ئەمڕۆ دووشەممە 14-5-2018، شەش لایەنی سیاسی کوردستانی لەسەر ئاستی کەسی یەکەم لە بارەگای یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە شاری هەولێر کۆبوونەوەیەکی هاوبەشیان ئەنجامدا، بە مەبەستی هەڵسەنگاندن و هەڵوێست وەرگرتن لەبارەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە 12ی 5 ئەنجامدرا.
بە داخەوە پرۆسەی دەنگدانی ئەلیکترۆنی ڕووبەڕووی دەستێوارەدان و ساختەکارییەکی بەرنامەبۆداڕێژراوی پێشوەختە بووەتەوە، دوای تاووتوێی پرۆسەکە کۆبوونەوەکە گەیشتە ئەو چەند بڕیارەی خوارەوە:
1. ڕەتکردنەوەی ئەنجامە بەراییەکان و کۆی پرۆسەکە بەهۆی زەوتکردنی ئیرادەی جەماوەری کوردستان و دزینی دەنگەکانیان.
2. داوای دووبارەکردنەوەی ئەو هەڵبژاردنە دەکەین لە هەرێمی کوردستان و پارێزگای کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکان لەژێر چاودێری نێودەوڵەتی بە زووترین کات.
3. ئامانجی ڕاستەقینەی لایەنەکانی بەژدار لە کۆبوونەوەکە بریتییە لە بەرگریکردن و گەڕانەوەی ئیستحقاقی ڕاستەقینەی دەنگدەرانی گەلەکەمان.
4. بۆ ئەو مەبەستەی سەرەوە هەموو ڕێکارە سیاسی و یاسایی و مەدەنییەکان دەگرینەبەر دوور لە هەموو جۆرە تووندوتیژییەک.
5. پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش بۆ هەماهەنگی لە نێوان ئەو 6 لایەنە بۆ بەدواداچوون و گێڕانەوەی دەنگە دزراوەکانی جەماوەر و دەرگاش کراوەیە لەبەردەم هەر لایەنێکی دیکەی سیاسی کە ئامادەبێت بەرگری لە مافی دەنگدەرانی گەلەکەمان بکات.
6. داوا لە کۆمسیۆن باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەین بەخێرایی بەدەم داواکارییەکانمانەوە بێن.
بزووتنەوەی گۆڕان
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری
کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان
بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان
حیزبی شیوعی کوردستان
#14-05-2018#