400 هەزار هاوڵاتی #کرماشان# لە کەلاوەکانی پەراوێزی شاری کرماشاندا دەژین، کە خانووی کۆن و نیوەڕووخاون.
بەگوێرەی لێدوانێکی بەرێوبەریی گشتیی فەرمانگەی ڕێگاوبانی پارێزگای کرماشان 35٪ی دانیشتووانی ناوەندی شاری کرماشان لە کەلاوەکانی پەراوێزی شاردا بەبێ خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان دەژین.
مەسعود شەریفی، بەڕێوبەریی گشتیی فەرمانگەی ڕێگاوبانی کرماشان لەبارەی دۆخی مەترسیداری پەراوێزی شارەکان لە کرماشان هۆشداری دەدات و دەڵێت، زیاتر لە 100 هەزار خانووی نیوەڕووخاو لە شارەکانی پارێزگای کرماشاندا هەن، کە پێویستە چاکبکرێنەوە.
ڕاشیگەیاندووە، کە کرماشان زیاترین گەڕەکی نافەرمی و پەراوێزی تێدایە و ئەوەش دەبێت وەک مەترسییەکی ئەمنی و ئاسایشی ڕەچاوبکرێت.
جێگای ئاماژەیە، کە بەگوێڕەی ئامارەکانی ناوەندە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ئێران نزیک بە 19 ملیۆن هاوڵاتی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە گەڕەکە پەراوێزەکانی شارەکاندا دەژین، دەوترێت لە دە ساڵی ڕابردوودا ژمارەی دانیشتووانی گەڕەکە پەراوێزەکانی شارەکان زۆر زیادی کردووە.
چاودێران دەڵێن، کەم ئاوی و کەمتەرخەمیی حکومەت بۆ کڕینی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هاوڵاتییانی گوندەکان، وایکردووە کە ئەو هاوڵاتیانە ڕووبکەنە شارەکان و لە پەراوێزی شارەکاندا نیشتەجێبن.
ئەم شێوازیی ژیانە پێشتریش لە 60-ەکاندا لە ئێران و بەتایبەتی لە تاران ڕوویدابوو، پاش چاکسازییەکانی ڕژێمی شا بۆ دابەشکردنی زەوییەکانی گوندەکان لە ئێران، کە شا خۆی بە شۆڕشی سپی ناوی نابوو، ڕێژەیەکی بەرچاوی خەڵکی ئێران لە گوندەکانەوە کۆچیان کرد بەەرو شارەکان و لە پەراوێزەکاندا نیشتەجێ بوون، ئەوەش ڕووی چینایەتی شارەکانی گۆڕی و دژایەتی چینایەتی لە کۆمەڵگای ئێرانیدا بەرچاوترکرد و بووە یەکێک لە هۆکارەکانی شۆڕشی 1979ی ئێران.[1]
#17-05-2018#