دواڕۆژ، عەلی حەمەسەعید
بەرپرسی نوسینگەی مافی مرۆڤی #هەڵەبجە# ئاشکرایدەکات، بەهۆی خراپی باری گوزەرانی هاوڵاتیان و نەبوونی یاسایەک بۆ ڕێگریکردن لە منداڵانی ئیشکەر، تەنها لە ساڵی ڕابردوودا 400 خوێندکار وازیان لە خوێندن هێناوە و ڕوویان لە کارکردن کردووە.
ئاری محەمەد، کە بەمدواییە وازی لە خوێندن هێناوە و ئێستا سەرقاڵی کارکردنە بە دواڕۆژی وت لە پۆلی هەشتی بنەڕەتی بووم، بەهۆی ئەوەی باری گوزەرانی خێزانەکەمان باش نەبوو، باوکیشم گیانی لەدەستداوە، ناچاربووم بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆم و خێزانەکەم ڕووبکەمە کارکردن و ئێستا ڕۆژانە لە یاریگا و شوێنە گشتییەکان بە فرۆشتنی ئاو و پاقلە بژێوی خۆم و خێزانەکەم دابیندەکەم.
وتیشی، سەرقاڵبوونم بە کارکردنەوە بووەتە هۆی ئەوەی نەتوانم لەگەڵ هاوڕێکانمدا یاری بکەم و بگەڕێم، لەکاتێکدا منداڵانی هاوڕێم سەرقاڵی خوێندن و یاریکردن و گەڕانن و منیش زۆر حەزم دەکرد کە هاوشێوەی ئەوان بومایە، بەڵام بەداخەوە خراپی باری گوزەرانی ژیانمان ناچار بە کارکردنی کردوم.
زۆربەی ئه و منداڵانەی وازیان لە خوێندن هێناوە پەشیمانن، بەڵام ناچارن بۆ بژێوی ژیانیان کاربکەن.
گوڵستان ئەحمەد، بەرپرسی نوسینگەی هەڵەبجەی مافی مرۆڤ، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند جێگەی داخە کە کارکردنی منداڵان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بە کارێکی ئاسایی سەیردەکرێت و یاسایەکی ئه و تۆ نییە کە ڕێگری بکات لە کارکردنی منداڵان ئەگەر یاساش هەبێت وەک خۆی جێبەجێناکرێت، ئەوەش وایکردووە کە یەکێک له و مەترسیانەی کە ڕووی لە کۆمەڵگای کوردی کردووە، کارکردنی منداڵانە لە تەمەنە جیاوازەکاندا.
ئەوەشی خستەڕوو، بە گوێرەی ئامارێک کە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەڵەبجەوە وەرمانگرتووە تەنها لە ساڵی ڕابردوودا 400 خوێندکار لە قۆناغە جیاوازەکان وازییان لە خوێندن هێناوە و ڕوویان لە کارکردن کردووە، زۆربەی ئەوانەش وازیان لە خوێندن هێناوە منداڵن و نابێت کاربکەن، ئەوەش چەند هۆکار و پاڵنەرێکی تایبەت بەخۆی هەیە، کە گرنگترینیان خراپی باری گوزەرانی خێزانەکانە.
ئه و بەرپرسەی مافی مرۆڤی هەڵەبجە ئەوەشی وت، هەندێک جار چاولێکەری هۆکارێکە بۆ زۆربوونی منداڵانی ئیشکەر، چونکە کاتێک منداڵێک دەبینێت منداڵێکی هاوڕێی کاردەکات ئەمیش کارکردنی بەلاوە ئاسایی دەبێت، ئەگەرچی باری دارایی خێزانەکەشیان باشبێت، بۆیە زۆر گرنگە خێزانەکان هۆشیاربکرێنەوە و هەروەها حکومەتیش پلانی تایبەت بەخۆی هەبێت لە ئاست پێدانی مافەکانی منداڵان، بە پێچەوانەوە ساڵ لە دوای ساڵ مەترسی زیاد بوونی منداڵانی ئیشکەر زۆرتر دەبێت.[1]
#23-05-2018#