کەریم تەمیمی، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دوای تەواوبوونی دەنگدانی تایبەت لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانیدا ڕایگەیاند، لە سەرتاسەی عێراق ڕێژەی بەشداریکردن لە دەنگدانی تایبەت 78% بووە.
تەمیمی ئاماژەی بەوە کرد کە لەکۆی زیاتر لە 900 هەزار دەنگدەر، نزیکەی 700 هەزار دەنگدەر دەنگیان داوە. ڕۆژی 12ی ئایاریش نزیکەی 22 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنی گشتیدا هەیە.
بە کۆی گشتی 943 هەزار و 639 کەس لە تەواوی عێراق و باشووری کوردستان مافی بەشداریکردنیان لە دەنگدانی تایبەتدا هەبوو. لە هەموو عێراقیش 494 بنکەی دەنگدان کە 2 هەزار و 237 وێستگەیان لەخۆدەگرت، کرابوونەوە.
لە هەرچوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستانیش (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە) 247 هەزار و 400 کەس مافی بەشداریکردنیان هەبوو، 99 بنکەی دەنگدان کە 927 وێستگەیان لەخۆدەگرت، کرابوونەوە. هەروەها لە کەرکووکیش 25 هەزار و 72 کەس مافی بەشداریکردنیان هەبوو، 15 بنکەی دەنگدان کە 126 وێستگەیان لەخۆدەگرت، کرابوونەوە.
هەروەها ڕێژەی بەشداریکردن لە کەرکووک و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان جیاوازبوو، بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێرانی ڕووداو، ڕێژەکە بەمجۆرە بووە:
- لە پارێزگای هەولێر ڕێژەی بەشداریکردن 83% بووە.
- لە پارێزگای سلێمانی ڕێژەی بەشداریکردن 69% بووە.
- لەنێو شاری دهۆک ڕێژەی بەشداریکردن 80.6% بووە.
- لە پارێزگای کەرکووک ڕێژەی بەشداریکردن 61.7% بووە.
- لە هەڵەبجەی شەهید ڕێژەی بەشداریکردن 87% بووە.
- لە شەنگال ڕێژەی بەشداریکردن 65% بووە.
- لە پارێزگای نەینەوا ڕێژەی بەشداریکردن 74.5% بووە.[1]
#10-05-2018#