بەپێی نوێترین داتای دەستەی ژینگەی هەرێم ئاستی ئاوی کانیاو و ژێر زەوی لە هەرێمی کوردستان کەمبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان کە کۆپییەکی دەست دواڕۆژ کەوتووه، ئاوی ژێر زەوی لە هەرێمی کوردستان لە بارودۆخێکی خراپدایە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ قووڵیی بیرەکان زیاددەبێ و بڕ و جۆرەکەشی بەره و کەمبوون و پیسبوونی کیمیاویی و فیزیایی دەچێت.
دەستەی ژینگە ئاشکراشیکردووە، گۆڕانی کەشوهەوا لەجیهان ساڵ بە دوای ساڵ بۆتەهۆی وشکبوون یان کەمبوونەوەی بڕی ئاوی کانیاوەکان جگە لە هۆکاری تری وەکو لێدانی ژمارەیەکی زۆر بیری پایل دوور لە ڕێنماییەکانی دووری لە کانیاوەکان.
بەپێی ئه و داتا و ئامارەی دەست دواڕۆژ کەوتووە، دەستەی ژینگە نمونەی حەوت حەوزی ئاوی لەهەرێمی کوردستان وەرگرتووە لە دەرەنجام دەرکەوتووە ڕێژەی ئاو لە (4 بۆ 79) مەتر دووجا کەمیکردووە.
ئاژانسی (ناسا) لەنوێترین توێژینەوەیدا، کە لە ڕێگەی مانگی دەستکردی (GRACE) تایبەت بە تەکنەلۆژیای گەڕان بە دوای ئاوی سازگاردا ئەنجامیداوە و لە (2002)ەوە دەستی بەکارکردووه، هۆشداریدەدات لەبارەی کەمبوونەوەی ئاو لە 19 وڵاتی جیهان.
ئاژانسی بۆشاییگەری ئاسمانی ئەمریکا (ناسا) له و ڕاپۆرتەدا سەبارەت بە عێراق و سووریا ئاماژەی بەوەکردووە، لە عێراق و سووریا ئاوی سازگار ڕووی لە نەمانە و ئه و دوو وڵاتە تێنووترین وڵاتی ناوچەکەن.
ئاشکرایکردووە، 19 ناوچەی جیهان ڕووبەڕووی کەمئاوی و وشکیی دەبنەوە لە نێویشیان عێراق و سووریا، کە ڕووبەڕووی قەیرانی کەم ئاوی دەبنەوە بەهۆی ئه و (22) بەنداوە گەورەیەی تورکیا لەسەر ڕووبارەکانی دیجلە و فورات لە ماوەی (30) ساڵی ڕابردوودا دروستیکردوون.
ئه و توێژینەوەیەی ناسا دەشڵێت عێراق و سووریا زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە لەجیهاندا و (%30)ی سەرچاوەی ئاوی سازگاریان لەدەستداوە و جگە لە عێراق و سووریا، هەریەک له ناوچەکانی (هیندستان، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ویلایەتی کالیفۆرنیا، ئوسترالیا) زۆرترین ناوچەی زیانمەندن و ڕێژەیەکی بەرچاوی سەرچاوە ئاوییەکانیان لەدەستداوە.
ناسا هۆشداریشیداوە لەوەی قەیرانی ئاو، قەیرانی سەرەکی ئەم سەدەیە دەبێت، بەوپێیەی سەرچاوەکانی ئاوی سازگار لە زۆر ناوچەی جیهان ڕوویان لە لەناوچوون کردووە بە تایبەتی ئه و ناوچانەی دەکەونە نزیک هێڵی کەمەرەیی زەوی.
ئه و ئاژانسە، داواشدەکات هەر لەئێستاوە کاربکرێت بۆ بەرگرتن لە زیانەکانی کەمبوونەوەی ئاو و هەوڵی ڕێگەگرتن لە لەناوچوونی سەرچاوە ئاوییەکان.[1]
#23-05-2018#