کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە. بەپێی ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە لیستی سائیرونی موقتەدا سەدر لە عێراقدا پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە. لەهەرێمی کوردستانیش پەدەکە لە پێشەوەیە و یەکێتیش لە کەرکووک لە پێش لیستەکانی ترەوەیە.
بەپێی ئەو ئەنجامەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق بڵاویکردووەتەوە، لیستی هاوپەیمانێتی سائیرون بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر بە بەدەستهێنانی 54 کورسی لە کۆی 329 کورسیی پەرلەمان، بووە بە لیستی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
بەپێی ئەنجامەکانی کۆمسیۆن، لیستی فەتح بەسەرۆکایەتیی هادی عامری بە 47 کورسی دووەم بووە. لیستی هاوپەیمانیی نەسر بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی 42 کورسی پلەی سێیەم و لیستی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی بە 26 کورسی پلەی چوارەمی بە دەستهێناوە.
بەپێی ئەو ئەنجامانە لە ئاستی هەرێمی کوردستاندا، پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسعود بارزانی 25 کورسیی بەدەستهێناوە لە پلەی یەکەمی هەرێم و لە پلەی پێنجەمی عێراقدایە.
هەروەها، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 18 کورسیی بە دەستهێناوە لە ئاستی هەرێمدا لە پلەی دووەمدایە، بزووتنەوەی گۆڕان 5 کورسی، نەوەی نوێ 4 کورسی، هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری 2 کورسی، یەکگرتووی ئیسلامی 2 کورسی، کۆمەڵی ئیسلامی 2 کورسی بەدەست هێناوە.
کورسییەکانی کورد بە پێی پارێزگاکان
لە کۆی 13 کورسیی پارێزگای کەرکووک، یەکێتی 6 کورسی، هاوپەیمانیی عەرەبی 3 کورسی، بەرەی تورکمانی 3 کورسی و مەسیحییەکان کورسییەکیان بەدەستهێناوە.
لە کۆی 18 کورسیی پارێزگای سلێمانی، یەکێتی 8 کورسی، گۆڕان 4 کورسی، نەوەی نوێ 2 کورسی، کۆمەڵ 1 کورسی، پارتی 1 کورسی، هاوپەیمانی 1 کورسی، یەکگرتوو 1 کورسی بەدەستهێناوە.
لە کۆی 16 کورسیی پارێزگای هەولێر، پارتی 8 کورسی، یەکێتی 2 کورسی، نەوەی نوێ 2 کورسی، هاوپەیمانی 1 کورسی، گۆڕان 1 کورسی و کۆمەڵ 1 کورسی و مەسیحییەکان 1 کورسییان بەدەستهێناوە.
لە کۆی 12 کورسیی پارێزگای دهۆک، پارتی 10 کورسی، یەکگرتوو 1 کورسی و مەسیحییەکان 1 کورسییان بەدەستهێناوە.
لە پارێزگای نەینەوا لە کۆی 34 کورسی، هاوپەیمانیی نەسر 7 کورسی، پارتی 6 کورسی، هاوپەیمانێتیی وەتەنییەی ئەیاد عەلاوی 4 کورسی، لیستی نەینەوا ناسنامەمانە 3 کورسی، هاوپەیمانێتیی فەتح 3 کورسی، لیستی بڕیاری عێراق 3 کورسی، لیستی جەماوەری نیشتمانی 2 کورسی، یەکێتی 1 کورسی، لیستی تەمەدوم 1 کورسی، شەبەک 1 کورسی، بابلیۆن 1 کورسی، لیستی نەهج 1 کورسی و کۆتایی ئێزیدییەکانیش 1 کورسیی بەدەستهێناوە.
رۆژی 12ی ئایاری 2018 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش ڕایگەیاند، ڕێژەی بەشداری دەنگدەران 44.5% بووە.
تا ئێستاش زیاتر لە هەزار و 400 سکاڵا لەلایەن حزب و قەوارەکانەوە لەسەر دەنگدان و بەڕێوەچوون و ئەنجامەکەی تۆمارکراون.[1]
#19-05-2018#