جارێکی تر لە هەرێمی فەلەستینیەکان ئاڵۆزی دەستی پێکردەوە. جارێکی تر خوێن دەڕژێ. لە خۆپیشاندانەکانی دوێنێوە هەتا ئەمڕۆ دەیان کەس کورژراون و زیاتر لە 2000 کەسیش بریندارن. هێزەکانی ئاسایشی ئیسرائیلی دژی هاوولاتیانی سڤیل چەک بەکاردێنن، ئەو هەڵوێستەش جێی قبوڵکردن نییە. ئێمە وەک #کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان# هێرشکردنە سەر خەڵکی سڤیل بە هەموو شێوەیەک شەمەزار ئەکەین.
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆی پڕە لە کێشە و گرفت. بەداخەوە لەو جوگرافیەدا کێشە و پرسەکان بە دیالۆگ چارەسەر ناکرێن. یەکێک لەو کێشانەش ناکۆکی نێوان ئیسرائیلی و فەلەستینیەکانە کە دەیان ساڵە چارەسەر ناکرێت. بەپێی واقیعی ئەمڕۆ و هەبوونی خەڵک لەو هەرێمەدا، فۆڕمێکی گونجاوی لە خۆ نەگرتووە و ڕێگاچارەیەکی شیاوی نەگرتۆتە بەر.
دەرفەت ئەوەیە کە لە دنیای ئەمڕۆدا ئیسرائیل و فەلسەتین وەک دوو دەولەتی دراوسێ و خاوەن ماف، لە ئاشتییەکی بەردەوام و سەقامگیردا لە تەنیشت یەکترەوە بژین.
فراوانکردنی شەڕ و قوڵکردنەوەی کێشەکان لەسەر قودس و پیرۆزییە ئاینیەکانی تریش، بۆ هەردوو دەولەتی ئیسرائیل و فەلەستین و خەڵکی ئەو دوو وڵاتەش سوودێکی ئەوتۆیان نییە. بەداخەوە هەر لایەک کێشەو دوژمنایەتیەکان قووڵتر ئەەکاتەوە. ئەمەش ڕێگا لە دیالۆگ و ڕێچارەی ئاشتیانە ئەگرێت. زیانێکی زۆریش بە خەڵکی ئەو دوو ولاتە ئەگەیەنێت و ناوچەکەش بەرەو نائارامی و ناسەقامگیریی زیاتر ئەبات.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان داوا لە ڕێبەرانی ئیسرائیل و فەلەستین ئەکات کە چیتر سەنگەری دوژمنانە بەرامبەر یەکتر نەگرن. هەمانکات کێشەکانیان بە دیالۆگ و مێتۆدی ئاشتی چارەسەربکەن. پێکەوەژیان قبوڵ بکەن و ڕێز لە پیرۆزییەکانی یەکتر بگرن.
هەروەها کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان داوا لە دەولەتی ئیسرائیل ئەکات کە بەرامبەر خەڵکی سڤیل و ناڕەزایەتی دەربڕینی ئاشتیانەو دیموکراتیک، بە تەحەمول بێت و پەنا بۆ زەبروزەنگ نەبات.
کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ک ن ک
برۆکسل
#15-05-2018#