راگەیەندراوی سەرۆکایەتیی #پەرلەمانی کوردستان#
لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت لەهەرێمی کوردستان
لەکاتێکدا خەڵکی عێراق بەگشتی چاوەرێی ئەوەبوون دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لایەنە عێراقییەکان پەلە بکەن لە پێکهێنانی حکومەتێکی هاوبەشی نیشتیمانی لەسەر بنەمای تەوافوق و شەراکەت بۆئەوەی کۆتایی بە قەیرانە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکانی عێراق بهێنرێت. بەڵام بەداخەوە بەبیانووی بوونی سەرنج و تێبینی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان کە بەدڵ وئارەزووی هەندێک لایەنی سیاسیی عێراق و کوردستانی نەبووە، ڕۆژی #06-06-2018# پەرلەمانی عێراق لەدانیشتنێکی نائاساییدا یاسایەکی دوور لەبنەما دەستووری و یاسا بەرکارەکانی هەڵبژدارنەکان تێپەڕاندو داوای هەژمارکردنەوەی 100% ی دەنگەکان دەکات لەعێراقدا.
لەبەشێکی یاساکەدا پێشێلکارییەکی گەورەی یاسایی بەرانبەر بە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتی هەرێمی کوردستان کراوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەنگی هێزەکانی پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش و دژەتیرۆری هەرێمی کوردستانی کردووە.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لەکاتێکدا پشتیوانی لەهەر ڕێکارێکی دەستووری و یاسایی دەکا بۆ پێداچوونەوە و هەژمارکردنەوەی دەنگەکان بۆ دەرخستن و دووپاتکردنەوەی ڕاستی و دروستیی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لەسەرتاسەری عێراقدا، لەهەمانکاتیشدا نیگەرانیی خۆی بەرانبەر بەشێوازی تێپەڕاندنی یاساکە ڕادەگەیەنێ و زۆر بەتوندیش ئه و بڕگەیە ڕەتدەکاتەوە کە داوای هەڵوەشاندنەوە و سڕِکردنی دەنگدانی تایبەتی هێزەکانی پێشمەرگه و پۆلیس و ئاسایش و دژەتیرۆری هەرێمی کوردستانی کردووە. دووپاتیشی دەکەینەوە جیاکردنەوەی دەنگدانی تایبەتی هەرێم لەگەڵ دەنگدانی تایبەتی پاریزگاکانی تری عێراق ئامانجی سیاسی و حزبیی هەندێک لایەنی عێراق و کوردستانیی لەپشتەوەیە و پێشێلکردنی مافی یاسایی دەنگدانی ئەندامانی هێزەکانی ناوخۆی هەرێمە و قابیلی قبوڵکرن نییە. وەک ئاشکرایە هێزەکانی پێشمەرگە و ناوخۆی هەرێم ڕۆلێکی کارایان لەشەڕی دژ بەداعش و زەمینەخۆشکردنی سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان بینیوە، ناکرێ فیدارکاری و قوربانییەکانی ئەم هێزانە بەپێشێلکردنی ئیرادەی دەنگدانیان و مافە یاسایی و دەستوورییەکانیان وەڵام بدرێتەوە.
ئەمجۆرە یاسایەی لە ئەنجوومەنی نوێنەران تێپەڕێندراوە جگە لەوەی دەبێتە مایەی نانەوەی نائارامی و ناسەقامگیریی سیاسی و ئەمنیی زیاتر لە عێراقدا، خزمەتیش بە ئایندەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان ناکات، هاوکات سەروەریی یاسا و دەستووری وڵاتیش دەخاتە ژێر پرسیارەوە و قەیرانەکانی عێراقیش قووڵتر دەکاتەوە.
داوا لە داداگای فیدراڵی دەکەین هەرچی زووە هەڵوێستی ڕوون و یەکلاکەرەوەی دەستوورییان هەبێت و سنوورێک بۆ ئه و پێشێلکارییانە دابنێن کە ماوەیەکە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەدژی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان تێیدەپەرێنێ. هەروەک داواکارین سەرجەم هێزە سیاسییەکانی عێراق و کوردستان لەچوارچێوەی دەستوور و یاسا بەرکارکانی هەڵبژاردن ڕێز لە ئیرادەی دەنگدەران و ئەنجامی هەڵًبژاردنەکان بگرن و کێشەکانیان چارەسەر بکەن.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان
#09-06-2018#