دواڕۆژ، ڕێبین حەسەن
داشکاندنی بەهای تمەنی ئێرانی سودی بۆ مامەڵە و کاروباری بازرگانانی کورد لەمەرزی نێودەوڵەتی #باشماخ# هەیە و بەرپرسێکی مەرزەکەش ئاشکرایدەکات، تەواوی مامەڵە بازرگانییەکان بە دیناری عێراقییە و ئەوەش لە بەرژەوەندی و سودی بازرگانانی هەرێمە.
شاخەوان بەکر، بەڕێوەبەری گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ بەدواڕۆژی ڕاگەیاند، ماوەی چەند هەفتەیەکە بەهای تمەنی ئێرانی دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و وەک مەرزی نێودەوڵەتی باشماخیش کە پەیوەندی ڕۆژانە و بەردەواممان لەگەڵ وڵاتی ئێراندا هەیە ئەو دابەزینە لە سود و بەرژەوەندی بازرگانانی خۆمانە.
وتیشی لەئێستادا دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی هیچ کاریگەری نەکردوەتە سەر بەهای دیناری عێراقی، بێگومان بەهای تمەن چەندێکیش ناجێگیربێت، کاریگەری ئەوتۆی نابێت بۆ سەر ئێمە، بەپێچەوانەوە ڕەنگە بەقازانج بۆمان بشکێتەوە.
روونیشیکردەوە هەتا تمەن دابەزێت دیناری عێراقی لەبەرامبەریدا سەردەکەوێت و ئەوەش تاڕادەیەکی زۆر بۆ بازرگانەکانی ئێمە سودی هەیە، چونکە هەر بابەتێک کە بێتە باشماخی هەرێم، بەدیناری عێراقی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و تەواوی مامەڵە گومرگییەکان لە باشماخ هەر بەدیناری عێراقییە.[1]
#27-05-2018#