کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کوردستان!
سەربەخۆخوازو ئازادیخوازان!
ئەمجارەشیان سوپای تورکیا بەبەرچاوی حکومەتی هەرێم و هێزی پێشمەرگەی کورستانەوە سنووری باشووری بەزاندووەو لەنێو قوڵایی خاکی باشووردا پێشڕەوی کردووە. ئەو کارەی سوپای تورکیا لەکاتێکدا کە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتیەکانە و پێشێلکردنی سەروەری نیشتمانییە، لەهەمان کاتدا سەرڕاست کردنەوەی دوژمنایەتیە لەگەڵ گەلی کوردستاندا، بەڵام بە داخەوە حکومەتی هەرێم نەک هەر نقەی لێوە نەهاتووە، بەڵکو بەرپرس و دەستەڵاتداران بوێری ئەوەیان تێدانیە کە دەنگ هەڵببڕن و بەزارەکیش ئەو لەشکرکێشییە ڕیسواو مەحکوم بکەن.
پارێزگاریکردن لەسەروەری نیشتمانی ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە،بێدەنگبوون لەبەرانبەر لەشکرکێشی تورکیا ئەوپەڕی تاوانبارییە، هەروەها بێدەنگبوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەکردەوە هەبوونی ئەو هێزە دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەگەر حکومەتی هەرێم خۆی بە حکومەت دەزانێ، دەبێ لەبەرانبەر لەشکرکێشی تورکیا بێدەنگ نەبێ، ئەگەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان خۆی بە پارێزەری خاکی کوردستان دەزانێ، پێویستە لەبەرانبەر سنووربەزاندن و لەشکرکێشی سوپای تورکیا بێهەڵوێست نەمێنێتەوەو دەستەوەستان دۆشدانەمێنێ.
بەرگریکردن لە خاکی کوردستان ئەرکی هەموو کەسێکی وڵاتپارێزو لایەنێکی نیشتمانپەروەرە، بێدەنگبوون لەبەرانبەر هاتنی سوپای تورکیا، ڕەوایەتی ئەو هێزو لایەنانە لە مەحەک دەدات و هەبوونی ئەو هێزانە بەتاڵ دەکاتەوە.
هەروەک ئاشکرایە کە لە سەردەمی شەڕی نێوەخۆدا، دەرگەی سنووری باشوور بە ڕووی هێزە داگیرکارەکاندا خرایەسەرپشت، ئەوە ماوەی بیست و سێ ساڵە کە سوپای تورکیا ڕۆژ دوای ڕۆژ بنکەو بارەگای زیاتر لە پارێزگای هەولێرو دهۆک دادەنێ، بەدرێژایی ئەو ماوەیە دەیانجار جەماوەری کوردستان و لایەنە سیاسیەکان ڕێپێوانیان کردووەو خواستوویانە کە سوپای تورکیا لە خاکی باشوور بچێتە دەرێ، بەڵام حکومەتی هەرێم گوێچکەی خۆی لە ئاست خواست و داخوازی خەڵک داخستووەو بێباکانە پێوەندیەکانی خۆی لەگەڵ ئەنکارا درێژە پێداوەو بۆ بەرژەوەندی بەرپرسان سوودی لێوەرگیراوە، ئێستا بەبەرچاوی هەمووانەوە سوپای تورکیا لەشکرکێشی بۆ ناوچەی خواکوڕک و برادۆست دەست پێکردووە و داگیریان دەکات، لێرەدا هەموو ئەو چیڕۆکانە بەتاڵ دەکاتەوە کە ساڵێک لەمەوبەر بانگەشەی سەربەخۆییان پێدەکرد و لە مێدیاکاندا پەنجەیان لە هێزەکانی دەرەکی ڕادەوەشاند و مژدەی ئازادی و ڕزگارییان دەبەخشیەوەو جەختیان دەکردەوە کە ئەوان توانای ئەوەیان هەیە کە خاکی نیشتمان لە هەموو هێرش و پەلامارێکی دەرەکی بپارێزن!!
پارێزگاریکردن لە خاکی کوردستان ئەرکی نیشتمانی و نەتەوەیی هەموو کەس و لایەنێکی وڵاتپارێزە. مێژوو بێهەڵوێستی ئەو لایەنانە تۆمار دەکات کە لەبەرانبەر لەشکرکێشی تورکیا ورتەیان نەکردووە، هەروەها ناپاکی ئەوانەش دەنووسێتەوە کە بەهەر شێوازێک هاودەستیان لەگەڵ سوپای داگیرکاردا کردووە.
جارێکی دیکەش دووپاتی دەکەینەوە کە حکومەتی هەرێم و دەستەڵاتداران لەو سەوداو مامەڵەیەدا بەرپرسیارن و دەبێ وەڵامی پێویست وەربگرنەوە، چونکە درەنگ یا زوو دەبێ سوپای تورکیا لە خاکی باشوور وەدەربنرێ.
نەفرەت لە سوپای داگیرکار.
شکۆو سەروەری بۆ کوردستان.
مەکتەبی سیاسی
حزبی ڕزگاریی کوردستان
#03-06-2018#