نازانم لە کوێوە دەست پێ بکەم، لە کوژرانی ئەشرەف یان لە بڕیاری لە سێدارەدانی برا گەورەکەم ئەنوەر، لە فرمێسکەکانی دایکم یان لە تێکشکانی هەموو ڕۆژەی باوکم، لە خوشکە جەرگ سووتاوەکانم یان لە ترس و دڵەڕاوکێیەک کە چرکە و خوولەک بەری نەداوین. دەستی قەزا منی هێناوەتە شوێنێک و بارودۆخێک کە پێشتر برا گەورەکەم ئەنوەر حوسەین پەناهی تێدا بوو.
ڕەنگە لەمەودا قسەکانم ساناتر بۆ بێن، چونکە لەگەڵ برا گەورەکەم ئەفشین لە یەک بەندیخانەین. ئەفشین بە هەشت ساڵ و نیو سزا دراوە و چاوەڕێی کۆتایی هاتنی وادەی حوکمەکەی و گەڕانەوەیە بۆ ماڵەوە و منیش بە سێدارە سزا دراوم و کەسیش ناتوانێت سەردانم بکات و نازانم داهاتوو چی لێدێت. زیاتر لە هەر شتێک بیر لە دایکم و جەرگی سووتاوی و خەمەکانی دەکەمەوە، بیر لەوە دەکەمەوە کە تا ئێستا چۆن ئەم ڕۆژانەی تێپەڕ کردووە.
جاران بیرم لەوە دەکردەوە کە ئەم هەموو ڕەنج و دڵەڕاوکێیەی لە کوێوە دێت و هۆکاری ڕاستەقینەی چەوسانەوەی ماڵباتەکەم چییە؟
ئەمڕو بە باشی وڵامەکەیم دەست کەوتووە: ئێمە بەردەوام پێمان خۆش بووە لەگەڵ ئەو کەسانەی وا دەیانناسین، لەگەڵ دراوسێکان، لەگەڵ خەڵکانی کومەڵگا و ئەو کەسانەی کە بە هەر شیوازێک پەیوەندیمان لەگەڵیان هەیە، دۆستانە هەڵسوکەوت بکەین و لە خوشی و ناخوشیدا لەگەڵ یەک بین. ئەمڕو بە باشی تێ گەیشتم کە ئەم وانەیەم لە دایکمەوە فێر بووم کە بۆ دەبێت کرێکاران بەم شیوازە ژیان بە سەر بەرن؟ بۆ دەبێ منداڵان کار بکەن؟ بۆ دەبێ ژنان و دایکانمان ئەم هەموو ڕەنج و نابەرابەرییە قەبووڵ بکەن؟ بۆ دەبێ ئەو شوێنە وا لێی دەژین پیس بکەین؟ و بۆ نابێت هەموومانن ئازاد بین و لەگەڵ یەک بە ئازادی بژین؟
کەم نین ئەو کەسانەی ئەم پرسیارانەیان بە دەنگی بڵیند خوێندووتەوە و بە تاوانی دژی شوڕش (ی ئێران)، دژایەتی لەگەڵ خودا، پەیوەندی لەگەڵ گرووپە تیرۆریستی و تۆڕە سیخوڕییەکان یان بە ئەندام بوون لە گرووپە دژبەرەکان (ی کوماری ئیسلامی) تۆمەتبار کراون. منیش یەک لەو کەسانە بووم کە لە ڕێگەی پشتیوانی چالاکی مەدەنی سیاسی، مافی مرۆڤ، ژینگەیی و پشتیوانی لە مافی منداڵان و ژنان و کرێکاران بە دوای وڵامی ئەو پرسیارانە بووم.
ئەمڕۆ زۆرتر لە جاران بە دۆستایەتی و خوشەویستی و عەشق بۆ خەڵکی خۆشحاڵم، لەوەی کە لەگەڵیانم هەست بە شکۆ دەکەم. کاتێ بیر لە چرکەساتەکانی ئەو هەشت ساڵ و نیوە دەکەمەوە کە ئەفشین لە بەندیخانە بە سەری دەبات دڵم پر دەبیت، ئەگەرچی چاوەڕێکردنی سێدارە خۆی زۆر ئەستەمە، بەڵام بەها و شکۆمەندی ژیان لەگەڵ ئەو خەڵکەی خوشم ویستوون و ئەو سروشتە و کرێکارانەی لەگەڵ یان ژیاوم لە ئازارەکانم کەم دەکاتەوە و شانازی دەبەخشێتە بە من و ئەفشین و بنەماڵەکەم.
ڕامین حوسێن پەناهی
بەندیخانەی ناوەندی سنە
سێ شەممە، 14 خاکەلێوەی 1397ی هەتاوی
#03-04-2018#