ئەم جەژنە هاتنی گەشتیارانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ هەرێمی کوردستان کەمیکردووە، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستانیش هۆکارەکەی بۆ حکومەتی ئێران دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، باجێکی زۆری خستووەتە سەر ئەو کەسانەی گەشت بۆ دەرەوەی وڵات دەکەن.
مەولەوی جەبار، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە (تۆڕی میدیایی ڕووداو)ی ڕاگەیاند: بەراورد بە جەژنەکانی دیکە، هاتنی گەشتیارانی ئێرانی بۆ هەرێمی کوردستان کەمیکردووە، چونکە حکومەتی ئێران باجێکی زۆری خستووەتە سەر ئەو کەسانەی گەشت بۆ دەرەوە دەکەن، ئەوەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ژمارەی گەشتیارانی ئێرانی بۆ هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەشدا، بڕیاری کردنەوەی ڕێگای هەولێر - کەرکووک هەنگاوێکی زۆر باش دەبێت بۆ زیادبوونی ژمارەی گەشتیاران، بەتایبەت لە وەرزی هاوین ڕۆژانە هاتنی گەشتیاران لە نێوەڕاست و باشووری عێراق بەردەوامدەبێت.
هاوکات سامان بەشارەتی، پەیامنێری ڕووداو لە سلێمانی باسی باجەکەی ئێرانی کرد و گوتی: ئەگەر هاووڵاتییەکی ئێرانی بیەوێت بۆ یەکەمجار سەردانی هەرێمی کوردستان بکات دەبێت 40 دۆلار بدات، بۆ دووەمجار دەبێتە 50 دۆلار و بۆ سێیەمجاریش دەبێتە 70 دۆلار، ئەمەش بڕە پارەیەکی زۆرە بۆ خەڵکی ئێران.
بەپێی ئامارەکانی دەستەی گەشتوگوزار، لە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی ئەمساڵدا تاوەکو 16ی مانگ، 127 هەزار گەشتیار ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.[1]
#18-06-2018#