کاتژمێر 06:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ، دوای زیاتر لە 8 کاتژمێر گفتوگۆو و تاوتوێکردنی کێشەکانی گەنجان و ژنانی گەنج لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆتایی بە کارەکانی کۆنفرانسی گەنجانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هات.
لە کۆنفرانسەکەدا، گەنجانی نەتەوە و پێکهاتە و ئاینە جیاوازەکانی بەشدار لە کۆنفرانسەکە، دید و بۆچوونی خۆیان لەسەر کێشە و قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت کێشەکانی گەنجان و ژنان دەربڕی و کێشەکانی گەنجان خاڵی سەرەکیی گفتوگۆکان بوو.
لە ئەنجامی گفتوگۆ و پانێڵەکانی کۆنفراسەکە، 12 خاڵ وەک دەرئەنجامی کۆنفرانسەکە خرایەڕوو، کە بریتین لە:
1- بە ئامانجگرتنی ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە، کە تێکۆشانی بۆ ئازادیی گەنجان و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە.
2 دەسەڵاتداران و دەوڵەتان کە هۆکاری سەرەکی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، گەنجان بە خۆڕێکخستنکردن ڕووبەڕوویان دەبنەوە.
3 ئەم کۆنفرانسە ئازادیی ژن و ژینگەپارێزیی لە تێکۆشانی خۆیدا بە بنەما دەگرێت.
4 دژی هەموو هێرشەکانی مۆدێرنیتەی کاپتالیزم بەرخۆدان بەڕێوەدەبەین.
5 لە بەرامبەر دەزگا هەرێمیی و جیهانییە نەتەوەپەرستەکان تێکۆشانی چالاک بەڕێوەدەبەین.
6 لە دژی هەموو هێرشە دەرەکییەکان بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تێکۆشانی بەڕێکخستن بە بنەما دەگرین.
7- لەسەر بنەمای ئازادیی کوردستان، ئازادیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ئازادیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، ئازادیی کوردستانە، خۆڕاگری و شۆڕش بەڕێوەدەبەین.
8- لە بەرامبەر هێرشی قڕکردنی کەلتووری، کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت کوردستان پێکدێت، و بە ژیانەوەی چاند و هونەر و کەلتوری کۆمەڵگای دیموکراتیک، ڕووبەڕووی ئەو قڕکردنە دەبینەوە.
9 پێکەوەژیانی گەلان و ئایینەکانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست بە بنەما دەگرین.
10- کۆردیناسیۆنێکی هاوبەش دروستدەکرێت، بۆ پێکهێنانی ئەنجامەکانی کۆنفرانسی گەنجانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
11- پاراستنی زاراوەی زازاکی، کە ڕووبەڕووی قڕکردن بووەتەوە.
12- گۆڤارێک لەسەر ناوی گەنجانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەربکرێت.
جێگای ئاماژە پێکردنە، کاتژمێر 10:00ی بەیانی ئەمڕۆ، لە هۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی، بە بەشداری گەنجانی هەر چوارپارچەی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی، کۆنفرانسی گەنجانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستیپێکرد.
لە کۆنفرانسەکەدا نزیکەی 30 حزب و ڕێکخراو لە هەرچوارپارچەی کوردستان و عێراق و سوریا و تورکیا و ئێران بانگهێشت کراون و 300 بۆ 400 ئەندام تێیدا بەشداربوون.
#25-05-2018#