نەوت یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی داهاتی ئێرانە و نزیکەی 22%ی ئابووریی ئێران پێکدەهێنێ، لەپاش خزمەتگوزاری و سەرچاوە کانزاییەکان و پیشەسازی بە سێیەم کۆڵەکەی سەرەکی ئابووریی ئێران دادەنرێ. هەرچەندە ئێران هێندەی وڵاتانی کەنداو وابەستەی نەوت نییە، بەڵام بایەخی نەوت بۆ ئابووریی ئێران لەوەدایە کە لەپاڵ غازی سروشتی گرنگترین ماتریاڵی هەناردەکراوی ئێرانە. لە سەردەمی باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمریکادا سزا ئەتۆمییەکانی ئێران کەرتی نەوتیشیان گرتبووەوە، چاوەڕێ دەکرێ ئەمجارەش وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا نەوتی ئێران بخاتە لیستی سزاکانەوە و بەوەش کەرتی وزەی ئەو وڵاتە بەرەوڕووی داڕمان بکاتەوە.
ئاکامە کورتخایەنەکان
چاوەڕێ دەکرێ ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی ئێران قۆناغ بە قۆناغ دابەزێ. ساڵی 2015 و پاش ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی نێوان ئێران و کۆمەڵەی 5+1، ئێران ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزکردەوە. مانگی ڕابردوو وەزارەتی نەوتی ئێران ڕایگەیاند کە ئاستی هەناردەی نەوتیان گەیشتووەتە 2.6 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا و 60%ی ئەو نەوتەش بۆ چین، هیندستان، کۆریای باشوور و ژاپۆن چووە.
گرنگیی ئەو ژمارانە لەوەدایە کە ئێران لە ساڵی 2012 (واتە پێش سزا ئەتۆمییەکانی ئیدارەی ئۆباما) نزیکەی 2.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێکدا هەناردە دەکرد. بەو پێیەش ئاستی هەناردەی نەوتی ئێران لە مانگی نیسان ئاستی پێش سزاکانی 2012ی تێپەڕاندووە.
ئێران داوای لە چین و لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە پابەندی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە بن و سزاکانی ئیدارەی ئەمریکی لەسەر کەرتی نەوتی وڵاتەکەی ڕەت بکەنەوە. کۆریای باشووریش لەلایەکەوە داوای لە ئەمریکا کردووە سزا ئەتۆمییەکان هەناردەی کەرتی نەوت نەگرنەوە، لەلایەکی دیکەشەوە لە هەوڵی دۆزینەوەی سەرچاوەی نوێی نەوتی خاودایە، سعودیە و عێراقیش دوو ئەڵتەرناتیڤی سەرەکین بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە.
ڕاپۆرتێکی پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە واشنتن (MEI)چاوەڕێ دەکات داوای هیندستان و چین لەسەر نەوتی ئێران بە بەهێزی بمێنێتەوە، بەڵام ئەوروپا، ژاپۆن و کۆریای باشوور بە وریاییەکی زیاترەوە مامەڵە لەگەڵ نەوتی ئێران بکەن.
دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی ئێران کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر ڕێژەی نەوتی بازاڕەکان و نرخەکانی نەوت دادەنێ. پێشتر سعودیە بەڵێنی دابوو لەحاڵەتی دابەزینی ئاستی هەناردەی نەوتی ئێران، ئەوان خۆیان باڵانسی نەوتی بازاڕەکان ڕابگرن.
کاریگەریی درێژخایەن
لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ئابووریی ئێران قازانجی گەورەی لە لادانی سزاکان کردووە. لە سەرووی هەمووشیانەوە بەرزبوونەوەی داهاتی هەناردەی نەوتی ئێران دێ، بەڵام لە ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی بۆ پەرەپێدانی کەرتی نەوت و غازی وڵاتەکەی، تاران سەرکەوتوو نەبوو.
گەورەترین گرێبەستی وزە کە ئێران لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکاندا واژۆی کردبێ، لەگەڵ کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی چین و کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی بووە بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی زەبەلاحی غازی پارسی باشوور. کۆمپانیای تۆتاڵ تاکە کۆمپانیای ئەوروپییە کە گرێبەستی دۆزینەوە و پەرەپێدانی کێڵگەی نەوت و غازی لەگەڵ ئێراندا واژۆ کردبێ، بەڵام ئەو کۆمپانیایە ڕۆژی 16ی ئایار لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا کۆمپانیا فەرەنسییەکان لە سزاکان لانەدات لە پڕۆژەکەی پارسی باشوور دەکشێنەوە.
وەبەرهێنانی بەرایی کۆمپانیا فەرەنسییەکە بە بڕی یەک ملیار دۆلار بوو. کۆمپانیاکە تاوەکو ئێستا 47 ملیۆن دۆلاری لە پڕۆژەکە خەرج کردووە. بۆیە دەرچوون لە گرێبەستەکە لەو قۆناغەدا کاریگەری لەسەر باری دارایی و بەرزبوونەوەی داهاتی کۆمپانیاکە دەبێ.
ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی ناوچەکە کە بەشی زۆری پیشەسازی و تەکنەلۆژیای نەوت و غازی خۆی لە نێوخۆ بەرهەم دەهێنێ، بەڵام بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتی و غازییەکانی پێویستی بە پارە و وەبەرهێنانی دەرەکییە.
ماوەی سێ ساڵ سزای ئەتۆمیی قورس (2012 بۆ 2015) پێشکەوتنی کەرتی نەوت و غازی ئێرانی یەکجار خاو کردبووەوە. هەر ئەمەش یەکێک لەو هۆکارە سەرەکییانە بوو کە ئێران سێ ساڵی بوێ بۆ ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەی وڵاتەکەی بۆ ئاستی پێش سزاکانی 2012 بگەڕێنێتەوە. گەڕانەوەی سزا ئەتۆمییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران قەیرانی گەورە بۆ پێشخستنی کەرتی نەوتی ئێران و ئابووری ئەو وڵاتە دروست دەکات.
بەشی پاڵاوگەکان یەکێک لەو بەشە سەرەکییانە بوو کە ئێران دەیویست لەدوای ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ڤیەننا پەرەی پێبدات. بانکی ئێکسپۆرت ئیمپۆرتی کۆریای باشوور ڕەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی 15 ملیار دۆلار بە پڕۆژەکانی پەرەپێدانی پاڵاوگەکان لە ئێران تەرخان کردبوو، بەڵام پاش بڕیاری کۆشکی سپی لەبارەی کشانەوە لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە، پێناچێ بانکە کۆرییەکە لەسەر ئەو گرێبەستە بەردەوام بێ.
پێشکەوتنی پیشەسازی و تەکنەلۆژیای نەوت و غاز، یەکێک لەو میکانیزمانەیە کە وڵاتانی بەرهەمهێن بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی دەرهێنان و دابەزاندنی بەهای گرێبەستە نەوتی و غازییەکان دەیگرنەبەر. ئەگەر پیشەسازیی نەوت و غازی ئێران لەو ئاستەی ئێستایدا بمێنێتەوە، ئەوە ئەستەمە لە داهاتوودا بتوانێ ململانێ لەسەر بازاڕەکان بکات.[1]
#01-06-2018#