هیچ پاساوێک بۆ کوشت و بڕو ڕفاندنی خۆپیشاندەران نییە
وەک هەموو ئاگادارین لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا خۆپیشاندان لە چەندان شار و دەقەری باشوری کوردستان سازکرا، کە ئامانج لێی وەرگرتنی موچە و بەدەستهێنانی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک ئاو و کارەبا هەندێک داواکاری ڕەوای تر بوو. دیارە ئاشکرایە خۆپیشاندان لە سەرجەم دەستور و جارنامە جیهانییەکانی مافی مرۆفدا مافێکی جێگر چەسپاوە.
بەداخەوە دوو حزبە سەرەکییەکەی دەستەڵاتی باشور وەک پیشەی هەمیشەییان لە بارەگاکانیانەوە کەوتنە تەقەکردن لە خۆپیشاندەران و تا ئێستا 5 هاووڵاتی لە ڕاپەرین و یەکێکیش لە کۆیە بوونەتە قوربانی، جگە لە دەیان برینداری تر، کە زۆربەی هەرە زۆریان بە گوللەی هێزە ئەمنی و پاسەوانی بارەگاکان پێکراون.
لەکاتێکدا هیواخوازبوین خۆپیشاندەران بەهیچ شێوەیەک پەنایان بۆ شێوازی توندو تیژی نەبردایە، بەڵام بەرد فرێدان و تەنانەت سوتاندن و تێکدانی بارەگا حزبییەکانیش لە لایەن گەنجانی بێکار و موچە و بێهیوا و نائومێد لە ژیان و گوزەرانیان، هەرگیز نابێت ببێتە پاساوی تەقەکردن و کوشتوبڕ و ڕفاندنی خۆپیشاندەر و چالاکوانان. تۆمەتبارکردنی خۆپیشاندەران بە (دەستی دەرەکی) و (هاندراوانی ئەم حزب و ئەو لایەن) هیچ نییە جگە لە پاساوهێنانەوە بۆ کوشتوبڕ و ئازاردانی خۆپیشاندەران و چالاکوانان، دەستەڵاتی باشور پێویستە فێربێت گوێ لە خەڵکی ناڕازی و بێ موچە و مافخوراو بگرێت، ئەگینا چارەنوسی لە ڕژێمەکانی قەزافی و بن عەلی و موبارەک باشتر نابێت.
ئێمە وەک چاودێری کوردۆساید – چاک زۆر بەتوندی ئیدانەی ئەو کارە پڕ لەتاوانەی هێزە چەکدارەکانی یەکێتی و پارتی دەکەین کە بەو شیوازە هۆڤیانە مامەڵەیان لەگەل خۆپیشاندەران کرد و کۆمەلکوژیەکیان بۆ خەلکی قارەمانی باشور ئەنجامدا، چونکە بەپێی هەموو مافێکی مرۆیی هەموو دام ودەزگا چەکداریەکان بۆ بڵاوە پێکردنی خۆپیشاندەرانیش بوایە، دەبوایە تەقە بۆ ئاسمان بکەن و هەرگیز فیشەک بە ئاراستەی شەهییدبونیان نەکرێت.
هاوکات ئەو سەرکوت و هەڕەشە و چاوسورکردنەوانەش کە لە ناوچەی زەرد بە ئامانجی سازنەدانی گردبوونەوەی ناڕەزایی و خۆپیشاندان ئەنجام دەدرێت لە قاو دەدەین، هەرگیز دەستەڵات ناتوانێت تا سەر بەم جۆرە ڕەفتارانە دەنگی هەقوازانە و داواکارییە ڕەواکانی خەڵک پشتگوێ بخات. لامان وایە کە حکومەتی هەرێم دوای شکستەکانی ڕابردووی و بەم تاوانەش ئەوەندەی تر کەلێنی نێوان خۆی و گەلی باشوری فراوانتر کرد، بە جۆرێک خەریکە ڕەوایەتی خۆی بەتەواوی لە دەست دەدات.
بە داخەوە پارتی و یەکێتی، کە بەرپرسی یەکەمن لە نەدانی موچە و کەمتەرخەمی لە خزمەتگوزاریییەکان و لە هەمووش خراپتر لە دەستدانی زیاتر لە نیوەی خاکی باشور پێش دوو مانگێک، بەردەوام بەرامبەر خەڵکانی نارازی و خۆنیشاندەر کەلتورێکی زۆر مەترسیداری دژە دیموکراسی دەگرێتە بەر، بۆیە ئێمە بەتوندی ئەو ڕەفتارانە ئیدانە دەکەین و داوا دەکەین لێژنەیەکی بێلایەن لەدەرەوەی ئەم دوو پارتە بۆ بەدواچون بەرامبەر ئەو تاوانانە بێتە ئاراوە.
ئێمە وەک چاودێری کوردۆساید، بە وردی چاودێری ڕەوشی شارەکانی باشوردەکەین و سەرجەم تاوان و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ دەرهەق بە خۆپیشاندەران بە بەڵگەوە دەگەیەنینە پەرلەمان و حکومەتی وڵاتانی ئەوروپا و جیهان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.
لەکۆتایشدا پرسە وسەرخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی شەهیدانی خۆپیشاندانەکان دەکەین و هیوای چاکبونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین و هیوادرین خۆپیشاندەرانیش لەبڕی پەنابردن بۆتوندوتیژی بە شیوازی مەدەنیانە خەباتی جەماوەری خۆیان پەرە پێ بدەن و دەزگا ئەمنیەکانیش گیانی هاولاتیانی کوردستان بپارێزن.
چاودێری کوردۆساید – چاک
#24-12-2017#