بۆ جاری یەکەمین کۆمپانیایەکی لۆکاڵی کیوسکی فرۆشتنی کاڵا بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەهێنێتە هەرێمی کوردستان و 99 کیوسک لە شەقامەکانی هەردوو پارێزگای #هەولێر# و #دهۆک# دادەنێ.
کۆمپانیای ڤێرجینیا تۆباکۆ، کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتی خۆماڵییە، لەڕێی وەرگرتنی دوو مۆڵەت لەدەستەی وەبەرهێنان بەسەرمایەی 2 ملیۆن و 893 هەزار دۆلار، دەستی بە پرۆژەیەکی بازرگانی کردووە کە بریتییە لە دانانی کیوسکی هاوچەرخ بۆ فرۆشتنی کاڵا لەسەر شۆستەکان. کۆمپانیاکە لە قۆناغی یەکەمدا 99 کیوسکی لە شەقامە گشتییەکانی هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک داناوە، بەنیازیشە لە داهاتوودا لە شار و شارۆچکەکان و شەقامەکانی دەرەوەی شار کیوسک دابنێ.
د.کامەران ڕەقیب موفتی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی بەڕێکردن و هەڵسەنگاندن و موڵەتدان لەدەستەی وەبەرهێنان، بە (رووداو)ی گوت: پرۆژەی کیوسکەکانی تۆباکۆ، پرۆژەیەکی بازرگانیی هاوچەرخە لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە مۆڵەت بە کۆمپانیای فێرجینیا تۆباکۆ دراوە بە دانانی کیوسکی هاوچەرخ لە شۆستە و شوێنی گونجاوی شەقامە گشتییەکانی هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک، بە مەبەستی فرۆشتی کاڵای وەک جگەرە و خواردنەوە گازییەکان و کارتی مۆبایل و کاڵای دیکە بەشێوەی ئەلیکترۆنی.
بەپێی ئەو زانیارییەی لەدەستەی وەبەرهێنان دراوەتە (رووداو)، کۆمپانیاکە لە شوباتی ئەمساڵ بە سەرمایەی ملیۆنێک و 750 هەزار دۆلار مۆڵەتی دانانی 46 کیوسکی هاوچەرخی لە پارێزگای دهۆک وەرگرتووە. لە ناوەڕاستی مانگی ئایاریش بەسەرمایەی ملیۆنێک و 143 هەزار دۆلار مۆڵەتی دانانی 53 کیوسکی هاوچەرخی لە پارێزگای هەولێر وەرگرتووە.
د.کامەران موفتی، دەڵێت: پرۆژەکە بیرۆکەی کۆمپانیاکە خۆیەتی، بۆ یەکەمجاریشە لە هەرێمی کوردستان کۆمپانیایەکی ناوخۆ بەو سەرمایەیە بیر لە دانانی کیوسکی هاوچەرخ بکاتەوە، پرۆژەکەش لە قۆناغی یەکەمدا سەرەتا تەنیا لە نێو سەنتەری شارەکان دادەنرێ، دواتر لە شارۆچکەکانیش دادەنرێ.
سەبارەت بە چۆنیەتی گرێبەستەکەش لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان، د.کامەران گوتی: شوێنی دانانی کیوسکەکان لەلایەنی شارەوانیی پارێزگاگان بۆ ماوەی 25 ساڵ بە موساتەحە بە کۆمپانیاکە دراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی کیوسکەکان لەسەر شۆستە دانراون، بۆیە دوای دەستبەکاربوونی پرۆژەکەش، کۆمپانیاکە دەبێت گرێبەستێک لەگەڵ شارەوانی ببەستێ بۆ دیارکردنی کرێی کیوسکەکان.
دکتۆر کامەران موفتی گوتیشی: کۆمپانیاکە لە هەوڵی وەرگرتنی مۆڵەتدایە لە پارێزگای سلێمانی، بەڵام هێشتا کارەکانی لەوێ تەواو نەبووە.
کۆمپانیاکە ئێستا لە شەقامە گشتییەکانی سەنتەری هەولێر 53 کیوسک و لە پارێزگای دهۆکیش لە شەقامە گشتییەکانی سەنتەری شار 26 کیوسک و لە هەندێ شارۆچکە و شەقامی دەرەوەش 20 کیوسکی داناوە.
سامان عەرەب سادق، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان لە هەولێر دەڵێت: بەپێی ئەو مۆڵەتەی ئێمە داومانە، کۆمپانیاکە ئازادە هەر کاڵایەک لە کیوسکەکان بفرۆشێت کە بزانرێ سوودی ئابووری هەیە، هەروەها بۆ بەڕێوەبردنی کیوسکەکان، کۆمپانیاکە بۆی هەیە بە ڕەزامەندی سەرۆکایەتیی شارەوانی گرێبەست لەگەڵ لایەنی دیکە بکات.
هەر لەوبارەوە سامان محەممەد، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر دەڵێت: لە سەنتەری شاری هەولێر نزیکەی 60 شوێنمان بۆ کۆمپانیاکە دیاری کرد، بەڵام لەبەر ئەوەی شوێنەکان گشتین و وەک زەوی دیکە ناکرێت بەناوی کۆمپانیا بکرێ، بۆیە دەبێت گرێبەستیان لەگەڵ بکەین.
سەبارەت بەو کرێیەی شارەوانی لە پرۆژەکەی وەردەگرێ، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر گوتی: لەبەر ئەوەی پرۆژەکە پرۆژەیەکی وەبەرهێنانە، بۆیە چاوەڕێی دەستەی وەبەرهێنانین، یان لە داهاتوودا گرێبەستیان لەگەڵ دەکەین، دەبێت کرێی مانگانە بدەن، یان بەپێی ڕێنماییەکان بەشێکمان لە قازانجی کیوسکەکان دەبێ.
24 کاژێر کراوە دەبن
سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای تۆباکۆ بە (رووداو)ی ڕاگەیاند، بێجگە لە سەنتەری شارەکان، لە داهاتوودا لە قەزاو ناحیەکان و ڕێگاکانی دەرەوەی شاریش کیوسک دادەنێن. ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: لە سەنتەری پارێزگای دهۆک 20 کیوسکمان داناوە، 26 کیوسکەکەی دیکەش لە ئامێدی، دێرەلوک، شیلادزێ، زاخۆ، سێمێل، ئاکرێ و شەقامەکانی دەرەوەی شاری دهۆک دادەنێین، لە داهاتووشدا بەپێی پێویست جگە لە 53 کیوسکەکەی ناو شاری هەولێر، لە قەزاو ناحیەکانیش دایدەنێین.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، بەهۆی نەبوونی دراوی ئەلیکترۆنی و ئاسن، لە قۆناغی سەرەتادا فرۆشتنی کاڵا لەم کیوسکانە لەڕێگەی کارمەند دەبێت و کیوسکەکانیش 24 کاژێر کراوەن.
سەرچاوەکە گوتی: کیوسکەکان پێشکەوتوو و هاوچەرخن و دەتوانرێت بە سیستەمی ئەلیکترۆنی کاڵای تێدا بفرۆشرێ، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارەی ئاسن و دراوی ئەلیکترۆنی، لەم قۆناغەدا کاڵاکان لەڕێگەی کارمەند دەفرۆشرێن، لەداهاتوودا هەوڵ دەدەین کاڵاکانمان بە سیستەمی ئەلیکترۆنی بفرۆشین.
سەبارەت بەو شتومەکانەی لە کیوسکەکەدا دەفرۆشرێن، ئەو سەرچاوەیە گوتی: ڕۆژنامە، گۆڤار، جگەرە، ئاو و خواردنەوە گازییەکان و خۆراکی دیکە و کارتی مۆبایل دەفرۆشرێن.
سەبارەت بە کرێی کیوسکەکانیش گوتی شوێنەکانمان لە سەرۆکایەتی شارەوانی بۆ ماوەی 25 ساڵ وەرگرتووە، لەداهاتوودا گفتوگۆ لەگەڵ شارەوانییەکان دەکەین بۆ دیاریکردنی کرێی شوێنەکان، بەپێی مۆڵەتەکە لە ماوەی دیاریکراو مافی بەکارهێنانی کیوسکەکانمان دەبێت، دوای تەواوبوونی ماوەکەش کیوسکەکان دەبنە موڵکی حکومەت. [1]
#06-06-2018#