بەهۆی زیادبوونی کێشەی زەوی بەردەڵان لە سنووری پارێزگای #هەولێر# و تۆمارکردنی سەدان سکاڵای یاسایی پارێزگاری هەولێر لێژنەیەکی باڵای پێکهێنا، لەهەرچوار پارێزگاکەش 20 کەس کوژراون.
پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2008 یاسای ڕێکخستنی مافی دەستکاری زەوی و زاری کشتوکاڵی پەسەندکرد، بەڵام بەهۆی جێبەجێنەکردنی ئه و یاسایە لەماوەی ڕابردوودا ژمارەیەک کێشەی کۆمەڵایەتی ڕوویانداوه و لەماوەی سێ مانگی ڕابردووشدا لە هەرچوار پارێزگای هەولێر و دهۆک و سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 20 کەس کوژراون و ژمارەیەک کەسیش برینداربوون.
بەپێی یاسای ژمارە (117)ی ساڵی 1970 بە بڕیارێک زۆربەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی جوتیارانی دەشتی هەولێر لە زەوی کشتوکاڵییەوە گۆڕدراون بە زەوی بەردەڵان، بەڵام لە ئێستاشدا بەهۆی ئەوەی بەشێک له و زەوییە بەردەڵانە کە موڵکی حکومەتە و لەلایەن جوتیارانەوە بۆ کاری لەوەڕداری بەکاردەهێنرێت، لە ئێستادا بەشێوەیەکی نایاسایی لەلایەن کەسانێک دەستی بەسەرداگیراوە و دەکێڵرێت و بەمەبەستی کشتوکاڵی بەکاردەهێنرێت، ئەمەش بوەتە هۆی زیادبوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکان.
پارێزگای هەولێریش لیژنەیەکی باڵای بە سەرۆکایی خودی پارێزگار پێکهێناوە، بەمەبەستی یەکلاییکردنەوەی ئه و سکاڵایانەی کە بەهۆی داگیرکردنی زەوی بەردەڵان لەسنووری سەرجەم قەزا و ناحیەکان تۆمارکراوە.
بەپێی زانیارییەکانی دواڕۆژ، بەهۆی مەترسییەکان لەسەر سەرهەڵدانی کێشەی کۆمەڵایەتی لە سنووری هەر قەزا و ناحیەیەکی پارێزگای هەولێر، چەند لیژنەیەکی لاوەکی و باڵا لە پارێزگارو قایمقام و بەڕێوبەری ناحیە و وەزارەتی کشتوکاڵ و ناوخۆ و دارایی و موختار و کەسەیاتی گوندەکان پیکهێنراوە، بەمەبەستی ڕێگریکردن لە ڕووداوی کوشتن و چارەسەرکردنی ئه و کێشانەی پەیوەندی بە زەوی بەردەڵانەوە هەیە لەماوەی 3 مانگدا.
لەوبارەیەوە نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند ژمارەیەکی زۆر سکاڵا لەلایەن ژمارەیەک جوتیار و مەڕدار لەسنووری قەزا و ناحیەکان گەیشتوون بەوەی زەوی بەردەڵان کە موڵکی حکومەتە بەڵام لەلایەن خەڵکانێک کێڵدراوە، چونکە بە کێڵانی ئەم زەوییانە ئاژەڵدار و جوتیاران زەرەرمەنددەبن و شوێنێک بۆ لەوەڕی مەڕوماڵاتیان نامێنێت و جگەلەوەش ئەم کارە بە زیادەڕەوی بۆسەر موڵکی حکومەت دادەنرێت.
لای خۆیەوە عەبدوڵا خەیلانی، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێم، ئاماژەبەوەدەکات، بەشێک له و کێشانەی کە بەبەردەوامی و ڕۆژانە دەچێتە پۆلیس و دادگاکان بە تایبەتی لە سنووری قەزا و ناحیەکان پەیوەندی بە کێشەی زەوی و زارەوە هەیە، بەشێک لە کێشەکانیش بەشێوەی عەشایری لەدەرەوەی دادگاکان چارەسەردەکرێن.
دەشڵێت یاسای زەوی و زار بەهۆی زۆری کێشەکان بە ئاسانی جێبەجێناکرێت، پێویستە گۆڕانکاری تێدابکرێت وحکومەت لیژنەی تایبەت دروستبکات.
ئەیوب عەبدوڵا، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە پەرلەمانی کوردستان بۆ دواڕۆژ ئەوەی خستەڕوو، جوتیارانی سنوری قەزای دەشتی هەولێر یاداشتێکیان پێشکەشکردووە کە تایبەت بوو بە یاسای ژمارە 117ی ساڵی 1970 له و کاتەدا بڕیارێک دەرچوە کە زۆربەی زۆری زەوی کشتوکاڵی سنوری قەزای دەشتی هەولێر کراوەتە بەردەڵان و لە موڵکی وەزارەتی کشتوکاڵەوە کراوە بە موڵکی وەزارەتی دارایی به و هۆیەشەوە ئەوان ڕووبەڕووی کۆمەڵێک گرفتی جۆراوجۆر بونەتەوە.
ئاماژەشی بەوەکرد، پێویستە هەریەک لە وەزارەتی دارایی و وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ ئەوەی ئه و کێشەیە چارەسەر بکرێت، دەبێت موڵکایەتی لە نێوان هەردوو وەزارەتەکە بگۆڕن یان وەکو لیژنە پڕۆژەیاسایەک ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکەن و لەڕووی یاساییەوە بڕیارێکی بۆ دەربکرێت.[1]
#03-06-2018#