بە ناوی خوای گەورە و دلۆڤان
ئۆگرانی ئازادیی و سەربەخۆیی کوردستان!
فەرماندە و پێشمەرگە و تێکۆشەرانی ڕیزەکانی پارتی ئازادیی کوردستان!
بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و خەباتگێڕانی پارتی ئازادیی کوردستان!
بیست و حەوت ساڵ لە تەمەنی پڕ سەروەریی و شانازیی پارتی ئازادیی کوردستان تێپەڕ بوو.
بنیات و فەلسەفەی لە دایکبوونی پارتی ئازادیی کوردستان، گەڕاندنەوەی کورد و بزووتنەوە سیاسییەکەی بوو بۆ سەر ناسنامە و گوتار و ڕێبازی ڕەسەن و ڕاستەقینەی خۆیان.
بە لەدایکبوون و وەسەرپێکەوتنی پارتی ئازادیی کوردستان، ڕۆژهەڵاتی نیشتمان بووە خاوەنی دیسکۆرس و ئەدەبیات و ستراتیژ و سیاسەت و پراکتیکێک کە تەنیا لە سەردەمی ژێکاف و دەوڵەتی جمهوری کوردستاندا، بەخۆیەوە دیتووە.
ناسنامە، گوتار، ستراتیژ، ستراکچێر و پڕۆژە و ڕەفتاری سیاسیی پارتی ئازادیی کوردستان، هەڵقوڵاوی هەلومەرج و دەرد و دەرمانی کوردستان و پرسە سیاسییەکەیەتی.
بۆیە نەخوێنی ئەوانە بەفێڕۆ دەڕوا کە گیانیان لە ڕیزەکانیدا بەختکردوە و نە ڕەنجی ئەوانە بەخەسار دەچێ کە لە پێناو ئامانجەکانییدا تێدەکۆشن.
لەم یاد و بۆنە مێژووییەدا، سڵاوی ئەمەگ و وەفا پێشکەشی ڕێبەری شەهیدمان دامەزرێنەری پارتی ئازادیی کوردستان کاک سەعیدی نەمر دەکەم.
سڵاوی میراتگرانە و خوێن ئەستێنانە دەنێرم بۆ کاروانی شەهیدانی 27 ساڵ خەباتی کۆڵنەدەرانەی پارتی ئازادیی کوردستان؛ ئەوانەی وا لە سەر خاکی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان و لە گەڕیانی شەڕ و تێکهەڵچوون لە گەڵ هێزەداگیرکەرەکانی بەرفەرمانی تاراندا گیانیان بەخت کردوە؛ یان لە زیندانەکانی دوژمنی داگیرکەردا بە سەری بەرزەوە بەرەوە پەتی سێدارە ومەیدانی ئێعدام چوون، یان لێرە و لەوێ بە فەرمانی تاران تێرۆر کران.
سەری ڕێز دادەنوێنم لە حاست هەڤاڵانی شەهیدمان لە جەنگی تێرۆر و بەرەنگاربوونەوەی دەوڵەتی تێرۆریستیی داعش دا.
سەری ڕێز لە حاند خوێنی ئەو هەڤاڵانەم دادەنەوێنم کە لە حەماسەی مێژوویی و چارەنووسسازی پردێ دا لە بەرەنگاربوونەوەی سوپاکانی تاران و بەغدادا ڕژان.
هەروەها، زام و برینی سەر و لەشی ئەو فەرماندە و پێشمەرگە قارەمانانەی پارتی ئازادیی کوردستان ماچ دەکەم کە لە هەر سەنگەر و گۆڕەپانێکی ئەو 27 ساڵەدا پێکراون.
دەست و چەکی ئەو فەرماندە و پێشمەرگانە لە بانسەر و لە سەر دڵم دادەنێم کە لە تەمەنی 27 ساڵەی PAK دا لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان یان لە پارەچەکانی دیکەی، بەرەنگاریی سوپاکانی تاران و داعش و بەغدا بوونەتەوە و نیشتمان ونەتەوەکەیان بە تەنیا جێنەهێشتووە.
سڵاو دەنێرم بۆ تەوارەکانی ئازادیی کوردستانTAK کە مانایان بە ماف وئەرک و ڕۆڵی ژنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەخشیوە.
سڵاو دەنێرم بۆ هەڵۆکانی ئازادیی کوردستانHAK کە لە هەناوی ڕۆژهەڵاتی داگیرکراودا تێدەکۆشن و بەگژ سوپای داگیرکەردا دەچنەوە.
بەگەرمی دەستی ئەو هەڤاڵانە دەگووشم کە لە هەندەران و دەرەوەی وڵات، بوونەتە باڵوێزی خۆبەخشی کوردایەتی و پەیامدەری سەربەخۆیی و بەدەوڵەتبوونی کوردستان.
هەروەها سڵاو و سوپاسی گەرم پێشکەشی هەر ڕۆڵەیەکی نەتەوەکەمان لە چوارپارچەی نیشتمان دەکەم کە بە هەر شێوەیەک و بەهەر ڕادەیەک پاڵپشتی و هاوکاری و هاودڵی لە گەڵ پارتی ئازادیی کوردستان کردوە.
سڵاو لە پارتی ئازادیی کوردستان، قوتابخانەی بیر و کرداری نەتەوەیی، دەوڵەتخوازیی، فیداکاری و ئەخلاقمەداری.
حسین یەزدانپەنا
30 گوڵانی 2718
#20-05-2018#