بەهۆی کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، کێڵگەی شێوەشەن لە سنووری قەزای #کۆیە# لەمانگی داهاتوودا دادەخرێت و ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستانیش ڕایدەگەیەنێت، ماوەی چەند ساڵێکە ئاستی بەرهەمهێنان له و سنوورە بەره و کەمبوونەوە دەڕوات.
سەرچاوەیەک لە کەرتی نەوت و وزەی هەرێمی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، بەهۆی کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە 6 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە لە کێڵگەی شیوەشەن لە سنووری قەزای کۆیە بۆ 800 بەرمیل هەر چوار بیرە نەوتی ئه و کێڵگەیە لە کۆتایی مانگی داهاتوودا دادەخرێن و کۆمپانیاکەش شوێنەکە جێدەهێڵێت.
ئه و سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، کێڵگەی شیوەشەن لەلایەن کۆمپانیای گاز پڵەسی بڕیتانیەوە بەڕێوەدەبرێت و کۆمپانیای ئۆیل سێرڤس کاری خزمەتگوزاری تێدا ئەنجامدەدرێت، وابڕیارە لە 29ی حوزەیرانی مانگی داهاتوودا کۆمپانیاکە بەتەواوی دەست له و کێڵگەیە هەڵبگرێت و بەشێک لە کارمەندەکانی دەگوازێتەوه بۆ شوێنێکی دیکە و بەشەکەی تریش ڕەوانەی ماڵەوە دەکات.
لەماوەی دوو ساڵی ڕابردووشدا بەرهەمی کێڵگەی نەوتی تەقتەق لە قەزای کۆیە لە دابەزیندایە، بەجۆریک لەوماوەیەدا ئاستی بەرهەمهێنان له و کێڵگەیە لە 160 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە کەمبوەتەوە بۆ (18 بۆ 22) هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
فایەق مستەفا، ئەندامی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە پەرلەمانی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرهەمهێنانی نەوت لە سنووری کێڵگەکانی دەڤەری پارێزگای سلێمانی و کۆیە ڕوو لە دابەزین دەکات و کێڵگەکانی نەوتی تەقتەقیش ماوەی چەند ساڵێکە نە هیچ جۆرە بیرێکی نوێی بۆ لێدراوە نە پەرە بە بیرە کۆنەکان دراوە لەگەڵ ئەوەی کۆمەڵێک کێشەی تەکنیکیشی هەیە.
هەریەک لە کێڵگەی نەوتی شيوەشەن و تەقتەق کە لە لایەن کۆمپانیاکانی گاز پڵەس و گەنەڵ ئێنێرجی تورکیی و ئاداکس پترۆلیۆمی سەر بە کۆمپانیای سینوبکی چینییەوە بەڕێوەدەبرێن.
قەزای کۆیە لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای هەولێرە و لە سنورەکەشدا دوو کێڵگەی نەوتی گەورەی لێیە کە پێکهاتوون لە نەوتی شیواشۆک (تەقتەق) و کێڵگەی نەوتی شیوەشەن.[1]
#17-05-2018#