دەقی نامەکەی دایکی ڕامین حسێن پەناهی:
[ئەوە نامەی دایکێکە لە شارۆچکەیەکی بچووکی کوردستانی ئێران، نامەی دایکێک کە هەموو ڕۆژێ ترس و دڵەڕاوکێ بەری نادا، هۆکاریش ئەوەیە لە زیندانێکی نزیک لێیەوە دوای مانگی ڕەمەزان بڕیارە بەشێک لە دڵی لە سێدارە بدرێت، دەزانن واتای چیە؟ کە بیر لەو کارەساتە دەکەمەوە موچورکم پێدا دێت و بێزارم لە وشەی (سێدارە).
بیستوومە خۆتان دایکن و دوو کچتان هەیە کەواتە دەتوانن بۆ تاوێکیش بێ لەدڵەوە بەدوور لە سیاسەت گوێ لە قسەکانم بگرن.
من دایکێکی ئازار چێشتووم، سی ساڵە دەردم ناسیووە و ساڵانێکی زۆرە بە دوای ڕۆڵەکانمەوەم، ئەو ڕۆڵانەی کە باسی دادپەروەری و یەکسانی دەکەن و کردوویانە و هەوڵیان بۆ داوە، بەڵام لێرە هەموو شتێک قەدەغەیە، ئێمە لە دۆزەخدا دەژین و ژیانی ئەم ڕۆژانم وەک ئەوەیە کە لە دۆزەخدا بم.
ڕامین حوسێن پەناهی کە دڵنیام ناوتان بیستوە و وێنەکەیتان بینیوە، ڕۆڵەی خۆشەویستی منە. ڕامین هەر هەڵەیەکیشی کردبێ سزای مەرگ نیە، ئایا ئەوە قسەیەکی ناحەقە کە من دەیکەم؟ ڕامین چالاکێکی سیاسییە کە دۆسیەیەکی سەرانسەر لە درۆی بۆ ساز کراوە و بەو هۆیەوە نزیکیان کردووەتەوە لە مەرگ. داواکاریی من ئەوەیە کە لەم ڕۆژانەدا کە لەگەڵ بەرپرسانی ئێران خەریکی قسە و دانوستانن، داخوازییەک بۆ داخوازییەکانی پێشووتان زیاد بکەن و داوای هەڵوەشانەوەی بڕیاری لەسێدارەدانی ڕامین بکەن و لە دادگەیەکی ئەورووپاییدا دادگەیی بکەن.
دەمەوێت بۆ تاوێکیش بێت لە ڕێگەی ئەم نامەیەوە خۆتان بخەنە جێگەی ئەو دایکەوە کە چی دیکە توانای کارەساتی دیکەی نەماوە.
دڵی من و ڕۆڵەکەم ئەم ڕۆژانە پەیوەستە بە یەک و دەزانم بۆ ڕۆڵە بچووکەکەم ڕامین ئەم ڕۆژانە زۆر ناخۆش و ئەستەمە، مۆتەکەی سێدارە! دەمەوێت بۆ تاوێکیش بێ لەم هەستەی من نزیک ببنەوە و خۆتان لە جێگەی من دابنێن، کارێک بکەن و ڕێگە نەدەن ئەم کارەساتە ڕوو بدات، دڵنیام ئێوە دەتوانن، سەمیمانە تکام ئەوەیە هەوڵی جددیی خۆتان بۆ وەستاندنی ئەو بڕیارە بدەن و ڕێگە مەدەن ڕامین لە سێدارە بدرێت.]
ڕامین حسێن پەناهی، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ساڵی پار دەستگیرکرا و پاشان لە لایەن لقی سنەی دادگەی (شۆڕشی ئیسلامی)یەوە، بە تۆمەتی شەڕ لەگەڵ حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. کاربەدەستانی زیندان ڕایانگەیاندووە لە دوای مانگی ڕەمەزان بڕیاری لەسێدارەدانی ڕامین جێبەجێ دەکرێت.[1]
#25-05-2018#