دوارۆژ، کاروانی #گەرمیان#ی
وەکو خۆیان ئاماژەی پێدەدەن بەهۆی دواکەوتنی بارانبارینەوە، جوتیارانی گەرمیان لە چاندنی گەنم و جۆی ئەمساڵدا بەرهەمیان نەبووە و زیانی زۆریان بەرکەوتووە.
ئەڵماس ڕەشید جوتیارێکی سنوری گەرمیان بە دوارۆژی ڕاگەیاند ساڵی ڕابردوو 62 کاتژمێر دروێنەی گەنم و جۆی هەبووە، بەڵام ئەمساڵ تەنها دوو کاتژمێر و نیو دەراسە دروێنەی بۆ کردووە.
ئه و جوتیارە وتیشی لەبەر دواکەوتنی باران، جوتیارانی دەشتی گەرمیان بەشێوەیەکی گشتی لە چاندنی ئەمساڵ بەرهەمیان کەمبووه و زیانیان بەرکەوتووە، چونکە ئەگەر ساڵانە لە مانگی 11 باران نەبارێت، ئەوا دەغڵودان بەرهەمی نابێت.
ئەڵماس باسیشی لەوەکرد، ئەگەر حکومەتی هەرێم بەشێک لە زیانەکان بگرێتەئەستۆ، ئەوا هاوکارییەکی باش دەبێت بۆ جوتیاران، بەڵام پێناچێت هیچ قەرەبوویەک بکرێنەوە.
هەرچەندە لەکۆتایی زستان و وەرزی بەهار لە سنوری گەرمیان بارانێکی زۆر باریی و تەنانەت لافاوی گەورەی لێکەوتەوە، بەڵام سودێکی ئەوتۆی بۆ کشتوکاڵ و بە تایبەتی دانەوێڵە نەبووە.
هەر لەسەر ئەو پرسە، جوتیارێکی دیکە بۆ دوارۆژ دەڵێت لەبەر خراپیی بەر و بووم، بەشێکی زۆر لەجوتیارانی سنووری کەلار گەنم و جۆکەیان دروێنە نەکردووە و بە خاوەن ئاژەڵەکانیان فرۆشتووەتەوه.
ساڵح کەریم کە لە دەشتی کەلار زەوی هەیە و ساڵانە دەیکاتە کشتوکاڵ باسی لەوەشکرد، هۆکاری خراپی بەرهەمی دانەوێڵەی ئەمساڵ دواکەوتنی بارانبارین بووه و بەهۆیەوە زەوییە دێمییەکان هەموویان زەرەریان کردووه.
ساڵح وتیشی هیچ ئومێدێکیان بە حکومەت نییە قەرەبویان بکاتەوە، چونکە پێشتر تووشی هەمان زیان بوونەتەوە و داواکارییان لە حکوومەت کردووە، بەڵام هیچ سودێکی نەبووه.
گەرمیان ناوچەکی فراواونه و پێدەشتێکی زۆری لە زەویی بەراو و دێمییەکاندا هەیە.
شادی حوسێن بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیان بە دوارۆژی ڕاگەیاند لەبەر کەمیی بارانبارین لەکاتی خۆیدا کە پێویست بووە بۆ گەنم و جۆ، ئەمساڵ لە سنووری گەرمیان بەرهەمی دانەوێڵە خراپ بووە بە تایبەتی لە زەوییە دێمییەکان.
شادی حوسێن وتیشی لەبەر قەیرانی دارایی ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە حکومەتی هەرێم هیچ بڕە پارەیەکی بۆ کشتوکاڵی گەرمیان تەرخاننەکردووە، بۆیە ناتوانن قەرەبووی جوتیاران بکەنەوه.[1]
#03-06-2018#