ئێمە بە غەمبارییەکی گەورەوە هەواڵی کۆچی دوایی عەبدولڕەزاق میرزا یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکێتی و دۆست و برای خۆمان پێگەیشت. کۆچی دوایی هاوڕێمان عەبدولڕەزاق، کە لە هەموو قۆناغەکانی تێکۆشانی ئازادیی گەلەکەماندا لە باشووری کوردستاندا ڕۆڵی هەبووە، بۆ هەموومان لە دەستدانێکی گەورەیە. ئەو کۆچە ئەمڕۆ هەموومانی تووشی خەم و ئازار کرد، بۆیە خۆمان بە هاوبەشی خەم و ئازاری بنەماڵەکەی و بەڕێوەبەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەزانین.
هاوڕێی بەهەشتیمان عەبدولڕەزاق میرزا هەموو ژیانی بۆ تێکۆشان لە پێناو ماف و ئازادیی گەلی کورد دا بەخت کرد. بە کەسایەتیی خۆڕاگر و بەرخۆدێری، کە لە هیچ هەلومەرجێکی قورس و دژواریشدا هەنگاوێکی بۆ دواوە هەڵنەگرتووە، لە دڵی هەموو کوردێکدا جێگەیەکی تایبەتی بۆ خۆی دروستکردووە.
هاوڕێمان عەبدولڕەزاق لە ژیانی تێکۆشەرانەیدا بە هۆشیاری و عەقڵیەتی ئەوەی کە کێشەی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستاندا یەک کێشەیە و بە هیچ شێوەیەک لە یەک جیاناکرێتەوە، ئەرک و کارەکانی بەجێ گەیاندووە. لەبەر ئەوەشە، کە هەموو کات پشتیوانییەکی کارای لە تێکۆشانی پارچەکانی تری کوردستان کردووە و چالاکانە بەشداربووە لە خەباتی یەکێتیی نەتەوەیدا و پشتیوانیی لێکردووە. بەو هۆیەوە دۆستایەتیی عەبدولڕەزاقی برادەرمان لەگەڵ حیزبەکەمان و بەڕێوەبەرایەتییەکەماندا دروستبوو. لەبەر ئەوەی خۆیشی لە کۆمەڵگەی فەیلەییەکان بوو، لە نزیکەوە کاری بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگەی فەیلی دەکرد و بە بەردەوامی پشتیوانیی لە سیاسەتەکانی حیزبەکان دەکرد بۆ کۆمەڵگەی فەیلی.
کۆچی دوایی عەبدولڕەزاقی برادەرمان، کە لە هەموو ڕووییەکەوە خاوەنی ژیانێکی پڕاوپڕ لە تێکۆشان بوو، ئێمەی بە قوڵی غەمبارکرد. ئێمە بەو هەست و بیرکردنەوەیەوە، لە خودای گەورە داواکارین بە بەهەشتی بەرینی شاد بکات. سەرەتا خۆمان بە هاوبەشی خەمی بنەماڵە غەمبارەکەی و هەروەها خۆمان بە هاوبەشی ئازاری بەڕێوەبەران و هەموو ئەنجوومەن و ئەندام و لایەنگرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەزانین، بۆیە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، دۆستان و گەلەکەمان دەکەین.
#15-06-2018#