لە شاری دیلۆکی باکووری کوردستان نزیکەی 500 هەزار ئاوارەی سووری دەژین، کە بەهۆی شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەیانەوە کۆچیان بۆ ئەم شارە کردووە. لە دیلۆک پەنابەرانی سووری بوونەتە خاوەنی سەدان کار و بازرگانی، خزمەت بە کۆمەڵگەی خۆیان و ئەو کۆمەڵگەیەش دەکەن، کە میواندارییان دەکات.
لەماوەی حەوت ساڵ شەڕی ناوخۆ، زیاتر لە سێ ملیۆن و 500 هەزار پەنابەری سووری ڕوویان لە تورکیا کردووە، بەوپێیەش تورکیا ئەو وڵاتەیە کە پێشوازی لە زۆرترین پەنابەری سووری کردووە.
یەکێتی ژوورە بازرگانییەکانی تورکیا ڕایگەیاند لە دوای 2011ەوە، زیاتر لە شەش هەزار و 500 کۆمپانیای نوێ لەلایەن پەنابەرانی سوورییەوە لە تورکیا دامەزراون. هەرچەندە بەپێی ئاماری کۆڕبەندی ئابووریی سووریا کە ئامانجی ڕێکخستنی کاروباری خاوەنکارە سوورییەکانە لە دەرەوەی وڵات ژمارەی ئەو کۆمپانیانە لە ڕاستیدا زیاترە لە 10 هەزار کۆمپانیا.
رامی شەڕاق، جێگری بەڕێوەبەری کۆڕبەندی ئابووریی سووریا دەڵێ لە سەدا 94%ی بەرهەمی سووری هەناردە دەکرێت و ناڕواتە بازاڕی ناوخۆ. لەبەرئەوە ئێمە لە ڕکاربەریدا نین لەگەڵ بەرهەمهێنەرانی تورکیا.
لە شاری دیلۆک، بەتەنیا هەزار و 250 کۆمپانیای سووری تۆمارکراون. فاتمە ساهین، سەرۆکی شارەوانی دیلۆک دەڵێ خەڵکی غازی عەنتاب (دیلۆک) و خەڵکی سووریا دەستیان بە کاری بازرگانی کردووە بە هاوکاری یەکدی. ئەو ڕاستییەی ئەوان بە دوو زمانی دیکەی ئینگلیزی و عەرەبی قسە دەکەن، یارمەتیدەر بووە بۆ کاری بازرگانیی نێودەوڵەتی.
یەکێک لەو کارسازانە عامر هاردییە کە توانیویەتی بە سەرکەوتوویی کارگەیەکی لەقوتوونانی خۆراک بکاتەوە. عامر هاردی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای زێرڤ دەڵێ ئێمە 20 ساڵە ئەم کارە دەکەین. پێشتر کارگەکەمان لە حەلەب بوو. پێشتر پلانمان هەبوو کاڵاکانمان هەناردەی جیهانی عەرەبی بکەین، بەڵام ئێستا ئامانجمان هەناردەکردنیانە بۆ هەموو جیهان.
پەنابەرانی سووری بە باشی لەگەڵ کۆمەڵگەی دیلۆک تێکەڵاوبوون و بەبێ کێشە دەژین، تەنانەت دایەنگەیەکیشیان لەو شارەدا کردووەتەوە.
دانیا عەبدولباقی، بەڕێوەبەری دایەنگەکەیە و دەڵێ پێویستی بە جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە هەستی پێدەکرا. ئێمە هیچ پرۆژەیەکی دیکەمان لەم شارە پیشەسازییەدا نەبینی. لەبەر ئەوە ئێستا ئەو دایکانەی کە لە کارگەکان کاردەکەن دەتوانن منداڵەکانیان لێرە دابنێن و لەبەر نزیکی سەری لێبدەن و شیریان بدەنێ.
هەرچەندە تورکیا بەردەوام ڕایگەیاندووە کە میوانداری ئەو ژمارە زۆرە پەنابەرەی سووریا قورسایی زۆری لەسەر ئابووری ئەو وڵاتە داناوە، بەڵام بەپێچەوانەوە بەهۆی شارەزایی و لێهاتووی ئەم پەنابەرانە، قازانجی زۆریشیان بە ئابووری تورکیا گەیاندووە.[1]
#17-05-2018#