ناوی نووسەر: #جەمال غەمبار#
ناوی پەڕتووک: ڕوبارێک بە قەڵەمی خۆی!
بابەت: شیعر
شەوی فڕینەکانی من
لە شەوی چ باڵندەیەکی تر ناچێ
خەوی کۆچەرییانەی من
لە خەوی چ ڕەوەندێکی تر ناچێ.
شەوی زاهیدانە شەوی من
بۆیە هەموو دەمێ بەر لە خەوتن
لەسەر عاشقترین ڕوبار
حیکایەتی دڵشکانی ئەستێرەیەک
بۆ غەمگینترین ئاسمان ئەگێڕمەوە.
بەر لە خەوتن
هەموو شەوێک ئەچمەوە ناو بیرەوەری
هەموو شەوێک گەڵاکانی ناو زاکیرەم هەڵئەوەرێن!
هەموو شەوێک بەر لە خەوتن
لەبەر ئاوێنەکەدا خۆم لە تەنیایی ڕۆژ ئەتەکێنم
لاپەڕە 77
شیعرێک ئەگرمە باوەش و
دەستێک ئەگرم بە دڵمەوە
نە بادا نیشتمان بەربێتەوە و هەپرون ببێ
دەستەکەی تریشم ئەدەم بە خودا
نیگەرانیی کچ و کوڕە نائومێدەکانی
وڵاتی پێ کۆکاتەوە .
هەموو شەوێ بەر لە خەوتن
خۆم پڕ ئەکەم لە مۆسیقا
دەموچاوم بە ڕوناکی مۆمە غەمگینەکەم ئەشۆم
بەر لە خەوتن گڵۆپی سفری نزایەک هەڵئەکەم و
ئەڵێم خوایە، تەنیا ئەمشەو
ئەمشەو و بەس،
لە خەونێکدا بمبەرەوە بۆ نیشتمان!
لاپەڕە/ 78
=KTML_Bold=پەڕینەوە بە فرمێسکەکانی زێوانێکدا..=KTML_End=
بەدەم عەشقەوە بەستەیەک داگیرسێنە
باڕوناک ببمەوە بە دەم خەیاڵەوە،
پەلی شیعرێکم بگرە هەتا ئەگەمە ئاسمانت
حەرفی ئاوداری تۆ لەکۆێ بێت
قەڵەمی تینووی من وا لەوێ!
چرای ڕوانینی تۆ لەکام هەیوان بێت
من لەوێ هەڵئەبم
سەفەرێکەو
مردنێکەو
هاواری فەنابوونێکە من ئەیکەم و
وەک نەمامی دەوری حەوشەیەکی تەنیا
لەسەر پێ خۆم بۆ ناگیرێ و
لەتۆدا خۆم ئەڕوێنم..
کە هاتیشمەوە، پێم مەڵێن
کوانێ مێخەکی شارانت،
کوانێ سیحری ئاوابوونی پیریی و
کوانێ جورئەتی مردنێک
لە ئێوارەی ڕژانی دڵێک
لەباخی بێمروەتیی وسەفەردا!
کە دێمەوە
لەبەرپەنجەرەی ویساڵدا دڵم بۆ هەتاو ڕائەخەم
لەبەر دەرکی خەراباتی تا ئەبەد عاشقبووندا
لەگەڵ خۆم ئاشت ئەبمەوە،
بۆ ئەوەی
دەسکەمەوە بە کۆ کردنەوەی پارچەکانی هەتاو
بچمەوەبەر قاپیی سۆزە گەشەکەی مەولانا
پێ بڵێم نهێنی ئێوارانی تەنیایی خۆیم
لەکۆڵانە داخراوەکانیشام دا بۆ شەرحکات.
پێ بڵێم ئەو لە هەڵکردنی کام شیعردا
دڵۆپ دڵۆپ، نوری تکاندە دڵی سەلیم بەرەکات و
ئەو لە ماڵی کام مۆسیقادا خۆی کردە جیلوە و
خۆی نیشانی ئاوێنەکانی دڵشکان و
ڕۆحکێشان دا
پێی بڵێم تۆ کە غەرقیت لە خوا،
تۆ کە مەستیت بە ژنێتیی
باخچەکانی چاویدانیی،
تۆ کە ساراکانی ڕۆح
بە قەڵەمی بێهودەیی دنیا ئەکێڵیت،
تۆ کە مەسافەی نێوان شەراب و دڵ ماچ و شیعر
بە پەنجەی ئاو ئەپێویت،
ئیتر بۆ جارێکی تر لە زەمینی ئەم وەجدەی
منی نیشتمان و
لەڕوباری شیوەنی مەولەوی بۆ عەنبەری
شین نا بێتەوە و
ئیتر بۆ چی گۆرانییەکی تر بۆ گوڵ ناڵێیت و
باوەش ناکەیت بەدەریاداو
نابیتەوە بە ڕوناکیی بۆ ئەو دڵانەی
موحتاجن چنگێ با
لەبەختەوەریی قەرزکەن!
پەڕەی: 84 85 86 [1]