هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە پێنج مانگی سەرەتایی ساڵی 2018-دا بەراورد بە پێنج مانگی ساڵی ڕابردوو، بەرێژەی لەسەدا 44.58 کەمی کردووە، ئەوەش بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی دۆر بۆ زانیاری نەوتی کوردستان.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ڕێژەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە پێنج مانگی سەرەتای ساڵی 2017-دا بریتی بووە لە 82 ملیۆن و 722 هەزار و 121 بەرمیل، لە کاتێکدا لە پێنج مانگی سەرەتایی ئەمساڵدا ڕێژەکە بۆ 45 ملیۆن و 845 هەزار و 319 بەرمیل دابەزیووە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، داهاتی نەوتی هەرێم زیاتر لە 765 ملیۆن و 132 هەزار دۆلاری لەماوەی 5 مانگی ڕابردوو بەراورد بە 2017 کەمیکردووە، بەڵام بەرزبونەوەی نرخی نەوت کەمێک لەزیانەکەی هەرێمی قەرەبووکردووەتەوە.
بیلال سەعید ئامادەکاری ڕاپۆرتەکە، لەبارەی هۆکاری کەمبونەوەی داهاتی نەوتی هەرێم دەڵێت ڕوداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و لەدەستدانی هەردوو کێڵگەی بای حەسەن و هاڤانە هۆکاری سەرەکی دابەزینی داهاتی نەوتی هەرێمە.
دەشڵێت حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگە ڕێگای بەغداد بگرێتە بەر و ڕێکەوتن بکات لەگەڵ حکومەتی ناوەندی بۆ ئەوەی چیدی کەرتی نەوت توشی هیچ جۆرە تەوژمێک نەبێت لەوبارەیەوە.
هەر بەپێی ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی دۆر ئاستی بەرهەمی هەرێمی کوردستان لەماوەی 5 مانگی ڕابردوو لەچاو 5 مانگی سەرەتای ساڵی ڕابردوو لەسەدا 53.79 کەمیکردووە.
ڕێکخراوی دۆر بۆ زانیاری نەوتی کوردستان ڕێکخراوێکی موڵەتپێداراوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەو کاردەکات بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری لەبارەی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان.[1]
#09-06-2018#