تا چەند مانگێک لەمەوبەر #بەنداوی موسڵ# بە بۆمبێکی چێنراوی سرووشتی لەقەڵەم دەدرا کە تەقینەوەکەی گیانی چەند ملیۆن کەسێک دەخاتە مەترسییەوە، بەڵام ئێستا کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوەکە جووتیاران و خەڵکی سوودمەند لە ئاوی بەنداوەکەی نیگەران کردووە، لە کاتێکدا ئاوی بەنداوەکە بەڕێژەی 43٪ لەچاو هەمان کاتی 2017 دابەزیوە. بەرپرسانی پەیوەندیدار بەنداوێکی تورکیا بە هۆکار دەزانن، حکومەتی تورکیاش ڕایگەیاندووە کە ئەوان حکومەتی عێراقیان لە پڕۆژەکەی خۆیان ئاگادار کردبووەوە.
زەوییە کشتوکاڵیەکانی دەوروبەری بەنداوی مووسل وشک هەڵگەڕاون، هۆکارەکەی ئەوەیە کە ئاوی بەنداوەکە گەیشتووتە کەمترین ئاستی. بەپێی هەندێ زانیاری بەنداوی مووسڵ تەنیا 4 ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدا ماوە، لە کاتێکدا پار هەمان کات زیاتر لە 7 ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدابووە.
رەمەزان حەمزە کە ساڵی 1985 وەکو ئەندازیار لەسەر پرۆژەکە کاری کردووە، کەمبوونەوەی ئاوی بەنداوەکە بە مەترسی دەزانێت بۆ سەر ژینگە، کشتوکاڵ و ئاوی ژێر زەوی لە دەوروبەری شاری دهۆک.
لەبارەی هۆکارەکانی دابەزینی ئاستی ئاوی بەنداوەکە، ڕەمەزان حەمزە بە (رووداو)ی گوت، هۆکاری یەکەم بۆ دروستکردنی بەنداوی ئەلیسۆ لە تورکیا و کەمبوونەوەی ئاوی ڕووباری دیجلە لە تورکیاوە دەگەڕێتەوە. تورکیا ڕێژەیەکی زۆری ئاوی ڕووبارەکە بۆ ئەو بەنداوە گلدەداتەوە، بۆیەش ڕێژەیەکی کەمی ئاوەکە دەگاتە عێراق.
حکومەتی تورکیا لە پەنجاکانەوە پێشنیازی دروستکردنی بەنداوی ئەلیسۆی کردووە کە بەنداوێکی گلدانەوەی ئاو و بەرهەمهێنانی کارەبایە. لەو کاتەوە ناڕەزایەتییەکی نێودەوڵەتی بەرفراوان لەدژی ئەو پڕۆژەیە دەستیپێکردووە. ڕەخنەگرانی ئەو پڕۆژەیە پێیانوایە دروستکردنی بەنداوی ئەلیسۆ سەدان هەزار کەس لە دیوی خوارەوەی ڕێڕەوی بەنداوەکە ناچار دەکات ناوچەکانی خۆیان چۆڵ بکەن.
فاتیح یڵدز، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، بە ڕۆژنامەی (نەشناڵ)ی ئیماڕاتی ڕاگەیاندووە حکومەتی ئەنقەرە پێشوەخت پرس و ڕاوێژی بە حکومەتی عێراق کردووە و ئینجا دەستی بە دروستکردنی بەنداوەکە کردووە.
بەبۆچوونی ئەندازیارەکە، هۆکاری دووەمیش پەیوەندی بەوەوە هەیە کە حکومەتی عێراق سیاسەتێکی ڕوونی بۆ پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو نییە، چونکە لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە ئاوی بەنداوەکە کەمی کردووە، بێئەوەی هۆکارەکەی دیار بێ. بەگوێرەی مەزندەکان دەبووایە ئێستا زیاتر لە 8 ملیار مەتر سێجا ئاو لە بەنداوەکەدا هەبێت. بەو پێیەش ئاوی بەنداوەکە لەچاو پارساڵ 43٪ و لە چاو چاوەڕوانییەکان 50٪ دابەزیوە.
حەمید بەشیر، جووتیارێکی دەوروبەری بەنداوەکەیە دەڵێت هەر جووتیارێکی ناوچەکە بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوەوە بەلای کەمەوە یەک ملیۆن دینار زیانی پێگەیشتووە. حەمید بە دڵێکی پڕ لە گلەییەوە دەڵێت: ساڵی ڕابردوو، لە کاتی گەیشتنی بەرهەمی کشتوکاڵی ناوچەکەمان ئاوی بەنداو ئەوەندە زیاد کرا تاوەکو بەروبوومەکەمان کەوتە ژێر ئاو.
رۆژی 26ی ئایاری ڕابردوو حەسەن جەنابی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک دوو نەخشەی بەنداوەکەی بڵاو کردەوە کە یەکێکیان هی ساڵی ڕابردووە و ئەوەی دیکەشیان هی ئەمساڵە، لەو نەخشەیەدا بەڕوونی جیاوازی ئاستی ئاوی بەنداوەکە لە ساڵی ڕابردوو و ئەمساڵدا دەردەکەوێ. وەزیری کشتوکاڵی عێراق داوا لە هاووڵاتییان دەکات، دەست بە ئاوەوە بگرن و زیاتر لە پێویست بەکاری نەهێنن، چونکە مەترسی کەمبوونی ئاو هەیە.
رەمەزان حەمزە، کەمی ئاوی بەنداوەکە بە زیانی گەورە بۆ شاری دهۆک و دەوربەری دەزانێت، بە تایبەتی دوای 15ی حوزەیران وەرزی ئاودێرییە و باشوور و ناوەڕاستی عێراق زیاتر پێویستیان بە ئاو دەبێت.
بەنداوی موسڵ، کە دەکەوێتە نێوان هەردوو پارێزگای مووسڵ و دهۆک، لە ساڵی 1985 دروستکراوە و توانای گلدانەوەی 11 ملیار مەتر سێجای ئاوی هەیە. درێژیی بەنداوەکە 3200 مەترە و بەرزییەکەشی 110 مەترە.[1]
#05-06-2018#