- جەماوەری دڵسۆزی کوردستان...
- کەس و کار و بنەماڵەی شەهیدانی کوردستان...
ئەمڕۆ 31/5/2018 هەژدە ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی شەهید #سەربەست مەحمود# ئەندامی مەکتەبی سیاسیی YNDK و سەرنووسەری ڕۆژنامەی میدیا تێپەڕدەبێت و تیرۆریستان دوور لەهەموو بەهاو یاساو ڕێسایەکی ئایینی و مرۆڤایەتی لە 31/5/2000 دەستی ڕەشی چەپەلیان گەیاندە گیانی پاکی ئەم سەرکردەیەو شەهیدیان کرد, تیرۆریستان بەم کارە قێزەوەنەیان مێژووی شوومی خۆیان ڕەشترکرد, شەهید سەربەستیش بووە سیمبۆڵی بەرخۆدان و شۆڕشگێڕی نەتەوەکەمان لەپێناو سەربەخۆیی کوردستاندا.
شەهید سەربەست مەحموود سیاسەتوان و ڕۆژنامەنووسێکی بوێرو هەقگۆ بوو، زۆر ئازایانە ڕەخنەی لەسیاسەتی داگیرکاری دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان دەگرت و لەرێگەی نووسینەکانی هەموو کات نەخشە و پیلانەکانی دەکردنە بڵقی سەرئاو و لەدیدگایەکی وڵاتپارێزانە و بەشێوازێکی هێمنانە ڕووبەڕوویان دەبۆوە، هەڵوێستە نەتەوەییەکانی لەنێو ڕۆشنبیران و وڵاتپارێزان زۆر کاریگەر بوو، لەبەرئەوە لەهەموو بەشەکانی کوردستان شەهید سەربەست مەحموود ناسراو و خۆشەویست بوو, بۆیە تا ئەم ساتەش کارەساتی شەهیدکردنی برینێکە و سارێژ نەبووە.
تێپەڕبوونی هەژدە ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی شەهید سەربەست مەحموود و ئاشکرانەبوونی بکوژانی بۆ ئێمەو خانەوادەکەی و هەموو دۆستان و هەڤاڵانی جێگەی نیگەرانییە، هیچ ڕەوا نیە کەوا تا ئێستا بکوژانی شەهید نەدۆزرێنەوە، لێرەوە جارێکی دیکە داوا لەحکومەتی کوردستان و دەزگاکانی ئاسایش و پۆلیس دەکەین بەشێوەیەکی جددیانەتر هەوڵی زیاتر بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی بکوژانی شەهید سەربەست ئاشکرا بکرێن و لەدادگاییەکی دادپەروەرانە بەسزای خۆیان بگەن.
- سڵاو لەگیانی پاکی شەهید سەربەست مەحموود و گشت شەهیدانی ڕێی سەرخۆبوون و ئازادی کوردستان.
- مردن ڕووڕەشی بۆ دوژمنان و تیرۆریستان.
- بێتەدی کوردستانێکی سەربەخۆ و ئازاد و یەکگرتوو دیموکرات.
مەکتەبی سیاسيی
یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستانYNDK
10 ی جۆزەردان / 2718ی کوردی
#31-05-2018#ی زایینی
هەولێر - باشووری کوردستان