دواڕۆژ، #زریان محەمەد#
سەرۆکی ژووری بازرگانی #سلێمانی# داوا دەکات حکومەت کۆمپانیا گەورەکانی هاوردەکردنی کەلوپەل بۆ هەرێم ناچار بکات کارگەکانیان لە کوردستان دامەزرێنن.
سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بەدواڕۆژی ڕاگەیاند ئێمە هەموو هەوڵێکمان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمی ناوخۆیە و پشتیوانی بەرهەمە ناوخۆییەکان دەکەین، بەڵام کاڵای تورکی لەبازاڕەکانی هەرێمی کوردستان زیادی کردووە نەک کەم لەبەرئەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ماوەی 90 ڕۆژ دەروازە سنوریەکانی بەڕوی هەرێمی کوردستاندا داخست، له و ماوەیەدا کاڵای تورکی تا ڕادەیەک جێگەی کاڵای ئێرانی گرتەوە''.
ڕاشیگەیاند لەئێستا کاڵای تورکی لەبواری کەلوپەلی ناوماڵ و خۆراک و پاکردنەوە بازاڕی کوردستانیان داگیر کردووە و لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە ڕۆژانە دەیان ڕیکلام بۆ ئەو کاڵایانە دەکرێت، بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێم و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی کۆمپانیا تورکییەکان ناچار بکەن کارگەکانیان بهێنن بۆ کوردستان.
سەرۆکی ژووری بازارگانی ئاماژە بەوەشدەکات لەهەموو دنیادا ڕێگە نادرێت تەنها کاڵا هەناردە بکرێت، بەڵکو ئەگەر ئێستا بازرگانێک لە کوردستانەوە بیەوێت شتومەک هەناردەی تورکیا یان هەر وڵاتێکی تر بکات ڕێگەی پێنادرێت و داوای لێ دەکەن کارگە لەتورکیا دابمەزرێنێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لەئێستادا دەیەوێت گرنگی بە بەرهەمی ناوخۆی بدات، بەڵام تائێستا بەرهەمی ناوخۆیی وەک پێویست نییە بەهۆی زۆریی هاوردەکردنی کەلوپەل لە وڵاتانی دراوسێوە.[1]
#01-06-2018#