ڕێکخراوی نێونەتەوەیی مێدیکۆ (Medico International) کە لە بواری مافەکانی مرۆڤ کار دەکات، لەپێناو هاریکاریکردنی زیانلێکەوتوانی شەڕ لە شار و شارۆچکەکانی باکووری کوردستان کە لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە ماڵەکانیان ڕووخێنراوە، دەستی بە پڕۆژەیەک کرد. له و چوارچێوەیەدا ڕێکخراوەکە وەک هەنگاوی سەرەتا هەزار خانوو بۆ ئه و خێزانانە دروست دەکات کە ماڵەکانیان وێران کراون و سەرەڕای ئەوەش واری خۆیان جێنەهێشتووە.
ژمارەیەکی زۆری زانا، سیاسەتمەدار، هونەرمەند، نووسەر و ڕۆژنامەوانی ئەڵمانیا پشتگیری ئەم پڕۆژەیە دەکەن. مێدیکۆ ئینتەرناسیۆنال دەربارەی پڕۆژەکە لێدوانی دا و دەستنیشانی کرد کە بە هەوڵی هاوبەش، ئامێرەکانی دروستکردنی خانوویان ڕەوانە کردوون و ئه و کەسانەی ماڵیان ڕووخێندراوە، لەسەر خاکی خۆیان دەستیان بە دروستکردنی خانوو کردووە.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، سەرەڕای هەبوونی هێزەئەمنییەکانی تورکیا و هەوڵەکانیان بۆ چاوترساندنیان، بناغەی خانووەکان دادەنێن و دیوارەکان دروست دەکەن.
(ئەوەی بەسەر کوردان هاتووە، نابێ لەبیربکرێت)
مێدیکۆ ئینتەناسیۆنال لە درێژەی لێدوانەکەیدا سەرنجی ڕاکێشاوەتە سەر گرینگی تێگەیشتن لە سەدان هەزار کورد کە بەهۆی زەخت و زۆرداری دەوڵەتی تورکیا کۆچیان کردووە بۆ شوێنی جیاواز. ڕاشیگەیاندووە، 500 هەزار مرۆڤ لە شەڕی چەند ساڵی ڕابردوودا، بێ ماڵ و وار ماونەتەوە.
(زۆرینەی ئه و مرۆڤانەی کە بێ ماڵ ماونەتەوە، جاری یەکەمیان نییە کە شتێکی وەهایان بەسەر بێت. لە دەستپێکی ساڵانی 1990یش، گوندەکانیان سووتێندرابوون و ناچاربووبوون بۆ شارەکان کۆچ بکەن. زیانی هێرشەسەربازییەکانی ئێستا بوونەتە هۆی ئەوەی کە مرۆڤەکان پاش 25 ساڵ سەرلەنوێ کۆچ بکەن. ڕیسک و ترسی ئه و کاتە دووبارە دەبێتەوە.)
(پێویستە پشتگیریی پڕۆژەکە بکرێت)
هاوکات ئه و کەسانەی کە پشتگیرییان لە بانگەوازییەکەی مێدیکۆ ئینتەرناسیۆنال کردووە، ڕایانگەیاند کە پێویستە پشتگیریی پڕۆژەی سەرلەنوێ بونیادنانەوە بکرێت. گوتیشیان: داوای دروستکردنی خانووی نوێ، نیشانەوەی داواکاریی کوردانە بۆ ژیان لە تورکیایەکی دیموکرات و مافی مانەوە لە وەڵاتی خۆیان. ئەمەش هاوشێوەی پڕۆژەی دروستکردنی ماڵەکانی هیوا، بە هەوڵدانی هاوبەش، بە ناسینی فرەڕەنگی ئایینی و ئەتنیکی لەنێو کۆمەڵگەدا، بە قبووڵکردنی جیاوازییەکان و پاراستنی ئازادی و یەکسانیی هەموو کەسێک بەدی دێت.
هاوپشتانی پڕۆژەی (ماڵەکانی هیوا) ڕایانگەیاند: لەپێناو جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی وەها، پێویستە پشتیوانی لە ستەملێکراوانی تورکیا و جیهان بکرێت.[1]
#30-05-2018#