راگەیاندراوی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی
#پارتی دیموکراتی کوردستان#
جەماوەری خۆڕاگری کوردستان..
پێشمەرگە قارەمانەکان..
ئەمڕۆ عێڕاق بە بارودۆخێکی نالەباردا تێدەپەڕێ، بەتایبەتی دوای دەرکەوتنی دەرئەنجامەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران، دوای ئەوەی بەشێک لە بەشدارانی پرۆسەی سیاسی کە لەم هەڵبژاردنەدا سەرکەوتوو نەبوون و ئاکامەکان لە بەرژەوەندی ئەواندا نەبوو، بێ ڕەچاوکردنی دەستوور و یاساکان بە بڕیار و هەڵوێستی ئینفیعالی هەموو پرۆسەکەیان بە ئاراستەیەکی مەترسیداردا بردووە.
ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرەڕای ئەوەی لە کۆمسیۆنی بالا نوێنەرمان نییە، بەڵام لە هەستکردن بە بەرپرسیاریەتیمان هەر لەدوای کۆتایی هاتنی پرۆسەی هەڵبژاردن و ڕاگەیاندنی دەرئەنجامە بەراییەکان، نیگەرانی خۆمان لە بەیانێکدا ڕاگەیاند و بە باشمان زانی کە بۆ ڕەواندنەوەی گومان و نیگەرانیەکانی هەموو لایەک و پاراستنی سەقامگیری، له و شوێن و وێستگانەی سکاڵایان لەسەرهەیە بەگوێرەی یاسا لێکۆڵینەوە بکرێت و بەپێی پێویست دەستژمێری دەنگەکان بکرێت یان ئەگەر پێویست بکات لەسەرتاسەری عێراق و کوردستان دەنگەکان بەدەست ئەژمار بکرێنەوە، ئێستاش هەمان ڕەئیمان هەیە.
سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق بە پاڵپشتی هەندێ لایەن و سواربوونی شەپۆلی ناڕەزایەتیەکانی چەند کەس و لایەنێک، ژمارەیەک بڕیار و یاسای نا دەستوری دەرچواندوە کە سەرتاپای پرۆسەی سیاسی عێڕاق توشی چەقبەستوویی و ئاڵۆزی دەکەن، ئیلغاکردن و ئەژمارنەکردنی دەنگی هاوڵاتیان دەبێ بەگوێرەی ڕێککارە یاسایی و دەستووریەکان بێ ئەویش دوای لێکۆڵینەوە و ژماردنەوەی دەنگەکان ئەگەر مخالەفە یان تەزویری تێداکرابوو کە بەڕێژەیەک بێت لە ئاستی ئەوەدابێ تەواوی سندوق یان وێستگەکە ئیلغابکرێت، نەک ویست و خواستی لایەنی سیاسی و کەسەکان بکرێتە پێوەر.
هاووڵاتیانی خوشەویست..
خەڵکی کوردستان بەهەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینی و پێشەییەکانەوە مافی دەستووری خۆیانە بەشداربن لە دەنگدان و ئازادانە نوێنەرانی خۆیان دەستنیشان بکەن، بۆیە ناکرێت ئه و مافە لەکەس زەوت بکرێت. هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکان ئه و هێزە قارەمانانەن کە بەوپەڕی ئازایەتی و لەخۆبردوییەوە بەرگراییان لە خەڵکی کوردستان و عێڕاق و جیهانیش کرد و له و پێناوەشدا قوربانی زۆریان داوە، لەبری پاداشتکردن و قەدرزانینیان ئەنجوومەنی نوێنەران بڕیاری بۆ ئیلغاکردنی دەنگەکانیان دەرکردووە! ئەم یاسا و بڕیارە هەنگاوێکی نادەستووری و نا یاساییە و قبوڵکراو نییە، دڵنیاشین گەلی کوردستان و لایەنە دڵسۆزەکان لە عێڕاق و کوردستان ئەم بڕیار و یاسایە ڕەت دەکەنەوە.
سەبارەت ئەژمارنەکردنی سندوقی دەنگەکانی کە تایبەت بوون بە خوشک و برایانی ئاوارەی ئێزدی و هەروەها دەنگی سەرجەم ئاوارەکانی دیکە و دەنگدانی مەرجدار و دەرەوەی وڵاتی هەموو پێکهاتەکان، دەبێ بەگوێرەی دەستوور و یاسا مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت نەک بەگوێرەی بەرژەوەندنی هەندێ کەس و لایەن، دەبێ کۆی پرۆسەکە لە سێبەری دەستوور و یاساکان دەرنەچێت.
هاووڵاتیانی بەڕێز..
پارتی دیموکراتی کوردستان ئەم جۆرە بڕیار و یاسا و هەنگاوە نا دەستووری و نا یاساییانەی ئەنجوومەنی نوێنەران دژ بە خواست و ئیرادەی خەڵکی عێراق بەگشتی و گەلی کوردستان بەتایبەتی پێناسە دەکات و بە سەرەتایەکی مەترسیداری دەزانێت بەره و زیاتر ئاڵۆزی و ناسەقامگیری، بۆیە بە پێویستی دەزانین ئەم جموجۆڵ و بڕیار و یاسایانە بەزوویی چاویان پێدابخشێنرێتەوە و ڕەچاوی دەستوور و بەژەوەندی گشتی بکرێت و هەڵبوەشێندرێنەوە، بەپێچەوانەوە ئەگەر ئەم هەنگاوەی هاوێژراوە سەربگرێت، ئێمەی پارتی و زۆر لایەنی دیکەی کە بەخەمی سەقامگیری و چارەسەری ئاڵۆزیەکانن، هەڵوێستمان دەبێ، بۆیە لێرەوە بانگهێشتی تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوخۆی عێڕاق و دەرەوە دەکەین هەرچی زوترە بە ئاراستەی چارەسەری و ئارامی و سەقامگیری هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ.
مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان
#09-06-2018#