سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنوسان ڕایدەگەیەنێت، لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی گشتی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان (21) سکاڵا لە سەنتەری میترۆ تۆمارکراوە کە 45 پێشێلکاریە بەرامبەر 31 ڕۆژنامەنوس و کەناڵی ڕاگەیاندن، توندوتیژی جەستەی و تەقەکردن لە بارەگا و ڕێگری تێدایە.
پێشێلکاریەکان بەرامبەر بە هەریەک لە کەناڵەکانی (ئێن ئاڕتی، کوردستان تیڤی، خەندان، ڕۆژنیوز، تەلەفزیۆنی سلێمانی، کوردستان 24، سایتی سبەی) دیارترینیان بوون.
بەپێی بەیاننامەیەکی سەنتەری میترۆ، لەکاتی چاودێریکردنی پڕۆسەکە لە هەندێک بنکەی دەنگدان ڕێگری کراوە ڕۆژنامەنوسان ڕوماڵبکەن، هەرچەندە ئەو بنکانە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانەوە دەستنیشانکرابوون بۆ ڕۆژنامەنوسان تا ڕوماڵی تێدابکرێت.
لەکاتێکدا هەزارەها چاوی میدیا و چاودێران لەسەر هەرێمی کوردستان بوو، لەپاش چەند کاتژمێرێک لە تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدانی گشتی، هێزێکی چەکدار هێرشیان برد بۆ سەر مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی، لەو هێرشە چەکداریەدا ئۆفیسی سایتی سبەی زەرەری ماددی لێدەکەوێتەوە.
بەداخەوە لە هەمان ڕوداودا، (میکۆیان سلێمان) کارمەند لە تەلەفزیۆنی خەندان لە کاتی کارکردندا بە جەڵدەی دڵ گیانلەدەستدەدات.
میترۆ ئاماژەدەدات، بەپێی بەیاننامەیەکی دەزگای سەتەلایتی کوردستان تیڤی شەوی 11/12 ی ئایار، لەلایەن چەند ماتۆرسکیلێکەوە تەقە لە نوسینگەی سلێمانی کەناڵی سەتەلایتی کوردستان تیڤی کراوە.
هەروەها لەکاتی ڕوماڵی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە سلێمانی، لەلایەن هێزێکی چالاکییە مەدەنیەکانەوە هێرش دەکرێتەسەر تیمی ڕۆژنامەوانی کەناڵی کوردستان تیڤی.
سەنتەری میترۆ ڕایدەگەیەنێت ڕواڵەتەکانی توندوتیژی لەناو پڕۆسەی دەنگدانی گشتی و تایبەتدا دوبارەبونەوەی هەمان ڕەفتاری نادیموکراتی و ناشارستانی ئەو هێزانەن کە لە ساڵانی ڕابردوو هەوڵی بەرتەسکردنەی ئازادی ڕۆژنامەنوسی و ڕادەبڕین دەدەن.
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێکخراوێکی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن، کۆمەڵێک ڕۆژنامەنوس و پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی ڕەسمی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتوە.[1]
#14-05-2018#