ئاستی ئاو لە #بەنداوی دەربەندیخان# بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 13 مەتر و نیو کەمی کردووە، بوومەلەرزەکەی ساڵی ڕابردووش تاکە هۆکارە بۆ گلنەدانەوەی ئاو بەهەمان توانای ساڵانی ڕابردوو لەم بەنداوه.
ئه و ئاوەی لە وەرزی هاوینی ئەمساڵدا بەردەدرێتەوە بەڕێژەی 50%ی کەمترە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتووکاڵی گەرمیانیش 95%ی زەوییە بەراوەکان پشت بە پرۆژە ئاودێرییەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاودێری گەرمیان دەبەستن، کە ئاوی سیروان سەرچاوەیەتی، بۆیە دەڵێن 105 هەزار دۆنم زەوی بەراو ئەمساڵ تووشی کەمئاوی دەبن.
رەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان دەڵێ بۆ ئەمساڵ کەمتر ئاو بەردەدەینەوە بەهۆی ئه و کێشانەی بەنداوەکه هەیەتی، دەمانەوێت لەبارەی کێشەکانەوە بزانین، ئەوەش کۆمپانیای تایبەت و دیزانی دەوێ، بۆیە بەنداوەکە ناکەینە قوربانی کۆکردنەوەی ئاو.
لە گەرمیان 54 پرۆژەی ئاودێری هەن، 22یان پشت بە ڕووباری سیروان دەبەستن و گەورەترین پرۆژەکانی باڵاجۆ، سەلام، شێخ لەنگەر و قەرەبلاغن کە هەموویان پێکەوە نزیکەی 111 هەزارد دۆنم زەوی دەکەنە بەراو، بۆ ئەوەی زیانەکە بۆ کشتووکاڵی گەرمیان لەنیوە بگەڕێتەوە، پێویستە ڕێڕەوە ئاوییەکان پاکبکرێینەوه و هەندێکیان ڕێگاکانیان کورت بکرێتەوە.
شێرکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری سەرچاوە ئاوییەکان دەڵێ ''کەمبوونەوەی ئاو وا دەکات ئاو نەگاتە پرۆژەکان، دەبێت ڕێڕەوەکان پاک بکرێنەوە بۆ ئەوەی کێشەکە چارەسەر بکرێت، نووسراومان داوەتە ئیدارەی گەرمیان بۆ ئەوەی بیدەنە ئەنجوومەنی وەزیران و بودجەمان بۆ دابین بکەن.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی گەرمیان هۆشداری داوەتە جووتیاران بۆ ئەوەی ئه و سەوزانە بچێنن کە کەمتر ئاویان پێویستە.
لە وەرزی هاوینی ئەمساڵدا بڕیارە 800 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە بەنداوی دەربەندیخانەوە بەربدرێتەوە، ئەم ڕێژەیەش کەمترە له و ئاوەی ساڵی ڕابردوو بەردراوەتەوە، کە یەک ملیار و 600 ملیۆن مەتر سیجا بووە.
ئێستا قەبارەی ئاوی لە بەنداوی دەربەندیخان یەک ملیار و 300 ملیۆن مەتر سێجایە و بەهۆی کاریگەری بوومەلەرزەکەی ساڵی ڕابردووش جگه له و ئاوەی تێیدایه، ناتوانرێت ئه و ئاوەی دەڕژێتە نێو بەنداوەکە، گلبدرێتەوە.[1]
#06-06-2018#