لە ئەنجامی چەند چالاکییەکی گەریلاکانی #هەپەگە# و یەژاستار لە ناوچەی برادۆست 28 سەربازی سوپای تورک و سێ بەکرێگیراو کوژران.
چالاکییەکانی گەریلاکان لەدژی داگیرکارییەکانی سوپای تورک لە خاکی باشوری کوردستاندا لە چوارچێوەی هەنگاوی شۆڕشگێڕانی شەهید ئاگری و شەهید پیرۆز دا بەردەوامە، لەو چالاکییانەدا دوێنێ لە ناوچەی برادۆستی سەربە پارێگای هەولێرگورزێکی کوشندەیان لە سوپای تورک وەشاند.
بەگوێرەی ئەو زانارییانەی لەسەرچاوەکانەوە تایبەت بە ڕۆژنیوز گەیشتووە، گەریلاکان دوێنێ کاتژمێر 03:00ی پاشنیوەرۆ لەسەر گردی لێلکان چالاکییەکی گەورەیان ئەنجامدا، لەو چالاکییەدا گورزی سەخت لە پێگەکانی سوپای تورک درا و ژمارەیەکی زۆری سەربازیش کوژران.
سەرچاوەکان ڕایانگەیاندووە، کە لەناو ئەو پێگانەی سوپای تورک کە تێکشکێندراون، کەرەسەتی سەربازیی وەک کامێرای چاودێری، ڕادار، بۆمبهاویژ و تۆپ و..هتد، هەبووە.
لە ئەنجامی ئەو چالاکییەدا 22 سەرباز و سێ بەکرێگیراو کوژراون، هەروەها 13 سەرباز برینداربوون.
ڕاشگەیەندراوە، کە پاش ئەوە چالاکییە هەلیکۆپتەرەکان لە جۆری سکۆرسکی نۆ جار هاتوونەتە ناوچەکە بۆ لابردنی کوژراو و بریندارەکان.
لەلایەکی دیکەوە ڕاگەیەنەرداوە، کە گەریلاکان هەر دوێنێ کاتژمێر 04:00ی پاشنیوەڕۆ لەسەر گردی لێلکان چالاکییەکی دیکەیان ئەنجامدا، ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی سوپای تورک لەو چالاکییەدا نەزانراوە.
هەروەها ئێوارەی دوێنێ، لە ناوچەی ئەڤدلکۆڤ چالاکییەکی دیکەیان لەدژی داگیرکارییەکانی سوپای تورک ئەنجامدا، لەو چالاکییەدا شەش سەرباز کوژراون و دەست بە سەر چەکێکی بی کەی سی و جبەخانەیەکی زۆردا گیراوە.[1]
#22-05-2018#