دواڕۆژ، زریان محەمەد
هاوردەکردنی سوتەمەنی لەخاڵە سنورییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستانەوە بەردەوامە و لەماوەی پێنج مانگدا زیاتر لە 7 هەزار تانکەر هاتوونەتە ناو هەرێم لە سێ خاڵی سنورییەوە.
سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بەدواڕۆژی ڕاگەیاند هەوڵەکانمان بەردەوامە لەگەڵ کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی سوتەمەنی و لایەنی حکومی تا باشترین سوتەمەنی بێتە کوردستانەوە.
وتیشی لە سێ دەروازەی هەرێمی کوردستانەوە کە هاوسنورن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران سوتەمەنی هاوردە دەکرێت، لە سلێمانی لە دەروازەی باشماخ و پەروێزخانەوە دێت و لە سنوری هەولێریشەوە لە حاجی ئۆمەرانەوە دێت.
ئاماژەی بەوەشدا لەماوەی پێنج مانگی ئەمساڵدا بەپێی ئەو داتایەی لامانە لە 1ی کانونی دوەمی 2018وە تا 15ی ئایاری 2018 لەسنوری باشماخ 3632 تانکەر هاتووە و لە پەروێزخانەوە 2132 تانکەر هاتووە، لە حاجی ئۆمەرانەوە 1656 تانکەر سوتەمەنی هاتووە.
سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی جەختدەکاتەوە کۆبونەوەیان لەگەڵ کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی سوتەمەنی بۆ ئەوەبووە کە بتوانرێت لەگەڵ بەرپرسانی دەروازە سنورییەکان و بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکان کێشە و داواکارییەکانیان بۆ چارەسەر بکرێت.[1]
#17-05-2018#