پێشمەرگە هیوای دوێنی و ئێستا و دوارۆژ بۆ گەلی کوردی ستەم دیدە
کوا هەقی پێشمەرگە
کوا مافەکانیان
کێبوو ئەیوت هەموومان پێشمەرگەین؟
کام سەرکردەی سیاسی بوو ئەهاتە بەرەکانی جەنگ و پاش گرتنی چەند وێنەیەک خۆی ئەکردە پێشمەرگە و شۆڕشگێڕ و هەموو بێ شەرمانە بە پاڵەوان و قارەمانی جەنگ ئەیان شوبهان.. ئێستا خێرە کەس نە پێشمەرگەیە و نە دۆست و پشتیوانی پێشمەرگەیە؟
لەبیرتان نەچێ کە مێژووی کورد پڕی بووە لە ستەم و داگیرکاری و مال وێرانی و کاولکاری کوردستان. لە هەموو بارودۆخەکاندا تەنها و تەنها پێشمەرگە پارێزەری خاک و سەروماڵی خەلک بووە و بە خوێن و ژیانی خۆیان ئەم کوردستانەیان پاراستووە.. بۆیە لەبیرتان بێت هەمیشە پێشمەرگە بووە گیان لەسەر دەست وەستاوە دژی داگیرکەران و خۆیان فیدا کردووە..
هەموو بەرپرسان و دەسەڵاتداران ئەبێ باش ئەوە بزانن کە بەبێ پێشمەرگە نە هیچن و نە هیچ دەسەڵاتێکیان هەیە.تەنانەت ناتوانن بەرگری لە خۆشیان بکەن ئەگەر پاسەوانە پێشمەرگەکانیان نەبێ..
وریابن و بیر لەوە مەکەنەوە کە ئیتر ئیشتان بە پیشمەرگە نەماوە و بارودۆخ گونجاوە..کوردستان دوژمنی زۆرە و ئەگەر خۆمان یەک پارچە و یەک دڵ و ڕۆح و گیان نەبین زۆرن ئەوانەی وەک گورگی برسی چاویان تێ بریوە.. مافی پێشمەرگە تەنها ئەوە نییە موچەکانیان بەنێ و بڵێن ئیتر تەواو. هەقی گیان و خوێن زۆر لەوە گرانترە.. بفەرموو خۆتان و مال و مناڵتان تەنها بۆ چەند سەعاتێک ئەو جلانە بپۆشن کە پێشمەرگە ئەیپۆشن و ئەو خواردنە بخۆن کە ئەوان ئەیخۆن و لەو جێگایانەی ئەواندا بخەون و هەمان ئەرکی ئەوان جێبەجێ بکەن بزانین ئەتوانن یان نا... پێشمەرگە و کەسوکاری پێشمەرگە چاویان لەو برە موچە کەمەیە کە ئێوە تەنها بۆ نان خواردنێک دە هێندە سەرف ئەکەن.. ئێوە تا کەی هەست بەوە ناکەن کە منداڵی پیشمەرگەش مرۆڤن و مافی ژیانی خۆش و باشیان هەیە؟ تاکەی لەوە تێناگەن کە ئێمەین ئێوەمان لە پێگە و دەسەڵاتدا ڕاگرتووە.. تۆزێک شعورتان هەبێت..ئێمە نازانین چی بکەین..بەکار هێنانی وشەی ڕەق سودی نییە قسەی خۆش سودی نییە.زمانی قەڵەم سودی نییە..کۆبونەوە سودی نییە.. خۆتان هەڵی ببژێرن بزانین چی ڕێگە چارەیەک بەکار بهێنین بۆ تێگەیاندنی ئێوە.. پێش ڕۆژانی جەژن منداڵی پێشمەرگە چاویان لە دەستی ئێوەیە موچەکانی باوکیان بۆ بنێرن تا وەک منداڵیتر باوکیان جل و پێڵا و دیاری جەژنیان بۆ بکرن و جەژنانەیان بدەنێ، بۆیە مناڵەکانی خۆتان بخەنە جێگای مناڵی ئەوان..
بەسە هەق خواردن و بەسە ناهەقی بەسە خواردنی قوتی پێشمەرگە.
کوا موچە ؟
کوا پلەکانمان
کوا پاداشتی ڕۆژانی خەبات
کوا کوا کوا کوا کوا
ئەزانین بەم قسانە نە شەرم ئەتانگرێت نە هیچتان بیر ئەکەویتەوە نە هەست بە بەرپرسیاریتی ئەکەن و قسەکانی ئێمەش بووە بە خەرەک و سواوە بەڵام ئێمە نە ئەوەستین نە کۆڵ ئەیەین چونکە مافی خۆمانە و وەک چۆن لە شەرەکاندا کۆڵمان نەیاوە ئێستاش ئەمە شەری مافی خۆمانە و تا وەری ئەگرین کۆڵ نایەین.. بەو هیوایەی ئەم جارە قسەکانمان نەبێتە قسەی پوچ و بێ مایە...ببورن لە وشەی نەشیاو و زبر
ڕاگەیاندنی دەستەی سەرپەرشتیاری ل3و7ی تایبەت
#03-06-2018#