لەگەڵ بێدەنگبوونی چەکەکان و توندکردنی کۆنترۆڵی سوپای تورکیا و میلیشیا هاوپەیمانەکانی لەسەر جوگرافیای دەڤەری #عەفرین#، چەکێکی نوێ کەوتە کار کە چەکی تەعریب و گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو دەڤەرە کوردنشینەی ڕۆژئاوای کوردستانە.
عەفرین کە پێش ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چڵە زەیتوون 95%ی دانیشتووانەکەی کورد بوون، پاش ئەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە 18ی ئاداری ڕابردوو لێی کشانەوە و بە تەواوی کەوتە بندەستی گرووپە ئیسلامییەکانی نزیک لە تورکیا، پەیتا پەیتا لە ناوچە عەرەبییەکانی دیکەی سووریاوە، خێزانی عەرەب شوێنی ئەو کوردە ئاوارەبووانە دەگرنەوە کە ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە.
سەرەتا لە پارێزگای ئیدلیب-ەوە کە لەژێر کۆنترۆڵی گرووپە توندڕۆکانی وەک هەیئەی تەحریری شامە و ئەمانەش لە بنەڕەتدا بەرەی نوسرەن کە لە تەمووزی 2016 ناوی خۆیان بۆ بەرەی فەتحی شام گۆڕی و لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەناسرێن، خێزانە عەرەبەکان لەو پارێزگایەوە بۆ شارۆچکەی جندرێس و گوندەکانی دەوروبەری گوازرانەوە. پاشان لە ناوچەکانی (ئعزاز، ئەلباب و جەرابلوس)ەوە چەندین خێزانی تر هێنران و لە گوندەکانی سەر بە هەردوو شارۆچکەی شەڕان و ڕاجۆ نیشتەجێکران. بەشی زۆری ئەمانە لە گوندەکانی قەستەڵ جندۆ و بافلۆن نیشتەجێکراون کە دوو گوندی ئێزدینشینن.
ئەم هەڵمەتی نیشتەجێکردنەی عەرەب لە عەفرین کاتێک بە تەواوی تاوی سەند کە دەست کرا بە گواستنەوەی ئاوارەکانی غوتەی ڕۆژهەڵات بەگوێرەی ڕێککەوتننامەی گواستنەوەی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن و خێزانەکانیان کە بە سەرپەرشتی ڕووسیا لەنێوان حکومەت و ئۆپۆزسیۆندا واژوو کرا. بەمجۆرە، هەزاران خێزانی عەرەب لە غوتەی ڕۆژهەڵاتەوە و بە پاس بەرەو باکووری سووریا، بەتایبەتیش بەرەو عەفرین گوازرانەوە.
عەفرینی زۆرینە عەرەب!
بە ماوەیەکی کەم پێش ئەوەی سوپای تورکیا و میلیشیا هاوپەیمانەکانی لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەست بەسەر سەنتەری عەفریندا بگرن، دانیشتووانی شارەکە بەرەو گوندەکانی شێراوا، شەهبا و شارۆچکەکانی نوبل و زەهرا ئاوارە بووبوون کە ئەم ناوچانە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سووریادا بوون. بەوجۆرە سەنتەری عەفرین نیمچە خاڵی بووبوون لە دانیشتووانەکەی کاتێک سوپای تورکیا و گرووپە توندڕۆکان هاتنە ناوی. هەر دوای ئەوە دەستبەجێ ئەو چەکدارانە دەستیان بە هێنانی خێزانەکانی خۆیان کرد بۆ شارەکە. لە ڕۆژانی دواتردا هاتنی بە قافڵەی خێزانی عەرەب بۆ ناو عەفرین و نیشتەجێبوونیان لە خانووە چۆڵەکاندا بووە دیاردەیەکی ڕۆژانە.
سەرچاوەیەک لەناو شاری عەفرینەوە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ، بە (تۆڕی میدیایی ڕووداو)ی ڕاگەیاند حاڵی حازر لە سەنتەری عەفرین نزیکەی 175 تا 200 هەزار کەس نیشتەجێن کە عەرەب نزیکەی 60%ی پێکدێنن، واتە نزیکەی 120 هەزار عەرەب لەناو عەفریندان. وەک ئەو سەرچاوەیە گوتی، ئەو خێزانە عەرەبانەی کە پێش ئۆپەراسیۆنی داگیرکردنی عەفرین لە ناوچەکانی دیکەی سووریاوە ئاوارەی عەفرین بووبوون، بەشی هەرەزۆریان پاش گەیشتنی سوپای تورکیاش شارەکەیان جێنەهێشت و هەر لە شوێنەکانی خۆیان مانەوە. ئێستا ئەوانە لەگەڵ ئەو عەرەبانەی پاش ئۆپەراسیۆنەکە هاتوون، لە عەفریندا بوونەتە زۆرینە.
موباتا.. عەرەبی نیشتەجێکراو دوو هێندەی خەڵکە ڕەسەنەکەن
بەپێی ئەو زانیاریانەی (رووداو) لە چەند سەرچاوەیەکی دانیشتووی موباتا-وە دەستیکەوتوون، تا ئێستا 231 خێزانی عەرەب تەنیا لە سەنتەری ناحیەکە و سێ گوندی دەوروبەری نیشتەجێ کراون. 210 خێزان لەوانە لەناو سەنتەری موباتان، لە بەرامبەریشدا 400 خێزانی کورد گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. بە بەراوردێکی سادە، دەردەکەوێ کە دانیشتووانە ڕەسەنەکەی ئەو ناحیەیە نیوەی ژمارەی خەڵکی هاوردەن، ئاخر کۆی ئەندامانی ئەو 400 خێزانە 1025 کەسن. واتە تێکڕای ژمارەی ئەندامانی خێزانە کوردەکان لە سێ کەس تێناپەڕێ لەکاتێکدا کۆی ئەندامانی 210 خێزانە عەرەبە هاتووەکە 937 کەسن. واتە تێکڕای ئەندامانی خێزان لەناو ئەوان زیاتر لە چوار کەسە بۆ هەر خێزانێک.
بەشێکی ئەم جیاوازیەش لە ژمارەی ئەندامانی خێزان دەگەڕێتەوە بۆ کۆچی بەردەوامی گەنجانی کورد بۆ دەرەوەی وڵات بە درێژایی ئەم ساڵانەی کە جەنگ بەردەوام بووە، هەروەها ترسی کوڕ و کچە گەنجە کوردەکان لە گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان کە ئێستا لەژێر دەستی چەکدارەکانی سوپای ئازادی سووریایە.
بلبل.. دەرکردنی دانیشتووانی ڕەسەن بە تۆقاندن
لەڕووی ڕێگەدان بە گەڕانەوەی دانیشتووانی ڕەسەن و نیشتەجێکردنی عەرەبی هاتوو، سیاسەتی تەعریب لە ناحیەی بلبل لەچاو ناوچەکانی دیکەی عەفرین توندتر بەڕێوەدەچێ. ڕەنگە ئەمەش بۆ هەڵکەوتەی شارۆچکەکە بگەڕێتەوە کە نزیکی سنووری تورکیایە و ناوچەیەکی ستراتیژیی پڕ بەرزاییە. سەرچاوەیەک لە ناحیەی بلبل کە لەبەر هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی بهێنین، بە (رووداو)ی گوت کە تەنیا لەناو سەنتەری بلبل 350 خێزانی عەرەب نیشتەجێ کراون، لە بەرامبەردا تەنیا کەمتر لە 10 خێزانی کورد ڕێیان پێدراوە لە شارۆچکەکە بمێننەوە.
سەرچاوەکە دەڵێت هەندێ لە دانیشتووانە ڕەسەنەکە ویستیان بگەڕێنەوە سەر ماڵەکانیان، بەڵام بەرەوڕووی هەڕەشەی کوشتن بوونەوە. یەکێک لەوانە ڕەشید محەممەد بوو کە کارمەندی دەرمانخانەیە و ڕۆژی #08-05-2018# گەڕابووەوە سەر لە ماڵەکەی بداتەوە لە بلبل بەنیازی ئەوەی بە یەکجاری بگەڕێنەوە ناوی، بەڵام گرووپێکی چەکدار بە زەبری چەک دەریانکردبوو. هەمان ڕەفتار لە هەمان ڕۆژدا لەگەڵ ئەندازیار ئەسعەد قاسم دووبارە کرابووەوە لە گوندی قوڕنە.
بەپێی زانیارییەکانی (رووداو) 12 گوندی ناحیەی بلبل بەتەواوی داخراون لەبەردەم گەڕانەوەی دانیشتووانە ڕەسەنەکانیاندا بەبیانووی ئەوەی ناوچەی سەربازین یان مینڕێژن.
شەڕان.. ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان بە عەرەبی هاتوو
تەنیا لە حەوت گوندی ناحیەی شەڕان، بەپێی ئەو ئامارە وردەی لە ناوچەکەوە بە (رووداو) گەیشتووە، ژمارەی خێزانە عەرەبە نیشتەجێکراوەکان گەیشتووەتە 345 خێزان (شەڕان: 60 خێزان. خەرابە شەڕا: 25 خێزان. سینکا: 20 خێزان. مەتینا: 60 خێزان. قتمە: 35 خێزان. مەیدانکێ: 125 خێزان و کەفرجەننە: 20 خێزان). ژمارەی ئەندامانی ئەم خێزانانە زیاترە لە 1725 کەس. ئەمە جگە لە گوندەکانی دیکەی ئەو ناحیەیە کە ژمارەیەکی نەزانراو عەرەبیان تێدا نیشتەجێ کراوە و هەندێکیان قەدەغەن بەڕووی گەڕانەوەی دانیشتووانەکانیاندا، لەوانەش قەستەڵ جندۆ و بافلۆن کە ئێزدین و بارفا کە دەکەوێتە ڕۆخی دەریاچەی مەیدانکێ.
شیێ.. چەکداران دەست بەسەر بازاڕی شارۆچکەکەدا دەگرن
ناحیەی شیێ کە ناوە تەعریبەکەی شێخ حەدیدە، یەکێکە لەو ناوچانەی عەفرین کە ئاستی نیشتەجێکردنی خێزانی عەرەب تێیدا نزمە. بەپێی ئەو زانیاریانەی لە سەرچاوەیەکی ناو شارۆچکەکەوە بە (رووداو) دراون، هەر تەنیا نزیکەی چل خێزان کە ئەوانیش خێزانی چەکدارانی سەر بە ئۆپۆزسیۆنن، لە شارۆچکەکەدا نیشتەجێن، بەڵام لە حەوت گوندی دەوروبەری شارۆچکەکە 172 خێزانی عەرەبی هاتوو نیشتەجێ کراون (قرمتلق 70 خێزان. ئەنقلە 30 خێزان. سنارە 16 خێزان. گوندی خەلیل 10 خێزان. ئالکانا 25 خێزان. جقلا تەحتانی 12 خێزان و جقلا فەوقانی 9 خێزان).
نزیکەی 500 خێزان لەوانەی لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا شارۆچکەکەیان جێهێشتبوو، گەڕاونەتەوە سەر ماڵی خۆیان.
وەک سەرچاوەکە دەڵێت، چەکدارانی سەر بە ئۆپۆزسیۆن لە بازاڕی شارۆچکەکەدا چەند دووکانێکیان کردووەتەوە، کەچی تەنیا چەند کەسێکی کەم لەوانەی گەڕاونەتەوە و دووکانیان هەیە، ڕێگەیان پێداون دووکانەکانیان بکەنەوە.
راجۆ تاڵان دەکری
لەناحیەی ڕاجۆ، ئەو خێزانە عەرەبانەی لە ناوچەکانی دیکەی سووریاوە هێنراون و لەو شارۆچکەیە نیشتەجێ کراون، نیوەی ژمارەی ئەو خێزانانەیە کە لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا ئاوارە بوون و گەڕاونەتەوە سەر ماڵەکانیان. تا ڕۆژی 28ی نیسانی 2018 نزیکەی 350 خێزانی عەرەب لەو شارۆچکەیەدا نیشتەجێ بوونە، لەکاتێکدا ئەو خێزانانەی تا ئێستا گەڕاونەتەوە سەر ماڵەکانیان 700 خێزانن. بەڵام زانیارییەکی ئەوتۆ نییە دەربارەی ژمارەی ئەو خێزانە عەرەبانەی لە گوندەکانی سەر بە ڕاجۆ نیشتەجێ کراون.
لە گوندی مەیدان ئەکبس کە لەسەر سنوورە، تۆمارێکی دەنگیی سەرنجڕاکێش لەگەڵ هەندێ دیمەنی ڤیدیۆیی ناو گوندەکە بڵاوبووەوە کە وا پێدەچێ چەکدارێکی سەر بە سوپای ئازاد بێ. چەکدارەکە وا دیارە خەڵکی گەڕەکی قابوونە لە ڕۆژهەڵاتی دیمەشق. داوا لە هاوڕێکانی دەکات خێزانەکانیان بهێنن و بێن بۆ ئەوێ. چەکدارەکە دەڵێت: وەرن لێرە کۆدەبینەوە و دەیکەین بە قابوونی نوێ. دەشڵێت کە پێیانگوتوون ئەو گوندە ئیتر بۆ ئەوانە و دانیشتووانە کوردەکەی جارێکی تر ناگەڕێنەوە.
جندرێس.. عەرەب 95%ی دانیشتووانن
ناحیەی جندرێس بەوە لە ناحیەکانی تری دەڤەری عەفرین جیادەکرێتەوە کە لە کۆنەوە لەناو شارۆچکەکە و هەندێ گوندی دەوروبەریدا عەرەب نیشتەجێ بوونە، واتە پێش هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆی سووریاش. لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە کە دەست بە جێبەجێکردنی سیاسەتی چاکسازیی کشتوکاڵی کرا، هەندێ عەرەب لەو ناوچەیە نیشتەجێ کران، بەجۆرێک عەرەب 15%ی دانیشتووانی شارۆچکەکەیان پێکدەهێنا، بەڵام لە دوای ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتوونەوە ئەم ژمارەیە زۆری زیادی کردووە. سەدان خێزانی عەرەب لە پارێزگاکانی حمس، حەما، ئیدلیب و غوتەی ڕۆژهەڵاتەوە هێنراون، کەچی ڕێگە بە دانیشتووانە ڕەسەنە ئاوارەبووەکە نادرێ بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان. بەمجۆرە، ئێستا عەرەب 95%ی دانیشتووانی ناوچەی جندرێس پێکدێنن. بەپێی ئەو ئامارانەی بە (رووداو) گەیشتوون، لە گوندی کەفەر سەفرە زیاتر لە 200 خێزان نیشتەجێ کراون. هەروەها لە گوندی کوردا زیاتر لە 20 خێزان. ئەوە جگە لە دوو خێوەتگە کە بۆ پێشوازی لە ئاوارە لەوێ کراونەتەوە. یەکەمیان لە گوندی محەممەدیە و ئەوەی دیکە لە دێر بەلووت.
ئەو ناوچانەی عەرەبی لێهێنراوە بۆ عەفرین
- ئیدلیب
- ئەعزاز
- ئەلباب
- جەرابلوس
- غوتەی ڕۆژهەڵات
ژمارەی ئەو خێزانە عەرەبانەی هێنراونەتە قەزا و ناحیەکانی عەفرین: 1668 خێزان
جندرێس: 220 خێزان
راجۆ: 350 خێزان
شیێ: 172 خێزان
شەڕان: 345 خێزان
بلبل: 350 خێزان
موباتا: 231 خێزان[1]
#20-05-2018#