وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکرای کرد گرێبەستی سەرەتاییان بۆ پەرەپێدانی چەند بلۆکێکی نەوتی لە ناوچە سنورییەکان لەگەڵ دوو کۆمپانیای چینی واژۆکرد.
لە بەیاننامەیەکدا، کە ئەمڕۆ دووشەممە 4ی حوزەیران بڵاوکراوەتەوه و کۆپییەکی بۆ دواڕۆژ نێردرواوە، وەزارەتی نەوت ڕایگەیاند، کە ئەمڕۆ گرێبەستی لەگەڵ دوو کۆمپانیای چینی و دوێنێش لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئیماراتی واژۆکرد و ئاماکاریش دەکات بۆ پەرەپێدانی سەرجەم کێڵگە نەوتییە سنورییەکان کە پێشینی دەکرێت بڕی بەرهەمی هەر (شەش) کێڵگەکە بگاتە 500 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
جەبار لعێبی، وەزیری نەوت لە پەراوێزی واژۆی گرێبەستە ڕایگەیاندوە لەگەڵ کۆمپانیاکان پلانی گونجاو دانراوە بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکان و زیادکرنی بەرهەمهێنان بە پێی خشتەیەکی دیاریکراو، پێویستیشە کۆمپانیاکان پرۆژە خزمەتگوزاریی لە ناوچەی بلۆکە نەوتییەکان جێبەجێ بکەن، ناشبێت هێزی کاری ناوخۆی لە پرۆژەکاندا لە 95% کەمتربێت.
وەزیری نەوت ڕونیکردووەتەوە واژۆکردنی ئه و گرێبەستانە پێچەوانەی کاری لیژنە هاوبەشەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی دراوسێ نییە.
هاوکات، عەبدولمەهدی ئەلعمێدی، بەرێوەبەری مۆڵەت و گرێبەستەکان لە وەزارەتی نەوت ڕایگەیاند وەزارەتەکەیان گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای (GEO - JADE) چینی واژۆکرد بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی (#نەفتخانە#) لە دیالە و (حوێزە) لە پارێزگای میسان، هەروەها گرێبەستێکیان لەگەڵ کۆمپانیای (UEG) چینی واژکرد بۆ پەرەپێدانی بلۆکی نەوتی کێڵگەی نەوت (سندیباد) لە پارێزگای بەسرە.[1]
#04-06-2018#