نووسەر و وەرگێڕ و مامۆستا نیاز مەستی.
ناوی تەواوی (نیاز عەزیز حوسێن)ە. بە ناوی نیاز مەستی دەنووسێ و وەردەگێڕێ.
لە #16-12-1989# لە شاری هەولێر، لە گەڕەکی بەهار لە خانەوادەیەکی دیندار لەدایکبووە. لەپاڵ خوێندنی قوتابخانە هێندێک قۆناغی خوێندنی حوجرەشی بڕیووە، لە خزمەت چەند مامۆستایەکی شارەزا و بەڕێز خوێندوویەتی بەڵام نەگەیشتۆتە پلەی وەرگرتنی بڕوانامەی مەلایەتی.
مەستی قۆناغەکانی خوێندنی بەسەرکەوتوویی بڕیوە لە بەشی زمانی ئینگلیزی کۆلێژی زمان زانکۆی سڵاحەدین بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ساڵی 2010-2011 بەدەستهێناوە.
زمانەکانی کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی، فارسی و کەمێک تورکی دەزانێ.
سەرەتای نووسینی بە شعر دەستپێکردووە، لە پۆلی دووی ناوەندی هەشتەمی بنەڕەتی ئێستا یەکەمین شعری نووسیوە.
یەکەمین شیعری لە هەفتەنامەی (نەوەی نوێ) لە ساڵی 2005 بڵاوکردۆتەوە، دواتر کەمکەمە لە بڵاوکراوەکانی قوتابیانی زانکۆی کۆیە شعری بڵاو کردۆتەوە.
مەستی دەیان وتاری لەبارەی تەسەوف و ڕۆژەڤی کوردستان و ڕاڤەی شیعری نوسیووە، کە هێندێکیان بڵاوکراونەتەوە و هێندێکیش ماون. بەژداری لە دەیان کۆڕ و سیمینار و مێزگرد کردووە، چەند کۆڕێکیشی گێڕاوە.
$کتێبە چاپکراوەکان:$
1-هونەری شەڕ: نوسینی سون تزو، و.نیاز مەستی، چاپی یەکەم، 2015، چاپخانەی ئازادی هەولێر، 156 لاپەڕەیە، ئەم کتێبە لە زمانی ئینگلیزی وەرگێڕدراوە، یەکەمین کتێبی بواری سەربازییە و بنەماکانی جەنگ لەخۆ دەگرێ، چاپی دووەمی لەساڵی 2019 بەناوی (هونەری جەنگ) لە ناوەندی ڕەها کراوە.
2-ڕشتەی نوور، نوسینی نیاز مەستی، چاپی یەکەم، 2018، 194 لاپەڕەیە، کتێبێکە لەبارەی سۆفیگەری و تەریقەتی قادری کەسنەزانی.
3-شارەدێی وەرتێ، نوسینی نیاز مەستی، چاپی یەکەم، 2018، چاپخانەی تاران، لێکۆڵینەوەیەکە لە جوگرافیا و مێژوو و بواری کۆمەڵایەتی و زاری شارەدێی وەرتێ بەشێوەیەکی زانستیانە، 360 لاپەڕەیە،
4-بەختەوەرترین ئافرەت لە جیهاندا، نوسینی د.عائیز ئەلقەرنی، وەرگێڕانی نیاز مەستی، چاپی یەکەم 2019، چاپخانەی تاران، 200 لاپەڕەیە، لە چاپکراوەکانی ناوەندی ڕەهایە، کتێبێکە ڕووی گوتاری لە ئافرەتانە، پەنجە لەسەر کێشە و نەهامەتیەکانی ئافرەتان دادەنێت و هەوڵی چارەی گونجاویان بۆ دەدا.
$بەرهەمە چاپنەکراوەکان:$
1-دیوانی مەلا ئەنوەر، ساغکردنەوە و ئامادەکردنی: نیاز مەستی. ئامادەی چاپە
2-لەبارەی زمانی ئینگلیزی
3-باشترین هاوڕێ (کتێب)
4-مەولانای ڕۆمی و گومان
5-شەرحی دیوانی مەنسوری حەلاج
6-تەریقەتی کەسنەزانی لە شیعری کوردی
7-دیوانی مەستی
8-فەرهەنگی دەشتێ (فەرهەنگێکە بۆ وشەی دەشتی هەولێر لەگەڵ ئەو وشانەی لە هەمبانە بۆرینەدا نین)
9-هەزار ئەستێرە (هەزار دێرە شعری هەڵبژێردراوی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی و تورکی و فارسییە بۆ پەند و ئامۆژگاری)
10-ئاوایە ڕێگای عاشقان (بەسەرهات و سەربوردەی عاشقانی دونیایە)
11-بژاردەی ئەحمەد مەتەر
12-بیری سەلەفیەت لە دادگای ڕەخنە
13-ڕێزمانی فارسی
14 شیعری بیانی (چەند دەقێکی شعری ئینگلیزیە بۆ کوردی بە شعر وەرگێڕدراون)
مەستی پێداچونەوە و ڕاستکردنەوە و هەڵەچنی بۆ چەندان کتێب کردووە پێشەکی و هەڵسەنگارندنی بۆ نوسیوون. ئێستاش خەریکی پیشەی مامۆستایەتییە لە شاری هەولێر. [1]