کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
لایەنە نیشتمانیەکان
دەوڵەتی تورکیا پرۆسەی داگیرکردنی شاراوەو ناڕاستەوخۆی باشوری کوردستانی گەیاندە پرۆسەیەکی ئاشکرا. بونی چەندین سەربازگەو قەرەقولخانەی تورکیا لەناو قوڵایی خاکی هەرێم و مانۆڕی سەربازی جەندرمەکانی تورکیا ئاماژەی مەترسیداری پاوانخوازیی و سنوربەزاندنی گەیاندە قۆناخێکی نوێ. وەکو کۆمیتەی ڕووبەرووبوەوەی داگیرکاری تورکیا بانگەواز لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هەموو ئازادیخوازانی کوردستان و لایەنە نیشتمانی و سیاسیە بەرپرسیارەکان دەکەین بەگیانی نیشتمانی و نەتەوەییەوە ڕووبەڕووی داگیرکاریی تورکیا بوەستنەوەو هەموو لایەک لەم پێناوەدا دەخەینە بەردەم بەرپرسیارێتی مێژوویی.
لەم پێناوەدا کۆمیتەی بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاریی بەپێویستی دەزانێ ئەم ئەرک و ئامانجانە وەک نەخشە ڕێگای سەرەتایی بخاتە بەردەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕای گشتی:_
یەکەم: داوا لەپەرلەمانی کوردستان دەکەین بەزووترین کات دانیشتنێکی نائاسایی ئەنجام بدات بۆ ڕاگەیاندنی هەڵوێستی نیگەرانی گەلی کوردستان سەبارەت بە سنوربەزاندنی دەوڵەتی تورکیاو داوا بکات بەزووترین کات سوپای تورکیا خاکی هەرێمی کوردستان بەجێ بهێڵێت.
دووەم: پێویستە حکومەتی هەرێم بڕیاری ژمارە (37) ی ساڵی 2003 ی پەرلەمانی کوردستان جێبەجێ بکات لە گەڕاندنەوەو ئیزندانی سوپای تورکیا لەناو خاکی هەرێمی کوردستان.
سێیەم: داواکارین پەرلەمانی ئیتحادی عیراق بە بڕیارێک
رێکەوتنامەی نێوان عیراق و تورکیا سەبارەت بە چونەناوەوەی خاکی یەکتری بەبیانووی ئاسایش هەڵبوەشێنێتەوە. بەتایبەتیش هەردوو ڕێکەوتنامەی ساڵانی 1978 و 1984 ی نێوان حکومەتی بەعس و دەوڵەتی تورکیا.
بۆ ئەو مەبەستە داواکارین پەرلەمانی عیراقیش دانیشتنێکی بەپەلەو نائاسایی بکات و سەرۆکایەتی کۆمارو حکومەتی فیدراڵی بخەنە بەردەم بەرپرسیارێتی بەپێی دەستووور.
چوارەم: بەرەی ڕووبەرووبونەوەی داگیرکاریی تورکیا دۆسیە قوربانیەکانی پەلاماری جەندرمەو فڕۆکەکانی ترکیا بۆ سەر هاوڵاتیانی سڤیل کە دەیان شەهیدن ئاراستەی دادگاکانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەکات.
پێنجەم: بەجیهانیکردنی ناڕەزاتیەکان بەئەرکی هەموو لایەک دەزانیین و داواکارین ڕەوەندی کوردیش لەم پێناوەدا هەڵەکانیان چڕ بکەنەوە. هەروەها دۆسیەی پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی و تاوانەکانیش ئاراستەی پەرلەمانی ئەوروپاو یەکێتی ئەوروپا دەکەین.
شەشەم: داواکارین حزبە سیاسیەکانی کوردستان هەڵوێستی ڕاشکاوانەو کرداریی خۆیان بەفەرمی لەبەرپەرچدانەوەی سنوربەزاندن و ستەمی دەوڵەتی تورکیا دەرببڕن.
حەوتەم: پێویستە نەتەوەیەکگرتوەکان و کونسڵخانەی وڵاتان لەهەرێم ڕۆڵیان هەبێ لە پاراستنی سەقامگیریی و ئاسایشی هەرێم، بوونی سوپای تورکیا دڵەڕاوکێ و نائۆقرەیی لەکوردستاندا دروستکردوە.
هەشتەم: داواکارین لە مامۆستایانی ئاینی مینبەری مزگەوت و پەرستگاکان تەرخان بکەن بۆ دژایەتی بوونی سوپای تورکیا لەناو خاکی هەرێمی کوردستان و بانگەواز بکەن لە مەترسیەکانی بوونی سوپای بێگانە لەسەر خاکەکەمان. پێویستە خەڵکی ستەمدیدەی گوندەکان لەژێر هیچ بیانوو پاساوێکدا پێشوازی نەکەن لە جەندرمەی تورکیاو ڕێگایان لێ بگرن لە سوکایەتی بە خاکی پیرۆزی کوردستان.
نۆیەم: داواکارین میدیاکانی کوردستان هەڵمەتی هۆشیاریی و ڕوونکردنەوەی مەترسیەکانی داگیرکاریی تورکیا زۆرتر ڕوون بکەنەوەلە بەرامبەر ئەو پێشێلکاریانەی داگیرکەرانی کوردستان ئەنجامی دەدەن، هەڵمەتێکی فراوان ڕابگەیەنن.
هاونیشتمانیانی ئازادیخوازو ستەمدیدەی کوردستان دەزانین گوزەران و دۆخی نالەباری سیاسی دۆخی گوزەرانتانی سەختکردوە، بەڵام داگیرکاریی و تەراتێنی سوپای داگیرکەرانی کوردستان ئەگەر هەر لایەک لەبەر بەرژەوەندی بچوکی ئایدۆلۆیژیی و مادیی چاوپۆشی لێ بکات خزمەتە بە پرۆژەی لەباربردنی ئەزموونی کوردستان کە داگیرکەران ئامانجیانە. لە بەرامبەردا گەل پێویستە خەبات ئاوا بکات و قبوڵی ئەو ستەمە نەکات، وەک چۆن دڵنییاین بەرخۆدان لەچەند ئاستێکدا بەرامبەر سوپای داگیرکەر هیەو گەلیش داگیرکردن قبوڵی ناکات، بانگەواز لەهەموو ئازادیخوازێک دەکەین هاودەنگمان بێ و بەشداربێ لەپارێزگاریی لەسەروەریی خاکی کورستان.
سەرکەوتن هەر بۆ ئیرادەی ئازادیی و ئاشتیە
بەرەی ڕووبەڕووبونەوەی داگیرکاریی تورکیا
#03-06-2018#