەری هەرێمی کوردستان دەکەین که بە ئەرکی خۆی هەڵبستێت و به زووترین کات دکتۆر فەرهاد پیرباڵ ئازاد بکات.
له هەمان کاتیشدا حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر و وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم و ئاسایش و دەسەڵاتدارانی پارتی له هەولێر به بەرپرس له ژیان و سەلامەتیی دکتۆر فەرهاد دەزانین.
بە درێژایی زیاتر لە مانگ و نیوێک لە دەستگیر کردنی دکتۆر فەرهاد، نە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و نە یەکێتی نووسەرانی کورد هیچ هەڵوێستێکیان نەبووە کە شایانی باس بێت. بۆیە هیوادارین ئه و دوو سەندیکایە کە بڕیارە داکۆکی لە مافی نووسەران و ڕۆژنامەوانان و بیروڕا بکەن بە ئەرکی یاسایی و ئەخڵاقی خۆیان هەڵبستن لە بەرامبەر دۆسیەی فەرهاد پیرباڵ و هەوڵی ئازادکردنی بدەن.
داواش له هەموو ڕۆژنامەوان و میدیاکان و نووسەران دەکەین که بێدەنگ نەبن لە ئاست ئه و پێشێلکارییەی دەسەلاتدارانی هەرێمی کوردستان و هەڵوێستی مرۆڤدۆستانەیان هەبێت.
#26-04-2018#