دابەزینی بەردەوامی بەهای لیرەی تورکی لە بەرامبەر هەندێک لە دراوەکانی دیکەدا سەرۆککۆماری تورکیای هێنایە دەنگ.
رۆژی شەممە 26-5-2018 ڕەجەب تەیب #ئەردۆغان# داوای لە دەوڵەمەندەکانی وڵاتەکەی کرد دۆلار و یۆرۆکانیان بە لیرەی تورکی بگۆڕنەوە بۆ ئەوەی لە جێگیرکردنی بەهای دراوی تورکیادا یارمەتیدەر بن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتی برایانی خۆشەویستم، کاتێک دەسەڵاتمان گرتەدەست 23.5 ملیار دۆلار قەرزاری سندووقی نەختی نێودەوڵەتی بووین، ئەو قەرزەمان لە 2013دا کردەوە سفر، یەدەگی بانکی ناوەندی 27.5 ملیار دۆلار بوو، بەڵام ئێستا 110 ملیار دۆلارە، ئێستاش دەبینم جارێکی دیکە هەندێک کێشە سەریان هەڵداوەتەوە. دەمەوێت بەوانە بڵێم کە دۆلار و یۆرۆیان لە ژێر سەریندایە با وەبەرهێنان لە لیرە و دراوی خۆماڵیدا بکەن. ئێمە پێکەوە ئەم یارییە کۆتایی پێدەهێنین.
پارتی داد و گەشەپێدان بەهێزترین پارتی تورکیایە و ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامەکانیشی متمانەیەکی تەواویان بە سەرۆکی پارتەکەیان و سەرۆککۆماری وڵاتەکەیان هەیە.
ئەوان پێیانوایە، دابەزینی بەردەوامی بەهای لیرەی تورکیا پیلانی هەندێک هێزە و ئەردۆغان پوچەڵی دەکاتەوە.
بەڵام ئەو یارییەی ئەردۆغان باسیدەکات گوشارێکی گەورەی لە سەر خەڵکی تورکیا دروستکردووە.
خەڵکی تورکیا دەڵێن، دابەزینی بەهای لیرەی وڵات شتێکی نوێ نییە و لەم هەموو مانگەی ڕابردوویشدا حکومەت نەیتوانیوە هیچ کارێکی ئەوتۆ بکات.
عەلی یێلیک، کارمەند دەڵێت لە سەرەتای ئەمساڵەوە و لەم پێنج مانگەدا دراو 40%ی بەهای لەدەستداوە، کێ دەتوانێت نیگەران نەبێت؟ ئەمە شتێکە لە بارودۆخی ئاساییدا ڕوونادات. ئەمە شتێکی ئاسایی نییە.
ئەم بارودۆخە ئابوورییە شڵەژاوە لە کاتێکدایە، لە 24ی مانگی داهاتوودا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی لە تورکیا بەڕێوەدەچێت.[1]
#27-05-2018#