بۆچ دەبێت بە کوردی بخوێنینەوە و بنووسین
#هۆمەر نۆریاوی#
بە درێژایی مێژوو، کورد لەبەر ئەوەی خاوەنی کیان و دەستەڵاتی خۆی نەبووە و بەردەوامیش بندەست بووە، ئه و ماف و حەقەی پێنەدراوە بە زمانی خۆی بخوێنێتەوە و بنووسێت. هەر ئەم پرسە لەسەر تاک و کۆی کۆمەڵگەی کوردی کاریگەر بووە و تا هاتووە خوێندەوار و دەستەبژێری کوردی کوردینەزان ئیدی وا لە نێو فەرهەنگ و زمانی سەردەستدا تواوەتەوە کە تەنانەت حاشای لە کوردبوونی خۆیشی کردووە و نموونەیش کەم نین ژماری ئه و بە ناو ڕۆشنبیرە کوردانەی بێبەزەییانە بەرانبەر زمان و کولتووری کوردی هەڵوێستیان گرتووە و بەرەنگاری بوونەتەوە و بە جۆرێک ڕێخۆشکەر بوونە بۆ هێرشی ناڕەوای دەستەڵاتە زاڵەکان بۆ سەر کورد. ئیدی وای لێ هاتووە کە قوتابیی و خوێندکار و خوێندەواری کورد هەموو هەوڵ و چالاکیی و خەباتی خۆی خستۆتە پێناو خزمەتکردنی زمان و فەرهەنگی زاڵ و باڵادەست و کەمتر لای لە خودی خۆی کردۆتەوە. گەر ئاوڕێک لە ڕابردوویەکی نەفرە دوور بدەینەوە،دەبینین کە بەشێکی ڕۆشنبیرانی نێو ڕووبەر و پانتایی زمانەکانی عەرەبی، فارسیی و تورکی، کورد بوونە و بەرهەم و کتێب و هزر و بیری خۆیان به و زمانانە نووسیوە. له و نێوانەدا ژمارەیەک له و کەسایەتییانەیش ڕاستە جەبری زەمەن به و دەردەی بردوون و دەرفەتی نووسین بە کوردی پێنەداون لێ(بەڵام)، هەوێن و ناوەڕۆک و جەوهەری بەرهەمەکانیان هەموو کوردییە و له و ڕێگەوە ئەرکی سەرشانیان بەرانبەر گەل و فەرهەنگەکەیان جێبەجێ کردووە. کەچی بەشێکی دی ئه و کەسایەتییانە تەنانەت نکۆڵییان لە کوردبوونی خۆ و میللەتەکەیان کردووە و خۆیان لە نێو بازنەی زمان و فەرهەنگی زاڵدا دیوەتەوە. هەر ئەم پرسە بە شێوەیەکی نەرێنی لەسەر خوێندەوار و توێژی زانستگەیی و بگرە تاکی کوردیش کاریگەر بووە و داڕووخانێکی لە کەسایەتی مرۆی کورددا دروست کردووە. دوابەدوای ئه و هەموو شۆڕشەی لە ئاستی جیهان خاسما(بەتایبەت)لە وڵاتانی ئەورووپاییدا سەر هەڵدەدات، دەرهاویشتەکانی ئەم شۆڕش و ڕێنسانسە، دونیاکەی ئێمەیش دەگرێتەوە و سەردەمی ڕۆشنگەری لە ڕێوە دەگات. کوردیش وەک گەلانی دی سەرزەوی له و خەوی گرانی غەفڵەتە ڕادەچڵەکێت و شۆڕش و هەژانێک کۆمەڵگەی کوردی دەتەنێتەوە و خوێندنەوە و نووسین بە کوردی دەست پێ دەکات. پاش ئەوەی ساڵی 1898(1277ی هەتاوی) لە قاهیرەی پێتەختی میسر لە لایەن میقداد مەدحەت بەدرخانەوە ڕۆژنامەی کوردستان چاپ و بڵاو دەکرێتەوە،ڕۆژنامەگەری کوردی سەر هەڵدەدات و ئەمجارە زمانی کوردی بە فەرمی دەبێتە زمانی گۆڤار و بڵاڤۆک. وا نها(ئێستا) 118 ساڵ بەسەر ئه و ڕۆژگارەدا تێدەپەڕێت کەچی بە داخەوە هێشتا گەنج و لاوی خوێندەواری کورد قسەی زمان و دڵی بە زمانی فارسیی و... دێنێتە زمان و گەر یەک لە هەزارانیش دەربکەوێت(پەیدا بێت) و بە زمانەکەی خۆی بنووسێت(زێتر مەبەستم ڕۆژهەڵاتی کوردستانە)، وەبەر هێرش و پەلامار دەردرێت کە بۆچ بە فارسی نانووسیت تا ئێمە لێت تێبگەین و بەرسڤ و وەرام و جواوت بدەینەوە. کورد قەت میللەتێکی ڕەگەزپەرست و شۆڤێنی نەبووە و بەوپەڕی ڕێزەوە بەرانبەر گەلانی دەر و جیران جووڵاوتەوە و فێری زمان و فەرهەنگی وان(ئەوان) بووە و بگرە خزمەتی کردوون بەڵام چەند فارس و عەرەب و تورکت پێ شک دێت هەڵوێستێکی ئەوتۆیان لە هەمبەر ئەم میللەتە ئاشتیخواز و خاوەن ژیار و شارستانییەتدا نواندبێت؟ بەڕاستی جێی داخ و کەسەرە کە ئێمەی کورد تەنانەت لە لایەن خۆیشمانەوە بەر پەلامار دەدرێن. دەبێت هۆن هۆن فرمێسک هەڵڕێژین بۆ ئەم سەردەمەی کە لاوی خوێندەوارمان داوامان لێ بکات دەبێت بە فارسی بنووسین. تا کاتێک ئێمە زمان و فەرهەنگی خۆ لە بەرانبەر زمانەکانی دیکەدا بە نزم و نامۆ و بێگانە سەیر بکەین و خۆمان بە کەم ببینین، ڕەوش و وەزعمان لەمە باشتر نابێت! ئەی کەنگێ دەبێت ئێمەیش بە خۆدا بچینەوە و شۆڕشێکی فەرهەنگی بخەینە ڕێ؟! زمانی زانستی چلۆن دروست دەبێت؟ بزووتنەوەی وەرگێڕان چ دەورێک لەم نێوانەدا دەبینێت؟ گەر زمانەکانی فارسیی و...ئەمڕۆکە لە ئاستی جیهاندا ئەوەندە دەور دەبینن و بەرهەمیان بۆ زمانەکانی دی وەردەگێڕدرێت و بە هەزاران دەزگە و ڕێکخراو و نووسەر و وەرگێڕ (کە بەشێکیشیان کوردن)، خزمەتیان دەکەن، لە مێژە ئەم شۆڕشەیان دەست پێکردووە و خاوەنی ئیرادەیەکی ئەوتۆن و ئه و هەستی نەتەوەیی و نیشتمانییەیان لا دروست بووە. بەڵام ئێستایشی لەگەڵ بێت گەر لەم بەشەی کوردستان(ڕۆژهەڵات)دا ژمارەیەک کەس پەیدا بن و بە کوردی بنووسن، داوایان لێ دەکرێت بگەڕێنەوە سەر نووسین بە زمانی فارسی با کوردەی داماو لێی تێبگات! ئەم دۆخە بەڕاستی هەژێنەرە و دەبێت بۆی بگرین. ئاخر ئەمە کوێی دەمارگرژیی دەبێت کە کورد بیەوێت بە زمانی خۆی بنووسێت؟! کوێی ئەم پرسە دژایەتیکردنی زمان و فەرهەنگەکانی دیکەیە کە ئێمەی کورد بە کوردی بخوێنینەوە؟! فەرهەنگ و زمانی سەردەست ئەوەندە دزەی کردۆتە نێو ناخمانەوە کە هەموو شتێکی خۆمان بە سووک و کەم بایەخ دەبینین و خێرا دژی دەوەستینەوە. گەر دوێنێ و پێرێ هەلەکە لەبار و گونجاو نەبوو، خۆ ئەمڕۆکە هەموو تاکێکی کورد لە دوورەدەستترین گوندەکانی کوردستاندا ئەوەندە سەرچاوە و ژێدەری لەبەردەستدایە دەتوانێت لە خودی خۆیەوە دەست پێ بکات و بزاڤێک بخاتە ڕێ. گەر خودی خۆمان ئەم شۆڕشە نەخەینە ڕێ بە دڵنیاییەوە دەستێک لە دەرەوەی خۆمانەوە کار و ئیشمان بۆ ناکات. ئەگینا ئەم ڕەوتە هەر وا دەڕوات و ئێمەیش هەر درێژەپێدەری پێشووان دەبین و بە دەستی خۆ،زمانی خۆمان پەراوێز دەخەین یان بە واتایەکی ڕاستتر چاڵ دەکەین. با لە دید و ڕوانگەیەکی دیکەوە سەیری زمان بکەین و بزانین ئایا ئەوەی بیەوێت بە زمانی خۆی بخوێنێتەوە و بنووسێت،دەمارگرژە یان بە پێچەوانەوە؟
ئەمە پەیڤی مارتین هایدیگەری گەورە پیتۆڵی جیهانیی سەدەی بیستەمە کە دەڵێت: گەر زمانی نەتەوەیەک لە ناو بچێت، ئه و میللەتەیش بوونی نابێت. زمانی دایکزاد خودی هەست و نەست و ئیلهامە، ئەوانەی بەرەنگاری زمانی زگماکی دەبنەوە، لە ڕاستیدا بەرەنگاری قووڵترین لایەن و ڕەهەندی دەروونی دەبنەوە و لە تەکیدا (لەگەڵیدا)دەجەنگن کە لە ئاکامیشدا سەرکز دەبن.
میلان کۆندێرا گەورە فەیلەسووف و ڕۆماننووسی جیهانیی بەمجۆرە تیشک دەخاتە سەر پرسی تواندنەوەی نەتەوەیەک و دەبێژێت: یەکەم هەنگاو بۆ لەناوبردنی میللەتێک، شۆردنەوەی یادگە و بیرگەیەتی. دەبێت کتێبەکانی، فەرهەنگی، زمانی لە نێو ببەیت.
مەهاتما گاندی کەسایەتی سیاسیی و ڕێبەری ڕۆحیی هیندییەکان لە ڕەهەندێکی دیکەوە سەیری ئەم پرسە دەکات و دەڵێت: ئەوەی زمان و ئەدەبی خۆی نەخوێندبێتەوە، هیچ لە مێژوویشی نازانێت و ئەوەیش ئاگاداری مێژووی خۆی نەبێت، هیچ داهاتوویەکی نابێت.
گەورە زانستوەری ئێرانی پڕۆفیسۆر مەحموود حیسابی بەم چەشنە بەرانبەر زمان دێتە پەیڤین: نە سەوزم، نەیش سوور، فێری زمانی دایکزادم بم، هەر ئەوەندەم بەس دەبێت.
لوودویگ ویتگێنشتاین، پیتۆڵی هەرە ناسراوی جیهانی هاوچەرخ بەمجۆرە پرسی زمان زەق دەکاتەوە: زمانی من، جیهانی منە و جیهانی منیش، زمانم.
زمان، لای کەسایەتی ڕێفۆرمخواز و هزرڕوون سەیید جەمالەدین ئەفغانی ئەوەندە گرینگە کە دەڵێت: ئه و میللەتەی زمانی خۆی لە بیر بباتەوە، مێژووی خۆی ون کردووە و شکۆی خۆی لە کیس چووە و بۆ هەمیشە دیل و یەخسیر دەمێنێتەوە.
بیریاری گەورەی سەدەی نۆزدەهەم جۆن ستوارت میل لە ڕوانگەیەکی ترەوە چاو لە پرسەکە دەکات و دەڵێت: ئیستیعمار گەر بیەوێت میللەتێک بخاتە بن ڕکێفی خۆی، سەرەتا سۆراخی شوناس و زمانەکەی دەگرێت، گەر میللەتێک فەرهەنگ(زمان و ڕەگەز و...)خۆی لە کیس بچێت، دەتوێتەوە.
نیلسۆن ماندێللا گەورە کەسایەتی ئاشتیخوازی جیهانیی و دژە ڕەگەزپەرستی بەمجۆرە لەسەر زمان دەپەیڤێت: گەر لەگەڵ مرۆدا به و زمانەی قسە بکەیت کە تێیدەگات، قسەکەت خێراتر پێی دەگات، بەڵام گەر بە زمانی خۆی قسەی لەگەڵ بکەیت، قسەکەت زووتر لەسەر دڵی کاریگەر دەبێت.
بایەخی زمانی زگماکی لای سمایل بێشکچی پیتۆڵ، کۆمەڵناس و گەورە کەسایەتی مرۆیی بەم چەشنە خۆی دەردەخات : ئەگەر بتەوێت نەتەوەیەک سەرشۆڕ و کۆیلە و بێناسنامە بێت، پێویستە ئەلفبێی ئه و نەتەوەیە لە ناو ببرێت و، ڕێگا نەدرێت بە زمانی دایکیی خۆی بدوێت.
پڕۆفیسۆر کاتلین هۆگ(زمانناس)، دەڵێت: لە ڕێی زمانی زگماکیی و دایکزادەوە باشتر دەتوانیت هەست و نەستی خۆت دەرببڕیت.
هەژار موکریانی کەسایەتی نەتەوەیی کورد بەمجۆرە قسەی سەرزاری سەبارەت بە زمان دەدرکێنێت: زۆر لە ڕۆژ ئاشکراترە؛ پێناسی گەلان لە جیهان، دروشمی نەتەوایەتی، ئامیانی ڕەگەزایەتی زمانە و بەس.
شاعیری نوێخواز و گەلپەروەرعەبدوڵڵا پەشێو پرسی زمان بە پرسێکی هەرە هەستیار دادەنێت و دەڵێت: زمان، شەرەفمانە، نامووسمانە، غیرەتمانە،هەموو شتێکمانە.
دوا وتە: ئێمەی کورد،بە هەموو لق و پۆکانی زمانەکەمانەوە،کوردی زمانی زگماکییمان دێتە ئەژمار. کەس دایکزاد مەلەوانی زمان نییە بەڵام خوێندنەوەی بەردەوام و مکوڕبوون لەسەر ئەم پرسە زۆر دەرەنجامی ئەرێنی لە شوێن دەبێت و سامانی فەرهەنگیی سبەی کۆمەڵگەی کوردستانیش پرشنگدارتر لە ئێستا دەبێت. گەر هەموومان بە فارسی بنووسین، تۆفیر و جیاوازییمان لەگەڵ فارسزمانێکدا چی دەبێت؟ هەر لەبەر گرینگیی و بایەخی زمانە کە من بە کوردی دەنووسم. با ڕێز بۆ هزر و ئەندێشەی جیاواز دابنێین و تکایە با ئیتر هیچ کوردێک ئه و داوایەم لێنەکات کە بە فارسی بنووسم.[1]