هەڵوێستێک بۆ مێژوو...
کوردەواری دەڵێت، زەرەر لە نیوەش بگەڕێتەوە هەر قازانجە.
وەک چوار گەنجی دەڤەری وەرتێ، وەرتێی سەربڵندو سەرکەش، وەک برای شەهید، شەهیدێک لە هەرچی گەوهەری دنیا هەیە بەنرختر، وەک کوڕی بنەماڵەیەکی پارتی، بنەماڵەیەک لە ئاست تێکۆشانێکی بێ وچان و بێ بەرهەم...
شکور تێگەیشتین پارتی بوونمان لەم زروف و زەمانەدا جگە لە زەرەر بۆ خۆمان و خەڵکی کوردستان، هیچ قازانجێکی تێدانیە، بۆیە وازهێنان لەم وێستگەیەدا بەشێک لە قازانجەکەمان بۆ دەگەڕێنێتەوە...
دوای ئەم هەموو ساڵە کارکردن بۆ سەرخستنی پارتی لە هەڵبژاردنەکان و ئەنجامدانی چالاکی حیزبی بنەماڵەکەمان، دواجار ئەو قەناعەتەمان لادروست بوو کە، ئێمەو و پارتی، هیچ جۆرە پەیوەندییەک یاخوود بەرژەوەندییەک کۆمان ناکاتەوە...
بۆ ئەوەی چیتر خەبات و ماندوبونمان بە زایە نەچێت، بۆئەوەی چیتر ژیانمان لێ تاڵ و تفت نەکرێت، بڕیارمدا لێرە بەدواوە کار بۆ ئەو حیزبە بکەین کە لە وەرتێ و تەواوی کوردستان دژی کارە خراپەکانی پارتی دەجەنگێت، کار بۆ سەرخستنی ئەو حیزبە دەکەین کە وەک پارتی جیاکاری لە نێوان بنەماڵەو تاکەکان و ناوچە جیاوازەکانی کوردستاندا ناکات.
بڕیارماندا سەرجەم کارەکانمان و وابەستەبوونمان بە پارتی و ئەندامیەتیمان لەو حیزبە کۆتایی پێ بهێنین، پارتی بوونی ئێمە لە وەرتێ و لەناو خانەوادەکەمان تا ئێرە بوو، چونکە پارتی ئەو هێزە ڕاستەقینە نیە کە خەڵک خۆی بۆ ماندوو دەکات، پارتی شایەنی ئەوە نیە کە گەنجێکی خاوەن بڕوانامەی دانەمەزرێنراوی وەک ئێمە کاری بۆ بکات.
زۆرێک لە ئێوەمانان دەزانن کە باوکم و براکانم و هەموو خانەوادەکەم چ ڕۆڵێکمان هەبووە لەسەرخستنی پارتی لە سەرجەم هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا، زۆربەتان دەزانن دڵسۆزیمان چەند بووە بۆ ئەو حیزبە، لەهەمانکاتدا زۆربەشتان وەفاو چاکەو پیاوەتی ئەم حیزبە دەبینن بەرامبەر بە بنەماڵەکەمان.
وازهێنانی ئێمە تەنها پەیوەندی بە بەرژەوەندی شەخسیەوە نیە بەڵکو پەیوەندیشی بەو هەموو نەهامەتی و سەرگەردانیەوە هەیە کە لەماوەی ڕابردوو خەڵکی کوردستان بەهۆی سیاسەتە چەوتەکانی پارتی بەسەریهات.
ئەگەرچی لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا، کاندیدەکانی پارتی و هەندێ لە بەرپرسەکانیان سەردانی ماڵیان کردووین، تەنانەت لە پارتی بوونیشمان دڵنیانەبوون، هاتبوون بە سەرکزی و کڕوزانەوە داوای دەنگیان لێ دەکردین، وەعدو بەڵێنی بەدرۆو چەواشەکارانەیان پێ دەداین، بەڵام لێرەوە ڕایدەگەیەنین وازهێنانمان لە پارتی یەکجارەکی-یەو بەهیچ جۆرێک ئێمەو پارتی مەرحەبای یەکتری ناکەینەوە، ئومێد ئەکەم هەموو خەڵکی کوردستان لە دژی پارتی دەنگبدات بەتایبەت لە هەڵبژاردنی 12ی ئایار.
پارتی قسەی زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام بەشێکی هەڵدەگرم بۆ کاتە گونجاوەکان، بەشێکی ڕووبەڕووی کەسە تایبەتەکانی پارتی دەکەمەوە، بەشێکیش بۆ مێژوو جێدەهێڵێم، خوودی وازهێنانیشمان قسەکردنێکی گەورەیەو بەئاسانی تێناپەڕێت...
پارتی زۆر هەڵدەگرێت لەسەری بدوێی، بەڵام با وازهێنانمان ببێتە دەرفەتێک بۆ تێگەیشتنی دەوروبەریش لە پارتی، چونکە پارتی ئەو هێزە نیە پشتی پێ ببەسترێت.
بای بای پارتی دیموکراتی کوردستان...
عومەر عەبدوڵا محمود، شوان عبدالله محمود، بەرخەوان عبدالله محمود، علی عبداالله محمود.
#08-05-2018#